جۆو بایدن: ئەمەریکا تاکە وڵاتە لەسەر بنەمای یەکسانی مرۆڤەکان دامەزراوە

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بە بۆنەی ڕۆژی نیشتمانی یەکسانی ژنان، لە ماڵپەڕی فەرمی کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

ڕۆژی شەممە 26ی مانگی هەشت هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی هەمواری 19هەمین دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 1920 کە مافی دەنگدانی بە ژنان لە سەرانسەری ئەمەریکادا بەخشی.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بەیاننامەکەیدا نووسیوێتی "ئەمەریکا تاکە وڵاتە لە جیهاندا کە لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە کە هەموو مرۆڤەکان وەک یەک دروستکراون و شایەنی ئەوەن بە درێژایی تەمەنیان بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە "هەرچەندە ئێمە هەرگیز بە تەواوی ئەو بیرۆکەیەمان وەک خۆی جێبەجێ نەکردووە، بەڵام هەرگیز دەستبەرداری نەبووین".

جۆ بایدن سوپاسی ئەو کەسانەی کرد کە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە زۆر ماندوو بوون و گوتی "لە ڕۆژی یەکسانی ژناندا، پێشەنگەکانی 'مافی دەنگدانی ژنان' یاد دەکەینەوە کە لە دەیان ساڵ خەباتیاندا خۆڕاگر بوون بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان بو ژنانی ئەمەریکایی."

گوتیشی" ئێمە پێزانین و دەست خۆشی لە ژنانی ئەمەریکایی داکۆکیکار و پاڵەوان دەکەین کە لەو کاتەوە تاکو ئیستا لەم رێگا درێژخایەنەدا بۆ یەکسانی بەردەوام بوون و لەم ڕۆژەشدا پابەند بوونی خۆمان دووپات دەکەینەوە بە داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموو کچان و ژنانی ئەمەریکا و وڵاتەکەمان".

هەموارکردنی نۆزدەهەمین دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 1920 واتە 103 ساڵ لەمەوبەر پەسەندکرا، بەڵام دەیان ساڵی خایاند تا ژنانی ڕەش پێست ڕێگەیان پێدرا دەنگ بدەن.

بایدن سەرەڕای ئاماژەدان بەو پرسە گوتی "هێشتا شتی زیاتر ماوە کە بکرێت، بەتایبەتی بۆ ژنانی ئەفریکایی-ئەمەریکایی کە زۆربەیان بۆ ماوەی چوار دەیەی دیکە خەباتیان کردووە بۆ مافی دەنگدان پێش ئەوەی یاساکە لە ساڵی 1965 پەسەند بکرێت."

ئاماژەی بەوەشکرد و گوتی "لە ئەمڕۆشدا ژنان ڕووبەڕووی هەڵاواردن دەبنەوە. هەڵاواردن و مەترسی لەسەر تەندروستی و سەلامەتییان، هەروەها هەڵاواردن و جیاوازی لە مووچە و دەستڕاگەیشتنیان بە پێداویستیە تەندروستیەکان و زۆرجار ئەم هەڵاواردنە بۆ ژنان و کچانی ئەفریکایی-ئەمەریکایی بەرچاوترن."

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە تایبەتی باسی لە ساڵی ڕابردوو کرد کە تێیدا دادگای باڵای ئەمەریکا مافی لەباربردنی منداڵی لە بازنەی مافە دەستوورییەکان لابرد.

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو کارە مافی ژنانی بۆ بڕیاردان لەسەر جەستەی خۆیان نەهێشت و تەندروستی و ژیانی ژنانی خستە مەترسییەوە."

لە بەیاننامەکەدا جۆو بایدن جەختی لە پاراستنی ئاسایشی ئابووری ژنان و ئاسایش لە شوێنی کار و دەستڕاگەیشتن بە دەرفەتی یەکسان کردەوە.

سەرۆک کۆمار لە بەیاننامەکەدا گوتی "یەکسانی بە واتای دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئابووری ژنانیش دێت و من دڵخۆشم کە لەوەتەی دەستبەکاربووم، 13 ملیۆن هەلی کاری نوێمان زیادکردووە بۆ ئابوورییەکەمان، کە خراوەتە خزمەتی ژنانەوە."

خاڵێکی گرنگی دیکە کە لەم بەیاننامەیەدا ئاماژەی پێکراوە، ئاسایش و پاراستنی جەستەی ژنانە لە ماڵ و شوێنی کار و سوپا و شوێنە گشتییەکانی دیکە.

بایدن جەختی لەوە کردەوە کە "دەبێت ئاسایش و پاراستنی جەستەی ژنانیش مسۆگەر بکەین"و گوتی " من یاسای توندوتیژی دژی ژنانم کاتێک نووسی کە سیناتۆری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووم بۆ ئەوەی نەک تەنها یاساکان بگۆڕم، بەڵکو بۆ گۆڕینی ئەو کولتوورە کە ڕێگەی بە توندوتیژی خێزانی و دەستدرێژی و جۆرەکانی تری توندوتیژی جێندەری لە ئەمەریکا دەدا. ئەو کات وەک جێگری سەرۆک، و ئێستاش وەک سەرۆک جەخت لە بەهێزکردنی ئەو یاسایە دەکەمەوە."

سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتاییدا گوتی "ئەمساڵ یادی 100 ساڵەی هێنانەکایەی هەمواری مافی یەکسانیش دەکەینەوە و گوتی بەردەوام دەبین لە خەباتکردن بۆ یەکسانی جێندەری.