دوو ئەندامی گرووپێکی توندڕەو لە دۆسیەی هێرشکردنە سەر کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردنی درێژخایەن دەبنەوە 

دوای دوو ساڵ و نۆ مانگ لە هێرشی گرووپە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەمەریکا بۆ سەر کۆنگرێسی ئەو وڵاتە، دوو سەرکردەی پێشووی گرووپی توندڕەوی پڕاۆد بۆیز(Proud Boys) هەر یەکەیان سزای زیندانیکردنی دریژخەیانیان بەسەردا سەپێندرا.

لە دۆسیەی ئاژاوەگێڕی لە دژی دامودەزگا یاساییەکانی ئەمەریکا، جۆزێف بیگز، ڕێکخەری پڕاۆد بۆیز بە 17 ساڵ زیندانیکردن و زاکاری ڕێل، سەرکردەی گروپەکە بە 15 ساڵ زیندانیکردن سزا دران و ئەمەش دووەم و سێیەم درێژترین سزا بوون کە تا ئیستا لەسەر هێرشەکەی 6ی مانگی یەکی ساڵی 2021 دەرچوون.

تیمۆتی کێڵی، دادوەری دۆسیەکە گوتی مەبەست لە ئاژاوەگێڕییەکان ڕێگریکردن بووە لە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لە دانۆڵد ترامپەوە بۆ جۆو بایدن لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 دا.


هێرشبەرەکانی سەر کۆنگرێس ئەو کەسانە بوون کە پاڵپشتی دانۆڵد ترامپیان کرد و سەرکەوتنی بایدنیان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بە ساختەکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناو دەبرد.

داواکاری گشتی داوای سزای 33 ساڵ زیندانیکردنی بۆ جۆزێف بیگز کرد بەهۆی ئەو ڕۆڵەی بینیبووی لە ڕێکخستنی هێرشەکان بۆ سەر کۆنگرێس، بەڵام بیگز "پەشیمانی" دەربڕی و بە دادگای ڕاگەیاند کە "تیرۆریست نییە" ، بۆیە سزاکەی کەمتر لەوە دەرچوو کە بۆی داواکرابوو.

ئەندامانی تۆمەتباری دیکەی گرووپەکە وەک ئێنریکی تاریۆ و ئیتان نۆردین و دۆمینیک پێزۆلا لەم دۆسیەیەدا تاوانبار کراون و بڕیارە هەفتەی داهاتوو سزاکەیان ڕابگەیەندرێت.

ئینریکی تاریۆی خەڵکی میامی کە سەرۆکی باڵای گرووپی پڕاود بۆیز بووە، ڕاگەیاندنی سزاکەی بە هۆی نەخۆشکەوتنی دادوەر کێڵی لە ڕۆژی چوارشەممەوە خرایە هەفتەی داهاتووەوە.

بە گشتی لە کۆی هەزار و 100 تۆمەتبار لە دۆسیەی ئاژاوەگێڕییەکانی سەر کۆنگرێس، 600 کەسیان تاکو ئێستا دادگاییکراون و سزا دراون.

جێی ئاماژەیە کە درێژەی دادگاییکردنەکانی تۆمەتبارانی هێرشەکەی سەر گۆنگرێس هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و دادگاییکردنەکانی دانۆڵد ترامپدا.

سەرچاوە/ئەسۆشیەیتد پرێس