عێراق دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆری ماددە هۆشبەرەکان ڕادەگەیەنێت

هێزە ئاسایشییەکانی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند، دەستیان بەسەر 15 تۆن ماددەی هۆشبەری نایاسایی و دەرمانی قاچاخ و ماددەی کیمیاییدا گرتووە و دوو کەسیشیان دەستگیرکردووە.

ئەوان دەڵێن ئەو پێکهاتە کیمیاییانەی لە بەغدا دەستیان بەسەردا گیراوە بۆ دروستکردنی کریستاڵ میت و کاپتاگۆن بەکاردەهێنرێن ئەو دوو ماددە هۆشبەری کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەکارهێنانیان لە عێراق زیادیکردووە.

وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، دەستبەسەرداگرتنی ئەو ماددە هۆشبەرانە لە گەڕەکێکی ئاست بەرزی پایتەخت ئەنجامدراوە.

ڕائید بیلال سوبحی، وتەبێژی ئەو یەکەیەی کە سەر بە وەزارەتەکەیە، دەڵێت "دوو تۆمەتبار دەستگیرکران و ڕووبەڕووی دادگا کرانەوە."

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دەستەیە دەستیان بەسەر "15 تۆن ماددەی هۆشبەر و پێکهاتە کیمیاییەکاندا گرتووە کە لە دروستکردنی دەرماندا بەکاردێن، لەگەڵ بڕێکی زۆر لە دەرمانی قاچاخ کە لە وەزارەتی تەندروستی تۆمار نەکراون".

سوبحی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو پێکهاتە کیمیاییانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بۆ دروستکردنی کاپتاگۆن کە دەرمانێکی دروستکراوی جۆری ئەمفیتامینە و کریستاڵ میت یان میتامفیتامین بەکاردەهێنرێت.

دەسەڵاتدارانی عێراق بەردەوام دەستبەسەرداگرتنی حەبی کاپتاگۆن ڕادەگەیەنن، کە زۆربەی جار دەڵێن لە سوریاوە هاتوون کە دابینکەری سەرەکی ماددە هۆشبەرەکانە بۆ بازاڕی نایاسایی لە سعودیە و وڵاتانی دەوڵەمەندی دیکەی کەنداو.

لە سەرەتای مانگی هەشتیشدا بەرپرسانی دادی عێراق دەستگیرکردنی بازرگانێکیان ڕاگەیاند کە 35 کیلۆ تلیاک و زیاتر لە نیو ملیۆن حەبی کاپتاگۆنی پێبووە.

سەرچاوە: فرانس پرێس