ڕووداوەکانی 31ی ئاب لە بەڵگەنامەکانی حکومەتی ئەمەریکادا

هەرێمی کوردستان یادی 28 ساڵەی ڕووداوی 31 ی مانگی هەشتی 1996ی کردەوە کە تێیدا لە نێوان 30-40 هەزار سەربازی عێراقی لە گەرمەی شەڕی براکوژی نێوان پارتی و یەکێتی چوونە ناو شاری هەولێر.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکیدا ڕووداوەکەی بە خیانەت وەسفکرد کە "بیست و هەشت ساڵی تەواو بەسەر خیانەتی ٣١ی ئاب ،کارەساتی هەرە گەورەی ژیانی سیاسیی گەلەکەمان تێپەڕ دەبێت کە پەلاماردانی سوپای فاشستی بەعس بوو بۆ سەر هەولێری پایتەختی کوردستان، لەسەر بانگێشتی رەسمی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە پێناو سەپاندنی باڵانسێکی ناڕەوا."

دەشڵێت "لە ناو پرۆسەی سیاسیی وڵاتەکەماندا، کە دەکرا لە جیاتی سەپاندنی خیانەت و سەپاندنی هەژموونی نانیشتمانیی و نا نەتەوەیی، بە بانگەوازی کوردانە و پەرۆشییەکی ئاشتیخوازانەوە ناکۆکی ناوخۆیی چارەسەر کرابا و خوێن و خەمێکی زۆر بۆ گەلی کوردستان و ناوبانگی نێودەوڵەتی ئەزموونەکەمان کە لەسەرەتای دروست بوون و پێکهاتندا بوو، بگێردرابایەوە.."

لە وەڵامیشدا مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت حەقیقەتی 31 ی ئاب " (دفع الافسد بالفاسد) بوو."

بۆ حکومەتی ئەمەریکا، ئەم ڕووداوە ئەو کات کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر سیاسەتی واشنتن لە عێراق و ناوچەکە. ئەمانەی خوارەوە چەند بەڵگەنامەیەکی سەرەکی حکومەتی ئەمەریکان دەربارەی 31ی ئاب:

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی دەرەوە لە 31 ی مانگی هەشتی 1996

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری دایەرسبێرگی ویلایەتی تێنەسی زانیاری لەسەر جوڵەی هێزەکانی عێراقی بەرەو هەولێر بە ڕۆژنامەوانان دەدات. کۆنگرەکە بەر لە چوونی سوپای عێراقە بۆ ناو هەولێر. لە کۆنگرەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێشتر سەرۆک بێڵ کلنتن بەیاننامەیەکەی لەسەر پێشهاتەکە بڵاوکردۆتەوە و داوای کردووە خەڵکی ئەمەریکا "دوعای سەلامەتی" بۆ ئەو هێزە ئەمەریکیانە بکەن کە لە هەولێرن.

بەرپرسەکە کە لە بەڵگەنامەکەدا ناوی نەهاتووە، دەڵێت دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆک بێڵ کلنتن کۆبووەتەوە بۆ ڕاوێژکردن لەسەر بژاردەکانی ئەمەریکا بۆ وەڵامدانەوەی جوڵەکانی سوپای عێراق بەرەو هەولێر.

ئەو ڕەتی دەکاتەوە کە ئەمەریکا هیچ ئاماژەیەکی هەبێت بەوەی کە هێزەکانی عێراق بیانەوێت ناوچەی دژە فڕین ببەزێنن. بەڵام دەڵێت، "ڕەنگە هەستتان بەوە کردبێت کە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، هاوکات لەگەڵ چالاکیە سەربازییەکانی سوپای عێراق، شێوازی کارکردنی هێزەکانی ئەمەریکا و ئەو هێزە نێودەوڵەتییانەی لە گۆڕەپانەکەدا هەن گۆڕاوە، وە هەندێک گوڕان و گونجاندنیش کە پەیوەندیدارن بە فڕۆکە و کەشتیەکانەوە لە ئێستادا بەردەوامن."

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ، 2 ی مانگی نۆی ساڵی 1996

بەرپرسە باڵاکە دەشڵێت، "ئێمە نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار هاوکاریمان پێشکەش بە کوردەکان کردووە. لەگەڵ هەموو لایەنە جیاوازەکانی کورد کارمان کردووە بۆ ئەوەی هانیان بدەین بەوەی، یەکەم: دوژمنکارییەکانیان بەرامبەر یەکتر سنووردار بکەن؛ دووەم، هاوکاری بکەن لە بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژییەکانی سەدام حسێن و لە پێشخستنی ئامانجەکانی خۆیان لە ڕێگەی گرنگیدان بە کۆمەڵێک بابەتی وەکو بوژانەوەی ئابووری و هاوکاری مرۆیی بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی. سەختی ئەم دۆخەی ئێستا لەوەدا زەق بووەتەوە کە وا دیارە هەندێک هاوکاری هەیە لە نێوان چەند لایەنێکی سەربازی کورد و هێزە عێراقییەکاندا، هەر وەکو سەرۆک کۆمار لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی پێکردووە. کەواتە ئەمە تەنها بریتی نییە لە دۆخێک کە تەنها لەشکرکێشی هێزە عێراقییەکان هەبێت. پێدەچێت بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەندێک هاوکاری هەبێت لەگەڵ بەشێک لە هێزە کوردییەکان، ئێمە پێمان وایە ئەگەرێکی زۆری هەیە پەیوەندییان هەبێت بە (پدک) -- پارتی دیموکراتی کورد."

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەرپرسێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتی بێڵ کلنتن

هەر ڕۆژی 31 ی مانگی هەشتی 1996 ، بەرپرسێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دیکەدا دەڵێت هێزەکەی عێراق کە بەڕێکەوتووە بەرەو هەولێر پێکهاتووە لە 30-40 هەزار سەربازی پڕچەک کراو بە تانک و زرێپۆش و تۆپخانە، سەرەڕای ئەگەری هەبوونی موشەکی ئاسمانی.

بەرپرسەکە دەڵێت، "سەربازەکان تەقەمەنییان بۆ دابینکراوە کە ئەمە زۆر دەگمەنە، چونکە سەدام حسێن بە تەواوی متمانەی بە هێزی سەربازی خۆی نییە...هیچ ئاماژەیەکمان نەبینیوە کە پێشێلی [ناوچەی دژە فڕین دەکەن. بەڵام ئەمە دۆخێکی نائاساییە.... ئێمە لە ساڵی 1991ەوە ئەم جۆرە چالاکییە سەربازییەمان نەبینیوە... ئێمە چەندین جار هۆشداریمان بە عێراق داوە، لە نێوانیاندا سەرەتای ئەم هەفتەیە لە ڕێگەی نوێنەرایەتیمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگادارمان کردنەوە کە هەڵەیەکی زۆر جددی دەکەن ئەگەر دەستبکەنەوە بە هەر سەرکوتکردنێک بۆ سەر کەمینەی کورد لە باکوور. بەڵام سەرەڕای ئەو هۆشدارییەی ئێمە، هێز کۆکردنەوە تا ئێستا بەردەوام بووە. وە سەرۆکیش، وەک پێشتر ئاماژەم کرد، فەرمانی کردووە بە ئامادەکارییەکان بۆ هەر ڕووداوێکی نائاسایی و ئێمە ڕوونمان کردووەتەوە کە هەر ئۆپەراسیۆنێک دژی کورد بە بابەتێکی زۆر قورس و جدی دەزانین."
سەبارەت بە ئامانجی سەدام لەم جوڵە سەربازییە، بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتی کلنتن دڵنیا نین، چونکە پێی وایە سەدام بەم کارە ناتوانێت هێزی خۆی لە "باکوری عێراق" بچەسپێنێت.

بەرپرسەکە دەڵێت، " ئەوەی ئاگاداربین، هەندێک دەستوەردان هەبووە کە لە لایەن ئێرانەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بەرفراوان نییە و بە دڵنیاییەوە پاساوێک نییە بۆ هەر جووڵەیەکی بەم قەبارەیە. بەڵام تورکیا بەرژەوەندی لە باکور هەیە، ئێرانیش هەروەها، عێراقیش هەروەها. ئێران و عێراق لە بنەڕەتدا بە درێژایی چەندین ساڵ کوردیان وەکو پولی شەترەنج لە ناکۆکی خۆیاندا بەکارهێناوە."

بەیاننامەی سەرۆک کلنتن لە 3 ی مانگی نۆی 1996

سەرۆک کلنتن لە دەرکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا بە فەرمی کاردانەوە دەردەبڕێت، 3 ڕۆژ دوای ئەوەی هێزە عێراقییەکان دەچنە ناو هەولێر.

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە چەند سەربازێکی دیاریکراوی کشاندووەتەوە، بەڵام هەولێر هەر لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی عێراقدایە.

سەرۆک بێڵ کلنتن بەر لە پێشکەشکردنی بەیاننامەکەی، کۆشکی سپی ، 3 ی نۆی ساڵی 1996

سەرۆک کلنتن لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت، " ئەم کردەوانە پێویستیان بە وەڵامێکی توند هەیە و وەڵامیشیان وەرگرتووە. بەیانی ئەمڕۆ فەرمانم کرد بە هێزەکانی ئەمەریکا کە هێرش بکەنە سەر عێراق. مووشەکەکانمان ئەم پەیامەیان نارد بۆ سەدام حسێن: کاتێک گەلی خۆت دەچەوسێنیتەوە یان هەڕەشە لە دراوسێکانت دەکەیت دەبێت باجەکەی بدەیت. وا دیارە گروپێکی کوردی کە لە ڕابردوودا دژایەتی سەدامیان دەکرد، ئێستا بڕیاری هاوکارییان لەگەڵی داوە. بەڵام ئەوە ناتوانێت ببێتە پاساو بۆ ئەوەی سوپای عێراق بەربدرێتە دانیشتوانی سڤیلی شاری هەولێر. چەندین جار لە ماوەی هەفتە و مانگەکانی ڕابردوودا کارمان کردووە بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەستێکی بەردەوام لە نێوان لایەنە ناکۆکەکانی کورد. هێرشەکەی عێراق ئاگری ئەو ناکۆکییانە خۆشتر دەکات و هەڕەشەی ناسەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەکە دروست دەکات."

دوای لێدوانی سەرۆکی ئەمەریکا، ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا بڵاویانکردەوە کە 27 موشەک ئاڕاستەی هێزە عێراقیەکان کراوە لە باشووری عێراق. ڕۆژێک دوای ئەوە، کەشتیە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە کەنداو لە هێرشێکی تردا 17 موشەکیان ئاڕاستەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی باشوری عێراق کرد. هەروەها ناوچەی دژەفڕین لە باشور بە پانتایی نزیکی 97 کیلۆمەتر درێژکرایەوە تا نزیک بەغدا.

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی وتەبێژی کۆشکی سپی

هەر دوای لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا، وتەبێژی کۆشکی سپی مایک مککێری، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ئەمەریکا لە ڕۆژی 18 ی مانگی هەشتی 1996 وە سەرۆک کلنتنیان لە زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاگادارکردەوە سەبارەت بە ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی و ئەگەری تێوەگلانی هێزەکانی عێراق. وتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت ئەو کات ئەم ئەگەرە ڕوون نەبوو تا ڕۆژانی 25 و 26ی ئەو مانگە کاتێک گومانیان کەوتە سەر جوڵە سەربازییەکانی حکومەتی عێراق لە نزیک هەولێر، بە تایبەت دوای ئەوەی گاردی کۆماری عێراق بەشداربوو لە جوڵەکان.

مایک مککێری

مایک مککێری دەڵێت، " وەک زۆرێک لە ئێوە دەزانن، بە درێژایی ساڵی ڕابردوو زۆر بە زەحمەت کارمان کردووە بۆ ئەوەی ئەم دوو لایەنە کوردییە، پارتی دیموکراتی کورد و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پێکەوە کۆبکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەرەیەکی هاوبەش دژی سەدام حسێن پێکبهێنن. ئەوە پرۆسەیەکی سەخت و بە ڕوونیش تا ڕادەیەکی تراژیدی مەحاڵ بووە بەهۆی ناکۆکی و بەریەککەوتنی خۆیان. بەڵام ئێمە سەرەڕای ئەوەش، لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا کە لە 26 ئابەوە دەستیپێکرد بەردەوام بووین، بەردەوام بووین لە هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی هەردوو لایەن لە ڕێگەی ئەو دانوستانانەی کە لە لەندەن بەڕێوەچوون. ئێمە هەوڵمان دەدا دەستبەجێ ئاگربەستێک ببهێنینە کایە بۆ وەستاندنی شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی."

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا هاتووە کە پێش ڕووداوەکانی 31ی ئاب، یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆبەرت پێلێترو پەیوەندی بە مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی کردووە و بانگهێشتی کردوون بۆ ئەوەی لە لەندەن کۆبوونەوە بکەن یاخود نوێنەری خۆیان بنێرن بە مەبەستی ئاگربەست. هەرەوها ئەوە هاتووە کە گفتوگۆکان دەستیانپێکردبوو ئەو ڕۆژەی یەکەم کاروانی سەربازی عێراقی چووە ناو هەولێر.

سەبارەت بە وەڵامدانەوەکەی ئەمەریکا و هێرشە موشەکییەکانی، ڕۆژنامەنووسێک پرسیاری لە وتەبێژی کۆشکی سپی کرد کە بۆچی هیرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر باشوری عێراق بوون و ڕاستەوخۆ هێزەکانی عێراقیان لە هەولێر نەکردووەتە ئامانج. مایک مککێری لە وەڵامدا دەڵێت بەو هێرشانە بۆ سەر سیستەمی ئاسمانی باشوری عێراق ویستویانە "باڵەکانی سەدام حسێن" بقرتێنن بۆ ئەوەی نەتوانێت هێزی ئاسمانی لە هێرشەکەدا بەکاربهێنێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکا ویستویەتی خۆی دوور بگرێت لە پشتگیری لایەنێکی کوردی دژ بە لایەنێکی تر.

وتەبێژەکەی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، "با پێداچوونەوەیەک بکەین بەوەی تۆمارکراوە. ئێمە شتێکی بێ وێنەمان کردووە بۆ دانیشتوانی کورد لە باکوری عێراق. ئەوان لە دوای شەڕی کەنداوی فارس ڕووبەڕووی کارەساتی مرۆیی بوون. ئەمەریکا پێشەنگ بوو لە کۆکردنەوەی سەرچاوەکانی ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئارامی. ئێمە بە بەهای زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆییمان پێشکەش بە دانیشتوانی کورد کردووە و زۆر بە زەحمەت کارمان کردووە بۆ کۆکردنەوەی ئەم لایەنە ڕکابەرانەی دوو حزبە سیاسیەکە کە نوێنەرایەتی دانیشتوانی کورد دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن کار لەسەر پێداویستییەکانی خەڵکی سڤیلی خۆیان بدەن. ئەمە تراژیدیایە کە سەرکردایەتی کورد بەسەر دانیشتوانی مەدەنی باکوری عێراقدا کەوتوون کە پێویستیان بە یارمەتی هەیە.... دەرپەڕاندنی ئەو هێزە [عێراقیە] لەو شوێنە پێویستی بە بەکارهێنانی سەرچاوەکان دەبێت و پابەندبوون بە دابینکردنی ئەو سەرچاوانە لە دەرەوەی ئەو واقیعە جیۆپۆلەتیکییە یە کە لەو ناوچەیەدا هەیە…. پوختەی ئەو وەڵامانەی ئەمڕۆ پێمداون ئەوەیە کە ئێمە پلانمان نییە هێزی زەمینی بنێرین بۆ باکوری عێراق بۆ پشتگیریکردن لە لایەنێک یان لایەنێکی تر. سەرۆک کۆمار بە جددی ئەوەی وەک یەکێک لە بژاردەکانی بەردەست لەبەرچاو نەگرت."

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی وتەبێژی کۆشکی سپی لە 4 ی مانگی نۆی 1996

وتەبێژی کۆشکی سپی مایک مککێری، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی تردا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمەریکا ئامادە نەبوو هێزی سەربازی بنێرێت بۆ هەولێر بۆ پشتگیری لایەنێک دژ بە لایەنەکەی تر چونکە "بەرژەوەندی نیشتمانیمان لەوەدا نەبوو خۆمان ببەستینەوە بە لایەنێک لە شەڕەکە."

مایک مککێری دەڵێت، " پەیامەکە بۆ کورد ئەوەیە کە واز لە ململانێتان لەگەڵ یەکتر بهێنن، دەست بکەنەوە بە دانوستانەکان بە ئامانجی ئەو ئاگربەستەی کە ئەمەریکا هەوڵی بەستنی دەدا، بێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی بتوانن خۆتان بەدوور بگرن لە ئیستفزازی ئەوانەی کە هەوڵدەدەن سەرکوتتان بکەن... ئێمە لەوێ سامان و سەرچاوەکانی خۆمان خەرج کردووە و لە هەندێک حاڵەتدا، لە لایەنە سەربازییەکانی ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئارامی مەترسییەکی گەور کەوتووەتە سەر کارمەندانی سەربازی ئەمەریکا بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەین لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پێداویستییە مرۆییانەی کە هەیانە. بەڵام داڕمانی پەیوەندی نێوان حزبەکان و ئامادەیی ئەوان بۆ ئەوەی خۆیان بە لایەنی تری دەرەکی ببەستنەوە کە هەوڵ دەدەن کاریگەری لەسەر ڕەفتارەکانیان دابنێن تراژیدییە، چونکە ئەوانەی باجەکەی دەدەن بریتین لەو دانیشتووانە کورد کە ئازاریان چەشتووە -- لە هەندێک ڕووەوە، ئەوان بۆ دەیان ساڵ ئەگەر سەدە نەبێت بەهۆی ئەو دوژمنایەتیانەی نێوان لایەنەکان ئازاریان چەشتووە."

گوڕی ژمارەیەک لەو کەسانەی لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا لە ناوچەی سێوسێنان گیانیان لەدەست دا


کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی 13 ی مانگی نۆی 1996 لە لایەن وتەبێژی کۆشکی سپی

وتەبێژی کۆشکی سپی مایک مککێری، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا دووبەرەکی کورد دەبێتە هۆی گۆڕینی سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەریان، دەڵێت ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئارامی بەردەوام دەبێت.

هەروەها دەڵێت،" بە جۆرێک لە جۆرەکان، ئەو پێداچوونەوەیە [لە سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە کورد] ڕوویدا ئەو کاتەی کە بینیمان شەڕ لە نێوان لایەنە کوردییەکان سەریهەڵدا. ئەوە تراژیدیای خەڵکی باکور بوو، کە هەوڵە پڕ لە ئازار و ماندووبوونەکان بۆ کۆکردنەوەی ئەو لایەنانە و خستنەڕووی بەرەیەکی یەکگرتووی دژ بە سەدام حسێن، بەهۆی شەڕی دابەشکاری نێوان گروپە دژبەیەکانی باکور شکستی هێنا. ئەوەش ڕێگر بووە لە گەیاندنی فریاگوزاری مرۆیی بە خەڵکی ئازارچێشتووانی باکور بە تایبەت کورد. وە ئەوەمان بیردەخاتەوە کە باشترین دەرئەنجام لێرەدا ئەوەیە کە ئەو لایەنانە کە هەر هاوپەیمانییەکی ناپیرۆزی کاتییان کردووە، ئاسایشی درێژخایەنیان و پێداویستییە درێژخایەنەکانی ئەوان بەستراونەتەوە بە کارکردن بەیەکەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسیەی لە سەدام حسێنەوە دێتە پێشیان."

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بێڵ کلنتن

– سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە 17 ی مانگی نۆی 1996 باس لە وەڵامی حکومەتەکەی دەکات بۆ هێرشەکەی هێزەکانی عێراق بۆ سەر هەولێر و دەڵێت لەم ڕێگەیەوە ویستویانە سەدام بخەنە ناو "بۆکسێکەوە" و تواناکانی سنووردار بکرێت.

سەرۆک بێڵ کلنتن

بێڵ کلنتن ڕایگەیاند، " ئەمەریکا و هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە سەدام حسێنیان وت، لەشکرکێشییەکە مەکە. بەڵێ ڕاستە پێکهاتەی کورد لە باکوری عێراق لە وڵاتی ئێوەن، بەڵام بەشێک لە بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوە بوو کە نابێت گەلەکەت سەرکوت بکەیت. ئێستا دۆخەکە بە شێوەیەکی بەرچاو ئاڵۆزتر بووە لەبەر ئەوەی یەکێک لە لایەنە کوردییەکان داوای لێکردووە کە ئەو کارە بکات. ئەو لایەنە ویستویەتی هاوسەرگیرییەکی کاتی لەگەڵ بکات. وە ئەویش ئەو کارەی کرد.... ئێستا خەڵکانێکی زۆر دەڵێن، 'باشە، با چاوپۆشی لەم هێرشە بکەین و تێپەڕێت چونکە لە کۆتاییدا ئەوانە کوردن و لە ناو خۆیاندا دابەش بوون. خۆ سەدام وڵاتێک لە دەرەوەی سنوورەکانی داگیر ناکات.' بەڵام ئەمە بۆ ئێمە لەوە جددیتر بوو چونکە نەماندەویست ببێتە پێشینەیەک کە تێیدا وابزانێت کە دەتوانێت هەنگاوی زیاتر بنێت."

31ی ئاب لە یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا

لە 6 ی مانگی دەی 1996 یەکەم دیبەت بۆ هەرڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو لە نێوان سەرۆک کلنتن و سیناتۆری کۆماری باب دۆڵ.

لە دیبەیتەکەدا کاندیدی کۆمارییەکان ڕەخنەی لە سیاسەتی کلنتن گرت لەوەی نەیتوانی ناکۆکی هێزە کوردییەکان کۆتایی پێبهێنێت تا لە ئەنجامدا هێزی عێراقی چووە ناو هەولێر.

سیناتۆر باب دۆڵ

سیناتۆر باب دۆڵ دەڵێت، "بەڕێوەبەری CIA هەڵبژێردراوی سەرۆک بۆ خۆی دەڵێت کە سەدام ئێستا بەهێزترە لەوەی کە پێشتر بوو. وە من لەوە تێناگەم بۆچی ناوچەی دژە فڕین لە باشور درێژکرایەوە لە کاتێکدا کێشەکە لە باکور بوو. وە ئەوەی ئێمە کردوومانە -- لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی بوشدا کوردەکان لە وەزارەتی دەرەوە بوون و دانوستانیان دەکرد بۆ ئەوەی ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن. بەڵام ئێستا ئەوەی بۆمان ماوەتەوە بریتییە لە هەزاران و هەزاران پەنابەر. پێموایە 3000 کورد دەنێرین بۆ گوام."

مەبەستی سیناتۆر باب دۆڵ بریتی بوو لەو هەزاران کەسەی کە حکومەتی ئەمەریکا بڕیاری گواستنەوەیانی دا بۆ ئەمەریکا بەهۆی ڕووداوەکانی 31ی ئاب. بە گوێرەی ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا، ئەو کوردانە هاوکاری حکومەتی ئەمەریکایان کردووە و بەڕێوەبەرایەتی کلنتن ترسی لەوە هەبوو کە ڕژێمی سەدام هەوڵی تۆڵەکردنەوە بدات لێیان.

لە دیبەیتەکەدا کلنتن لە وەڵامی کاندیدی کۆمارییەکان دەڵێت، "بەداخەوە خەڵکانێکی زۆر هەرگیز ئەوەندەی ئەمەریکا خەمی کوردیان نەبووە. ساڵانێکی زۆرە ئۆپەراسیۆنێک لە تورکیا جێبەجێ دەکەیب بۆ پاراستنیان. ئەوەی ڕوویدا ئەوە بوو، یەکێک لە سەرکردە کوردەکان بانگهێشتی کرد بۆ ئەوەی بەرەو باکور بچێتە سەرەوە. هەستمان بەوەکرد لەبەر ئەوەی هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێیان وتبوو کە ئەو کارە نەکات، بەڵام کاتێک ئەو کارەی کرد دەبوایە شتێک بکەین. بە دڵنیاییەوە هەستم نەکرد کە پێویستبکات سەربازە ئەمەریکییەکان پابەند بکەم بەوەی ئەوەی لەو شوێنە بیکەنە دەرەوە. کەواتە شتێکی گونجاو لە ڕووی ستراتیژییەوە کە دەبوایە بیکەین ئەوە بوو کە توانای هەڕەشەکردنی لە دراوسێکانی کەم بکەینەوە. ئێمە ئەوەمان کرد لە ڕێگەی فراوانکردنی ئەو ناوچەیەی کە پێی دەوترێت ناوچەی دژە فڕین، لە ڕێگەی زیادکردنی کۆنترۆڵی هاوپەیمانەکانمان بۆ سەر ئاسمانی عێراق لە سنووری کوێتەوە تا دەگاتە بەردەم بەغدا. جا ئایا ئەمە کارێکی دروست بوو؟ من باوەڕم وایە بەڵێ. ئایا بە تەواوی کاریگەربوو؟ ئایا وای لێکرد لە باکور بکشێتەوە؟ ئێستا کەمێک کشاوەتەوە و هیوادارم بەردەوام بێت. ئێمە لەوە فێربووین ئەگەر یەک ئینج بدەین بە سەدام، ئەوا ئەو میلێک دەبات. ناچار بووین شتێک بکەین. وە هەرچەندە سەرەتا هەموو هاوپەیمانەکانمان پشتگیریی ئەوەیان نەدەکرد، بەڵام پێموایە ئێستا زۆربەیان پێیان وایە ئەوەی ئێمە کردمان کارێکی گونجاو بوو."

لێدوانی کاربەدەستێکی باڵای وەزارەتی دەرەوە

لە 11 ی مانگی دوازدەی 1996 گۆردن براون، کاربەدەستێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا بۆ وڵاتی مۆریتانیا، دوای ئاڵۆزی ناوخۆی کورد بێ ئومێدی دەردەبڕێت لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کورد.

بەردەم پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، 4 ی نۆی 1996

ئەو بەرپرسەی پێشوو دەڵێت، "بەڕاستی دەبێت سەیری دیوی پشتەوەی دابەشکاریە سیاسییەکان بکەیت بۆ ئەوەی ئەو خێزان و هۆزانەی بناسیت کە باڵادەستن. پێم وایە کە ئەنترۆپۆلۆژی و شیکاری کۆمەڵناسی هەندێک جار زۆر لە بارترە لە شیکاری سیاسی بۆ تێگەیشتن لە کولتوورە عەرەبی و نەریتییەکانی ئەم ناوچەیە. لە عێراق ئەوەم بۆ دەرکەوت. ئەگەر لەوێش ئەمەم بۆ دەرنەکەوتبێت بە دڵنیاییەوە لەوێ ئەو باوەڕەم بۆ چەسپا، سیاسەت لە عێراقدا خێزانییە. وەک چۆن دەبینین کوردەکان ئەمڕۆ ناتوانن لە نێوان یەکتردا لەسەر زۆر شت ڕێکبکەون لە کاتێکدا ئێستا و لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا دیارترین هەلی خۆ بەڕێوبەری و سەربەخۆیییان پێدراوە، کەچی لەدەستی دەدەن چونکە ئەو دوو خێزانە کوردەی کە پێشەنگن ناتوانن بگەنە یەکتری."

نامەی بێڵ کلنتن بۆ کۆنگرێس

لە 3 ی مانگی سێی 1997 سەرۆک بێڵ کلنتن لە نامەیەکیدا بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا باس لە دوایین پەرەسەندنەکانی دوای ڕوودای 31ی ئاب دەکات.

کلنتن لە نامەکەیدا دەڵێت سەرەڕای بەردەوامی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی، هەروەها بەڵێن دەدات بە "بوونی بەهێزی ئەمەریکا" لە ناوچەکەدا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە چالاکیەکانی سەدام حسێن.

سەدام حسێن وتارێک پێشکەش دەکات لە بارەی هێرشە مووشەکییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق، 3 ی مانگی نۆی ساڵی 1996

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، "سەبارەت بە باکوری عێراق، ئێمە سێ خولی گفتوگۆمان ئەنجامداوە لەگەڵ هاوبەشە بەریتانی و تورکەکانمان و لەگەڵ لایەنە کوردییە سەرەکییەکانی باکوری عێراق- پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان. ئامانجی خێرای ئێمە بریتییە لە بەهێزکردنی ئاگربەستی 23ی مانگی دە بە نێوەندگیری ئەمەریکا کە تا ئێستا بەردەوامە، هەروەها هاندانی ئاشتەوایی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتییە. ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بەردەوامە لە هۆشیاریدان بە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کە شەڕی نێوانیان لە باکور تەنها دەتوانێت بە قازانجی سەدام حسێن و ئێران بێت، کە پێمان وایە نابێت هیچ ڕۆڵێکیان لەو ناوچەیەدا هەبێت. لەم نێوەندەدا، ئێمە نیگەرانین لە پەیوەندییەکانی کوردی عێراق لەگەڵ هەریەک لە بەغدا یان تاراندا."

دەشڵێت، "هەروەها هانی هەردوو لایەنە کوردییەکه دەدەین که هەنگاو بەرەو ئاشتەوایی بنێن. لە دوایین خولی دانوستانەکانی ئاستی باڵادا لە ئەنقەرە کە لە 15ی مانگی یەک بەڕێوەچوون، کوردەکانی عێراق ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ ئەوەی هاوکاری یەکتر بکەن لە بوارەکانی وەک پەروەردە و تەندروستی و گواستنەوە. نوێنەرانی هەردوو حزبە کوردیەکە و هەرسێ وڵات و هێزی چاودێری ئاشتی لە ئەنقەرە بەردەوامن لە کۆبوونەوەی دوو هەفتە جارێک بۆ پەرەدان بە ڕێوشوێنەکانی زیادکرنی متمانەی نێوانیان."

نامەیەکی تری سەرۆک کلنتن لەسەر ڕووداوەکانی 31ی ئاب

لە 23 ی مانگی نۆی 1997 دوای ساڵێک لە ڕووداوەکانی 31ی ئاب، سەرۆک بێڵ کلنتن لە نامەیەکیدا بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سیناتی ئەمەریکا ئاماژەدەکات بەوەی ئەمەریکا سەرۆکایەتی هەوڵەکان دەکات بۆ دابینکردنی ئارامی لە "باکوری عێراق" و کەمکردنەوەی دەستێوەردانی عێراق و ئێران.
سەرۆک کلنتن دەڵێت، "بەشێکی گرنگی ئەم هەوڵە کارکردن بووە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان دوو حزبی سەرەکی کوردی عێراق، پارتی و یەکێتی."

سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دەڵێت کۆتایی مانگی حەوتی ساڵی 1997 جەلال تاڵەبانی لەسەر ئەمە سەردانی ئەمەریکای کرد و مەسعود بارزانیش بانگهێشتێکی حکومەتی ئەمەریکای قبوڵکرد بۆ سەردانی واشنتن.

هەروەها ئاماژەوە بەوە دەکات کە لە ناوەڕاستی مانگی چواری ساڵی 1997 هێزێکی چاودێری ئاشتی پێکهێنراوە بە پشتگیری ئەمەریکا بۆ ڕێگری لە شکاندنی ئاگربەستی نێوان یەکێتی و پارتی.

کلنتن لە نامەکەیدا دەڵێت هێزەکە بڕیارە لە کۆتایی ساڵی 1997 ژمارەیان بەرزبکرێتەوە بۆ زیاتر لە 400 کەس بۆ چاودێری ئاگربەست.

ئاماژەش بەوە دەکات کە چالاکییەکانی ئەو هێزە چاودێرە قورس بووە چونکە هێزەکانی پەکەکە چونەتە شوێنی جیاکەرەوەی نێوان پارتی و یەکێتی و لە چەند حاڵەتێکدا پارتی یەکێتی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە ڕێگەی پەکەکە ئاگربەستی نێوانیان لە چەند شوێنێک شکاندووە.

سەرەڕای ئەو ئاستەنگانە، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، " ئەمەریکا لەگەڵ بەریتانیا و تورکیا بەردەوامن لە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی پابەندبوونێکی توندی ئاگربەستەکە."