بەهۆی "کەمتەرخەمی" و "بێ پارەیی" 4 ساڵە ڕووفاتی 171 ئەنفالکراو لە بەغدا ناهێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان

دیارە ئازاری دەیان ساڵ لە چاوەڕوانی بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بزانن خۆشەویستانیان ماون یان نەماون بەس نەبوو. تەنانەت دوای دۆزینەوەی ڕووفاتەکانیان لە بیابانەکانی باشوری عێراق، ئێستا ماوەی 4 ساڵە ڕووفاتی 171 ئەنفالکراو لە ساردکەرەوەکانی پزیشکی دادی بەغدان و نەگەڕێنراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

لەکاتێکدا کەس و کاری ئەنفالکراوەکان حکومەتی هەرێم بە "کەمتەرخەمی" لە هێنانەوەیان تۆمەتبار دەکەن، بەرپرسانی وەزارەتی شەهیدان دەڵێن دواکەوتنەکە بەهۆی ئەوەیە کێشە لەسەر شوێنی ناشتنیان هەیە چونکە خەڵکی گەرمیان و چەمچەماڵ خۆیان بە خاوەنی ڕووفاتەکان دەزانن و ناسنامەی قوربانیانیش تا ئێستا پشکنینی دی ئێن ئەی یان بۆ نەکراوە.

دانا ئەمین، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکومەتی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کەمێک گرفت لەسەر شوێنی ناشتنی ڕووفاتەکان هەیە، چونکە گەرمیان و چەمچەماڵیش خۆیان بە خاوەنی ڕووفاتەکان دەزانن. تەنها ماوەتەوە ئەوە یەکلایی بکرێتەوە کە ئەنفالکراوەکان خەڵکی کام ناوچەن، دواتر دەهێنرێنەوە."

وتیشی، "حکومەتی هەرێم ماوەی ساڵێکە پاڵپشتی دارایی دابینکردووە بۆ هێنانەوەی ڕووفاتەکان. تەنها بڕیاردان ماوە بۆ هێنانەوەیان."

شوان محەمەد ڕۆستەم، ئەندامی لیژنەی کاروباری شەهیدان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ”بە پێی یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2015 هەموار کراوی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، بەرپرسیارێتی پزیشکی دادی بەغدایە پشکنین بۆ ڕووفاتەکان بکات و سامپڵی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراو وەربگرێت، بەڵام ئەوان موماتەڵە دەکەن؛ جارێک دەڵێن پارە نییە و هەر جارێک شتێک دەڵێن."

بۆ وەرگرتنی ڕای فەرمی حکومەتی عێراق لەم بارەوە، دەنگی ئەمەریکا چەندن جار پەیوەندی کرد بە باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.

ئەو 171 ڕووفاتە لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا لە پارێزگای سەماوە لە ساڵی 2019 دەرهێنران و لەوکاتەوە ڕووفاتەکان لە پزیشکی دادی بەغدا دانراون.

لەو گۆڕانەی کە ڕووفاتی ئەنفالکراوەکانی تێدا دەرهێنراوە، هەندێک ناسنامەی ئەنفالکراوەکان دۆزراونەتەوە. بەگوێرەی سالار مەحمود، نوسەری بواری جینۆساید و ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق، ناسنامەکان دەریدەخەن بەشێک لە قوربانییەکان خەڵکی ناوچەی شوانی نزیک قەزای چەمچەماڵن.

سالار مەحمود، نوسەری بواری جینۆساید و ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە وەتەی ئێسک و پروسکی ئەنفالکراوەکان دۆزراونەتەوە، سێ وەجبە لە قوربانیانی ئێزدی پشکنینیان بۆ کراوەو بە ڕێزەوە براونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و بە خاک سپێردراون. کەچی ڕووفاتی ئەو 171 ئەنفالکراوە ناهێنرێنەوە."

سالار مەحمود مانەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوەکان لە پزیشکی دادی بەغدا بە "شورەیی" بۆ حکومەتی هەرێم وەسفدەکات، دەڵێت، "خانەی پزیشکی بەغدا ڕێوشوێنەکانی خۆی ئەنجامداوە و جیاکردنەوە و ژمارەبەندییان بۆ ڕووفاتەکان کردووە. گەر بیانووی نەهێنانەوەیان پشکنینی دی ئێن ئەی بێت، کەس دەستی حکومەتی عێراق و هەرێمی نەگرتووە. دەتوانن ئەڵقەیەک لەو ناوچانە جیا بکەنەوە کە کەس و کاری ئەنفالکراوەکانی تێدا دەژی و پشکنین دەست پێبکەن."

ڕۆژی یەکشەمەی ڕابردوو، بەشێک لە کەس و کاری ئەنفالکراوەکان لە سەر مەزاری ئەنفالکراوەکان لە گوندی دێبنەی گەرمیان گردبوونەوە و داوای هێنانەوەی ڕووفاتەکانیان کرد.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بە عس لە ساڵی 2003، تا ئێستا چەند گۆڕێکی بە کۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و بە گوێرەی ئەو ئامارەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە تا ئێستا 1669 ڕووفاتی ناو ئەو گۆڕانە هێنراونەتەوە بۆ ناوچەکانی کەلار، بارزان و چەمچەماڵ و دواتر بەخاک سپێردراون.

ئەحمەد مەجید، ئەندامی ڕێکخراوی داکۆکیکردن لە کەس و کاری ئەنفالکراوەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"هەوڵێکی زۆرماندا" بۆ هێنانەوەی ڕووفاتەکان بەڵام تا ئێستا هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوون.

ئەحمەد مەجید دەڵێت، "دوو گۆڕی تری بە کۆمەڵ لە تەنیشت ئەو گۆڕە هەڵدراوەدایە کە 171 ڕووفاتەکەی لێدەرهێنرا. نەهێنانەوەی ئەم ڕووفاتانە هۆکارن بۆ هەڵنەدانەوەی ئەو دوو گۆڕەی تریش."

بەگوێرەی ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق، سالار مەحمود، نزیکەی 270 گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوەکان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق هەن و بەشێکیان جێگەکانیان دەستنیشانکراوە. بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە بۆ هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانەو دەرهێنانی ڕووفاتەکانی ناویان.

سالار مەحمود دەڵێت، "10 گۆڕی تری بە کۆمەڵ دەستنیشانکراون بۆ هەڵدانەوە، بەڵام خانەی پزیشکی بەغداو تیمی هەڵدانەوەی گۆڕەکان کۆک نین لەسەر هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە و دەڵێن تا ئەم ڕووفاتانە نەبرێتەوە، ئەوان دەستناکەن بە هەڵدانەوەی گۆڕی تر."

هەروەها وتیشی،"ئێستا پرۆسەی شێواندنی گۆڕە بە کۆمەڵەکانیش لە ئارادایە. ئەو ناوچانەی گۆڕی بە کۆمەڵیان تێدایە لە خوارووی عێراق کراون بە کشتوکاڵ و خەریکە شوێنەواری گۆڕەکان بەتەواوەتی ون دەبن."

سالار مەحمود پێیوایە حکومەتی عێراق و "شۆڤێنیەتی عەرەبی" نایانەوێت گۆڕە بە کۆمەڵەکان هەڵبدرێنەوە، چونکە توشی "ئیحراجی"دەبن و هەستیان بریندار دەبێت، بە تایبەت ئەو گۆڕانە شاهێدن لەسەر مەزڵومییەتی کورد."

ئەمڕۆ 25/8/2023 يادى 35 ساڵی ئه‌نفالى بادينان بوو. لە بەیاننامەیەکدا بەم بۆنەوە، سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند حكومه‌تى عێراق "ده‌بێ ئه‌ركى خۆى بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى خێزان و كه‌سوكارى قوربانييان جێبه‌جێ بكات و له‌ ئێش و ئازاريان كه‌م بكاته‌وه‌."

سەرۆکی حکومەتی هەرێم مەسرور بارزانیش ڕایگەیاند، "جێگەی داخ و نیگەرانییە، تا ئێستا ماددەی 132ی دەستوور جێبەجێ نەکراوە، کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی رژێمی بەعسی عێراق."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر