کامانەن ئەو هێزە کوردییانەی ئێران داوای چەککردن و گواستنەوەیان لە هەرێمی کوردستان دەکات؟

قەڵای دیموکرات

سوپای پاسداران لە سەروبەندی ساڵیادی ژینا و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا جارێکی دیکە فشارەکان بۆ سەر حزبە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان چڕتر دەکاتەوە. هێرش و هەڕەشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بووەتە بابەتێکی گرنگی نێوان تاران و بەغدا.

ئەندامێکی ناوەندی بەڕێوەبەریی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەوتی و حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان نابێت لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران بۆ چەککردن و گواستنەوەی حزبە چەکدارەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی بێدەنگ و بێ هەڵوێست بن.

محەممەد نەزیف قادری ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گفتوگۆیەکی تەلەفوونی لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "ئێمە بە بەردەوامی ڕامانگەیاندووە کە خاکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی سەربازی لە دژی هیچ لایەنێک بەکارناهێنین و بۆیە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە هەر بیانوویەک بییەوێت هێرش بکاتەوە سەر بنکە و بارەگاکانی حزبەکان و سنوور و سەروەری عێراق و هەرێم پێشێلبکات، ئەوا نابێت عێراق و هەرێم و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت هێزە هاوپەیمانەکان و ئەمەریکا بەرامبەر بەو کارەی ئێران بێدەنگ بن."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی دووشەممە 28ی مانگی هەشت بە ئاماژەدان بە ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان ئێران و عێراق سەبارەت بە چەککردنی لایەن و گروپە چەکدارەکانی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان، گوتی "دوا وادە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە 19ی مانگی نۆیە و ئەم وادەیەش بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە."

ناسر کەنعانی ئاماژەی بەوەشکردوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران چاوەڕێ دەکات حکومەتی عێراق ئەو گرێبەستە بەتەواوەتی جێبەجێ بکات و بەڕێوەی ببات. گوتیشی "پرسی ئاسایش بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر گرنگە و لە بەرامبەر ئەم پرسەدا کەمتەرخەم نابین و بۆیە لە کۆتایی ماوەی دیاریکراودا ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکرێت، ئێمە خۆمان بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی وڵاتەکەمان هەنگاوی بۆ هەڵدەگرین."

‏ خالید عەزیزی، گوتەبێژی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێک لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێران ئینتێرنەشناڵ سەبارەت بە دوایین هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاندوە کە کۆماری ئیسلامی بە دوای بیانوویە و دیەوێت ڕای گشتیی خەڵکی ئێران بەلاڕێدا ببات و لە ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینا وەک بیانوویەک کەڵک لەو پرسە وەربگرێت بۆ ئەوەی قەیرانە سیاسییەکانی نێوخۆی پێ دابپۆشێت.

هەر لەسەر ئەم پرسە بەرپرسێکی حکومەتی عێراق کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕێککەوتنی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ ئێرانی بۆ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس پشتڕاستکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە "حکومەتی ناوەندی عێراق لە هەوڵی گواستنەوەی ئەو حزبانەدایە بە زووترین کات و پێویستە ئەو کارەش بە ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و سلێمانی ئەنجام بدرێت."

هەرچەندە ئەم سەرچاوەیە ناوی ئەو گروپ و حزبانەی نەخستووەتەڕوو، بەڵام ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەتی عێراق بەنیازە تا 19ی مانگی نۆ ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکات و حزبەکان بگوازێتەوە بۆ ناو کەمپێک و لە چەک دایانماڵێنێت.

حزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران، دوای چەند دەیە خەباتی چەکداری، وردە وردە چالاکییە سەربازییەکانیان سنووردار کردووە و لە نەوەدەکانەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق ڕێککەوتنێکی نەنووسراویان کردووە کە ئەگەر چالاکی سەربازی نەکەن ڕێگەیان پێدەدرێت لەو وڵاتە بمێننەوە و دڕێژە بە چالاکی سیاسی خۆیان بدەن.

یەکێک لەو حزبانە، حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە وەک کۆنترین حزبی سیاسی کوردی ئێران بە بەردەوامی جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کەڵک وەرناگرێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لەو حزبانەیە کە بە زۆری ڕووبەڕووی هەڕەشە و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێتەوە.

حزبەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و پارتی ئازادیی کوردستان ئەو حزبانەی دیکەن کە بنکە و بارەگاکانیان لە هەرێمی کوردستاندایە و لە لایەن ئێرانەوە چەندین جار کراونەتە ئامانج و لە ئێستاشدا داوای چەککردن و گواستنەوەیان دەکرێت

تا ئێستا بە وردی شوێنی جێگیرکردنی ئەندامانی حزبە کوردییەکان و ئەو کەمپەی باسی لێوە دەکرێت نەخراوەتە ڕوو. محەممەد نەزیف قادری دەڵێت "ئێمە هیچ زانیارییەکمان سەبارەت بەو کەمپە نییە و نە حکومەتی عیراق و نە هەرێمی کوردستانیش هیچ شتێکیان سەبارەت بەو کەمپە لەگەڵ ئێمەدا باس نەکردووە و ئێمە ئەو کەمپەی ئەوان باسی لێوە دەکەن، ڕەتیدەکەینەوە."

دەشڵێت " ئێمە کەمپی خۆمانمان هەیە و ئەوەی لە کەمپەکەدا دەژیت، کارمەندی هەرێمی کوردستان و خوێندکار و خەڵکی مەدەنین و هەڕەشە و پێشێلکارییەکانی ئێران هیچ پاساوێک هەڵناگرێت."

بەڵام خەلیل نادری، گوتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە ئێران دەیەوێت ئەندامانی حزبەکان بگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی موسڵ لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و بۆ ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی عێراقدان.

لە لایەکی دیکەوە ئەو بەپرسە عێراقیەش لە لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس ئامادەنەبووە زانیاری زۆرتر لەسەر شوێنی گواستنەوەکە بخاتەڕوو، بەڵام ئاماژەی بەوەداوە کە شوێنەکە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێت.

محەممەد نەزیف قادری سەبارەت بە هەڵوێستی پارتەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت "هەم پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و هەم یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرامبەر بە حزبەکانی ڕۆژهەڵات هەڵوێستیان باش و نەتەوەیی بووە و ئەوان دەزانن داواکارییەکانی ئێران عەقڵانی نییە و بە خۆشحاڵییەوە تاکو ئێستا هەڵوێستێکی خراپیان نەنواندووە کە وابکات هەستی خەڵکەکەمان بریندار بێت."

هەر لەم پێوەندییەدا، سەڵاح بایزیدی، نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند و گوتی "بە بۆچوونی ئێمە ئەم لێدوان و گوشارانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ سنووردارکردنی چالاکییە سیاسییەکانی حزبە کوردییەکانی ئێران پرسێکی نوێ نییە و لە ساڵی 2003ەوە دەستیپێکردووە."

گوتیشی "هێرشی مووشەکی و تیرۆرکردنی چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی کوردی ئێران ساڵانێکە بەردەوامە و لەئێستادا و ساڵێک دوای شۆڕشی ژینا، کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرهەڵدانی دوبارەی گشتی خەڵک دەترسێت و بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی کوردستان وەک خاڵی دەستپێکی ئەو شۆڕشە، بە گوشار خستنە سەر حزبە کوردییەکان، هەوڵدەدات سەرهەڵدانی گشتیی ئێرانییەکان ببەستێتەوە بە هێزە دەرەکییەکانەوە."