هەسەدە هۆکاری دوورخستنەوەی ئەبو خەولا ڕادەگەیەنێت و هۆز و خێڵەکانی دێرەزۆریش 12 ڕۆژ دەدەن بە هەسەدە بۆ ئازادکردنی سەرکردەکانیان

ئەمڕۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکی نووسراودا ڕایگەیاند، فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزۆر، ئەحمەد ئەلخەبیل ناسراو بە ئەبو خەوڵا لە کارەکەی دوورخرایەوە.

گوتیشی "دوای چاودێری و ڕاپۆرتەکان و گازندە لەلایەن ڕای گشتی، بەپێی فەرمانی دەستبەسەرکردنی داواکاری گشتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەنجومەنی سەربازی دێرەزۆر بڕیاریدا بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی لەشکری هەسەدە بڕیاری دا ئەحمەد ئەلخەبیلی لە ئەرکی فەرماندەیی ئەنجومەنەکە دووربخرێتەوە."

هەسەدە دەڵێت ئەلخەبیل تاوان و پێشێلکاری زۆری ئەنجامداوە، هاوکاری لایەنە دژبەرە بیانییەکانی کردووە، تاوانی دژی خەڵک ئەنجامداوە و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە.

بەیاننامەکەی هەسەدە ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەل خەبیل ئاسایشی ناوچەکەی بە خراپ بەڕێوەبردوەو ڕۆڵی هەبووە لە زیادکردنی چالاکییەکانی تۆڕە نهێنییەکانی داعش و پێگەی خۆی بۆ بەرژەوەندی شەخسی و خێزانیی خۆی بەکارهێناوە.

هەسەدە ڕایگەیاند کە ٤ ئەندامی دیکەی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزۆریش لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، چونکە دەستیان لەو تاوان و پێشێلکاریانەدا هەبووە.

ماڵپەڕی چاودێری سوریایی دەڵێت لە بەیاننامەیەکی دەنگیدا هۆز وخێڵەکانی دێرەزۆر کاتێکی دیاریکراویان بە هەسەدە داوە و دەڵێن لە ماوەی 12 ڕۆژدا دەبێت سەرکردە دەستبەسەرکراوەکانی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزۆر ئازاد بکەن و هۆشداریش دەدەن ئەگەر لەو ماوەیەدا ئازادیان نەکەن ئەوا هۆز و خێڵەکان زەنگی هۆشداری گشتی دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕادەگەیەنن.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا داوا لە هاوپەیمانانی نێودەڵەتی کراوە دەستوەردان بکات بۆ ئازادکردنی سەرکردەکەیان.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هێزەکانی هاوپەیمانان هیچ لێدوانێکیان لەوبارەیەوە نەداوە.