موسڵمانان ئێستا بەبێ مۆڵەت دەتوانن لە مزگەوتەکانی نیویۆرک بە بڵندگۆ بانگ بدەن

بەپێی ئەو ڕێنماییانەی کە ڕۆژی سێشەممە لەلایەن سەرۆکی شارەوانی شاری نیویۆرک ئێریک ئادەمسەوە ڕاگەیەندرا، موسڵمانان دەتوانن بە ئازادیەکی زیاتر لە شاری نیویۆرک لە مزگەتەکان بانگ بدەن.

ئادەمس ئاماژە بەوە دەکات، بەپێی یاسا نوێیەکە، مزگەوتەکان پێویستیان بە مۆڵەتی تایبەت نابێت بۆ بانگدان لە کاتی نوێژەکاندا، یان لە ڕۆژانی هەینی بۆ ئەنجامدانی نوێژی هەینی بە کۆمەڵ، هەروەها لە مانگی ڕەمەزانیشدا کاتێک موسڵمانان بۆ بەربانگ و ڕۆژو شکاندن ڕوو لە مزگەوتەکان دەکەن.

ئادەمس گوتی نووسینگەی کاروباری کۆمەڵایەتی بەشی پۆلیس لەگەڵ مزگەوتەکان کاردەکات بۆ گەیاندنی ڕێنماییە نوێیەکان و دڵنیابوون لەوەی کە ئەو ئامێرانەی بۆ پەخشکردنی بانگدان بەکاردەهێنرێن لەسەر ئاستی پێوانەیەکی گونجاوی دەنگ دانراون.

ئادەمس دەڵێت "بۆ ماوەیەکی زۆر هەستێک هەبوو کە کۆمەڵگاکانمان ڕێگەیان پێنەدراوە بۆ کاتی نوێژکردن بانگ بدەن". بەڵام ئەمڕۆ بە ڕوونی دەڵێین مزگەوت و شوێنەکانی عیبادەت دەتوانن بە ئازادی لە کاتی نوێژەکان بانگ بدەن، لە ڕۆژانی هەینی و لە مانگی ڕەمەزانیشدا بەبێ ئەوەی پێویستیان بە مۆڵەت هەبێت.

بانگدان لە کاتی نوێژەکاندا دەنگێکی ئاشنایە لە وڵاتانی زۆرینەی موسڵمان، بەڵام لە ئەمەریکا بە دەگمەن دەبیسترێت.

بەرپرسانی شاری مینیاپلس ساڵی ڕابردوو بوونە مانشێتی ڕۆژنامەکان کاتێک ڕێگەیان بە مزگەوتەکان دا بە ئاشکرا بانگ بدەن.

عەفاف ناشر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لقی نیویۆرک لە ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسلامی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "بانگدان تەنها بانگەواز نیە بۆ نوێژکردن، بەڵکو ئەمە بانگهێشتێکە بۆ یەکڕیزی و بیرکردنەوە و کۆمەڵگا. ئێمە پێمان وایە ئەم کارە یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشتر تێگەیشتن لە بەها و نەریتەکانی کۆمەڵگەی موسڵمانان."

سومەیا فەیروزی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئیسلامی ئایدیاڵ لە شاری کوینز دەڵێت" یاسا نوێیەکانی شاری نیویۆرک پەیامێکی ئەرێنی بۆ خوێندکارەکانی دەنێرن."

فەیروزی گوتیشی "منداڵەکانمان کاتێک گوێیان لە بانگ دەبێت، بیریان دێتەوە کە کێن و هەبوونی ئەو دەنگە لە گەڕەکێکی شاری نیویۆرکدا وایان لێدەکات هەست بەوە بکەن بەشێکن لە کۆمەڵگەیەک کە دانی پێدا نراوە."

ئادەمس کە دیموکراتە، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سەرکردە ئاینییە جۆراوجۆرەکاندا هەیە و ڕۆڵی ئایینی لە ژیانی گشتیدا بەرەوپێش بردووە.

ئەو هەندێک جار ئازادیخوازانی مەدەنی نیگەران کردووە و دەڵێت باوەڕم بە جیاکردنەوەی کڵێسا و دەوڵەت نییە.

سەرچاوە: ئەسۆشیەیتد پرێس