ئەمەریکا لە ڕۆژی کارکەراندا ڕێزلێنان دەکات بۆ نزیکەی 160 ملیۆن کارکەر لە وڵاتەکەدا

ئەم ڕۆژە پشووی فەرمییە و لە ساڵی 1894ەوە بە پشووی نیشتمانی دیاریکراوە وەک ستایش و پێزانینێک بۆ کارکەرانی ئەمەریکایی کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا ڕووبەڕووی ڕەوشێکی قورسی کارکردن دەبوونەوە، لەوانە هەفتانە 7 ڕۆژ و 12 کاتژمێر کارکردنی ڕۆژانە، کەمیی کرێی کار و نەبوونی قەرەبووکردنەوە و هەروەهاش نەبوونی بیمەی کار.

هێشتاش مشتومڕەکان سەبارەت بە ڕەوشی کار و کرێی کارکردنیش هەر بەردەوامن لە ئەمەریکادا، بۆ نمونە لە ئێستادا دانوستاندن هەن لەسەر بەسەرچوونی وادەی گرێبەستەکانی بواری پیشەسازی ئۆتۆمبێل، یان ئەو کێشانەی تری لەم هەلومەرجەدا سەریانهەڵداوە و پەیوەندییان هەن بە کارەوە نەک هەر ئەوەی پەیوەندییان بە کرێی کارکردنەوە هەبێت.

هەندێک لە کاردارییەکان کێشەیان هەیە لەگەڵ کارکەرەکانیاندا لەسەر ئەوەی ئایا پێویست دەکات پێیان ڕابگەیەندرێت ڕۆژانە وەک باری ئاسایی بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی کارکردنیان یان هەر هیچ نەبێت چەند ڕۆژێک لە هەفتەدا بگەڕێنەوە پاش ئەوەی بۆ نزیکەی 3 ساڵ دەچێت بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە ماڵەکانی خۆیاندا کارەکانیان دەکەن.

هەندێک کێشەی تریش هەن، وەک ئەوانەی بەهۆی بەکارهێنانی ژیریی دەستکردەوە دروست بوون و چۆنییەتی کاریگەریی ئەو ژیرییە دەستکردانە لەسەر بەرهەمی کۆمپانیاکان و ئەگەر و نەگەری ئەوەی ئایا کارکەران، پیشە و کارەکانی خۆیان لەدەست دەدەن بەهۆی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکردەوە یان نا.

هێز و تواناییەکانی سەندیکاکانی کار لە ئەمەریکادا لە پاشەکشەدایە، بەڵام هێشتاش زیاتر لە 14 ملیۆن کارکەر وەک هێزی کار کاروباری خۆیان لە ڕێگەی سەندیکاکانی کارەوە بەڕێوەدەبەن.

دیموکراتەکان پشت بە بەدەستهێنانی پشتیوانیی جێگیری سیاسی ئەو سەندیکایانە دەبەستن لە هەڵبژاردنەکاندا هەرچەندە بەشێکی کارکەران لە شارە پیشەسازییەکاندا هاوسۆزی سیاسیی خۆیانیان گۆڕیوە و پشتیوانی لە کۆمارییەکان دەکەن لەگەڵ ئەوەشدا کە بە گشتی ڕێبەرانی سەندیکاکانیان بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی دیموکراتەکان.

لە ئەمەریکا هەموو یەکەم ڕۆژی دووشەممەیەکی مانگی 9 پشووی فەرمی دەبێت و بۆنەی تایبەتیش بەڕێوەدەبرێت.

لە کۆتاییەکانی سەدەی 19هەمدا سەندیکاکانی کار بەههێز و جموجۆڵەکانی چالاکوانانی ناو هێزی کاریش زیادیان کرد، هەر لە سەرەتای ساڵی 1880دا پێشنیازی دانانی ئەم ڕۆژە فەرمییە کرا بۆ کارکەران.

داواکان هەروا دەهات و زیاتر دەبوون لە ئەمەریکادا. لە ساڵی 1887 دا ستانی ئۆریگن بووە یەکەمین ستانی ئەمەریکا کە ڕۆژی کارکەرانی کردە ڕۆژ و پشوویەکی فەرمی. تا ساڵی 1894؛ سی ستانی ئەمەریکا ئەم ڕۆژەیان بە فەرمی ناساند.
هەر لە هەمان ساڵی 1894دا کۆنگرێسی ئەمەریکا بەرنوسێکی پەسەندکرد، تیایدا یەکەم ڕۆژی دووشەممەی مانگی نۆ بە پشوویەکی فەرمی لە سەرانسەری ئەمەریکادا دانرا.

سەرۆک گرۆڤەر کلیڤلاند، ڕۆژی 28ی مانگی شەش ئەو بڕیارەی کۆنگرێسی مۆرکرد. سەرەتا هەر پشووی فەرمی بوو بۆ ئەوانەی لە حکومەتی فێدراڵدا کاریان دەکرد.
لە کۆتاییەکانی ساڵی 1930دا سەندیکاکان کەوتنە هاندانی کارکەران تا مان بگرن وەک فشارێک تا ئەو ڕۆژی پشووە ئەوانیش بگرێتەوە.