ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، هیچ لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا بکات، چونکە دادگاکانی هەرێمی کوردستان سەربەخۆن.
دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە هەرێمی کوردستان دادگاکان دەسەڵاتی سەربەخۆن و بڕیاری یاسایی خەسڵەتێکی تایبەتمەندە بە جومگەی هەرەمی دادوەری و هیچ لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری دادگا بکات."
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International )، داوای لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە،"دەستبەجێ هەردوو ڕۆژنامەنوس ( گوهدار زێباری و شێروان شێروانی ) ئازاد بکەن."
گوهدار زێباری و شێروان شێروانی، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 ەوە دەستگیرکراون. بڕیار بوو لە 9 ی ئەیلول شێروان شێروانی ئازاد بکرێت، بەڵام تۆمەتی "ساختەکردنی واژۆی" هاوڕێکانی درایە پاڵ و بە 4 ساڵ زیندانیکردنی تر سزا درایەوە.
گوهدار زيباریش لە 16 ی ئاب وادەی سزاکەی تەواو کردو بڕیاربوو ئازاد بکرێت، بەڵام تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەتی دراوەتە پاڵ و بڕیارە بەو تۆمەتەش دادگایی بکرێتەوە.
دیندار زێباری، دەڵێت،" لەناو ئۆتۆمبێلی گوهدار دەستگیراوە بەسەر چەک و تەقەمەنی، بۆیە بە پێی یاسای چەک دۆسیەی بۆ کراوەتەوە."
هەروەها وتیشی،"بە پێی یاسای چەک، هەرکەسێک بەبێ مۆڵەت چەکی پێ بگیرێت ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردن یان پێ بژاردن دەبێتەوە. دۆسیەی گوهدار هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند نەکراوە بۆ دادگاییکردنی."
دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینان تەنها وەکو پرسێکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان نەماوەتەوە، بەڵکو بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، دەسەڵاتدارانی بەهەرێم بە دروستکردنی دۆسیەی "ساختە" بۆ ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانە تۆمەتبار دەکەن.