حکومەتی دانیمارک پڕۆژە یاسایەک پێشکەش دەکات کە سووتاندنی قورئان یان دەقە ئاینیەکانی تر قەدەغە دەکات


حکومەتی دانیمارک ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند پێشنیاری یاسایەک دەکات کە سووکایەتیکردن بە هەر کتێبێکی پیرۆز لە دانیمارک نایاسایی بکات.

پیتەر هامێڵگارد، وەزیری دادی دانیمارک رۆژی هەینی، 25ی مانگی هەشت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "پڕۆژە یاساکە مامەڵەکردنی نەشیاو و نەگونجاو لەگەڵ ئەو شتانەی کە بۆ کۆمەڵگەیەکی ئایینی پیرۆزن و گرنگی ئایینییان هەیە، قەدەغە دەکات".

جەختیشی لەوە کردەوە کە "باسەکە بە تایبەتی باس لە سووتاندن یان لە ژێرپێخستنی ئەو کەلوپەلانە دەکات لە شوێنە گشتییەکاندا" و گوتیشی "بە پێی ئەو یاسا نوێیە، بکەرانی ئەو جۆرە کارانە ڕووبەڕووی سزای غەرامە یان تا دوو ساڵ زیندانیکردنیان دەبنەوە."

وەزارەتی داد ڕایگەیاندووە پڕۆژە یاساکە لە 1ی مانگی نۆ دەخرێتە بەردەم پەرلەمانتاران و "ئەگەر پێویست بکات پێش کۆتایی ساڵی پەرلەمان و پێش جەژنی کریسمس، پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت.

دانیمارک لە ساڵی 2006 دوای ئەوەی ڕۆژنامەیەک 12 کاریکاتێری پێغەمبەری بڵاوکردەوە، ڕووبەڕووی توڕەیی بەربڵاوی جیهانی موسڵمانان بوویەوە.

هەروەها چالاکانی دژە ئیسلام لە دانیمارک و سوید لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین نوسخەی قورئانیان سووتاند و لە ژێرپێیان خست. ئەو کارانە موسڵمانانی لە هەموو جیهان توڕە کرد و وڵاتانی موسڵمان داوایان لە دانیمارک و سوید کرد کە ئەم جۆرە کارانە قەدەغە بکەن.

حکومەتی سوید و دانیمارک سووتاندنی قورئانیان شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند بیر لە یاسای نوێ دەکەنەوە بۆ ڕاگرتنی ئەو کارانە. ڕەخنەگرانی ناوخۆ دەڵێن هەر بڕیارێک لەسەر ئەم بابەتە دەبێتە هۆی لاوازکردنی ئازادی ڕادەربڕین کە لە دەستوورەکەیاندا مسۆگەر کراوە.

سەرچاوە/ئەسۆشیەیتد پرێس