سەرچاوەیەک بۆ VOA: حکومەتی هەرێم  بە کۆمەڵە و دیموکراتی گوتووە لە ماوەی 15 ڕۆژدا سنوورەکان چۆڵ بکەن

پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

سەرچاوەیەک لە حزبەکانی کوردستانی ئێران بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم نوێنەرانی حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی بانگکردووە و پێیڕاگەیاندوون "بەپەلە" لە ماوەی 15 ڕۆژدا هێزەکانیان لە ناوچە سنوورییەکان بکشێننەوە و خۆیان ئامادە بکەن بۆ چوونە ناو کامپ.

سەرچاوەکە ئاگادارەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاند، "ئەو کامپەی بۆ حزبە کوردییەکان دروست دەکرێت لەلایەن عێراق و هەرێمەوە سەرپەرشتی دەکرێت و یوئێن چاودێری دەکات، بەڵام هێشتا پێمان نەوتراوە شوێنی کەمپەکە کوێیە. داواشکراوە دیاردەی چەکداری نەهێڵین، واتە دەیانەوێت ئاشبەتاڵمان پێبکەن."

سەرچاوەکە وتیشی، " حکومەتی هەرێم پێیوتین لە ژێر فشاردان. ئێمەش کەوتووینەتە نێو دووڕیانێک، نە دەتوانین بە حکومەتی هەرێم بڵێین باش نە دەشتوانین بڵێین نەخێر. هەر دوو باڵەکەی کۆمەڵە لەچەک داماڵراون، تەنها هێزەکانی سەر سنوور چەکدارن. دەبێت لەماوەی 15 ڕۆژدا ئەوانیش سنوورەکان چۆڵ بکەن."

هەروەها هۆشداری دا،"سەرکردە بەتەمەنەکان ڕەنگە بڕیارێک بدەن بەدڵی فەرماندە گەنجەکان نەبێت، بەڵام دڵنیام ڕەوتێک یاخی دەبن و دەڕۆنە شاخەکان."

بەڵام عەبدوڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران، دیاریکردنی ئەو وادەیەی ڕەتکردەوە و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕێککەوتن لە نێوان عێراق و ئێراندا ئەنجامدراوە بۆ حەزەر خستنە سەر ئەو حزبانەی دژی ئێرانن. دۆخەکەش ئاساییە و هیچ فشارێکی ئێران لەسەر هەرێم نییە."

هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی ڕای فەرمی وتەبێژی حکومەتی هەرێم پێشەوا هەورامی و بەرپرسانی حزبی دیموکرات بێئەنجام بوون.

تا ئێستا بە وردی شوێنی جێگیرکردنی ئەندامانی حزبە کوردییەکان دیار نییە پاش لە چەک داماڵینیان.

خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان، دەڵێت ئێران دەیەوێت بگوازرێنەوە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم تا "هەرکات بیانەوێت بمانکوژن." دەشڵێت، کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیش لە ئاست ئێران بێدەنگە.

خەلیل نادری بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەیانەوێت بمانبەنە ناوچەکانی موسڵ، ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی عێراقدان. ئەگەر بیانەوێت وەکو موجاهیدینی خەڵقمان لێبکەن، ناچارین بگەڕێینەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان."

لە مانگی 3ی ئەمساڵدا، هەریەک لە عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران و قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕێکەوتنامەی ئاسایشی نێوان هەردوو وڵاتیان واژو کرد. بەشێک لە ڕێکەوتنەکە پەیوەندی بە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگرتن بوو لە چالاکی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان.

بەرپرسانی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار ئاماژەیان بەوە کردووە کە 19/9/2023 دوا وادەیە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق لە ژێر ڕۆشنایی ڕێکەوتنەوکە حزبەکانی کوردستانی ئێران چەک بکات و لە سنوور دوریان بخاتەوە.

ڕۆژی دووشەمە، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕەتیکردەوە ئێران ئەو وادەیە درێژبکاتەوە.

ئەمجەد پەناهی، ئەندامی کۆمیسیۆنی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕەتیکردەوە بچنە ژێر باری گوشارەکان و چەک دانانی بە "هێڵی سور" ناوبرد.

بەرپرسەکەی کۆمەڵە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"20 ساڵە چەکەکانمان بێدەنگ کردووە و لە دۆخی هەرێم تێدەگەین. هیوادارین حکومەتی هەرێمیش لە دۆخی ئێمە تێبگات. ئێمە سنوورەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارناهێنین...ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕە لە ئاژاوە. چەک دانان بۆ ئێمە مەترسیدار و هێڵی سورە."

پێشتر بەرپرسانی باڵای ئێرانی هەڕەشەی ئەوەیان کردووە بە "بەهێزتر" ئۆپەراسیۆنەکانی دژی حزبە کوردییەکان دەستپێبکەنەوە ئەگەر حکومەتی عێراق و هەرێم داواکاریەکانی ئێران جێبەجێ نەکەن.

عەبدوڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران لە مەترسی هەڕەشەکانی ئێرانی کەمکردەوە و ڕایگەیاند، "ئەوان بەردەوام ئەو قسانە دەکەن، بەڵام دۆخەکە ئاساییە و هیچ شتێک لە ئارادا نییە."