دەیان ساڵە کورد لە هەرێمی کوردستان دراما و فیلم بەرهەمدەهێنێت، بەڵام هێشتا درامایەکی کوردی لە یەک کەناڵی تەلەفیزیۆنی بیانی و تەنانەت عەرەبی عێراقیش پەخش نەکراوە. هاوکات کەم کەناڵی تەلەفیزیۆنی کوردی هەن درامای بیانی بڵاونەکردبێتەوە.
دەپرسین، هۆکار چییە هەتا ئێستا هیچ دراما و فیلمێکی کوردی لە کەناڵە بیانییەکان پەخش ناکرێت؟ ئایە دراماکان لاوازن یان دەزگا پەیوەندیدارەکان نەیانتوانیوە بە بازاڕیان بکەن؟
بۆچی کورد هاوشێوەی تورک و فارس و هندی و کۆری نەیتوانیووە لە ڕێگای دراماکانییەوە کلتوری خۆی بگەیەنێت بە جیهانی دەرەوە؟
لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ ئەم بابەتە تاووتوێکرا بە میوانداری بەڕێزان :
1- ناسر حەسەن، دەرهێنەر.
2- جەلیل زەنگەنە، دەرهێنەر.
3- خەلیل عەبدوڵا ، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان؟
4- عەبدولغفار عەبدوڵا، خاوەنی ناوەندی هونەری زەنێ.
هونەرمەند جەلیل زەنگەنە:
"کاتێک بۆ درامای [ساتێک بۆ خۆشەویستی] چوین داوای بودجەمان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری کرد، کەچی کۆمپانیای لایەکی تر هات هەر پارەکەی برد و هەتا ئێستاش دیار نییە."
"من 55 ساڵە خزمەتی دراما و هونەر دەکەم کە ناوم هەیە و ناسراوم، بەڵام هێندەی کەسێک کە لە هەندەرانەوە دێتەوە و هیچ خزمەتی نەکردووە دەستم ناڕوات، هونەرمەند و هونەر حسابی بۆ ناکرێت، بەڵکو ئەوە گرنگە واستەکەت کێییە؟ حکومەت هەر حسابمان بۆ ناکات."
"خەڵاتم لە سینەمای فەرەنسا و لەندەن و چەندین وڵاتی ترەوە بۆ هاتووە هێشتا وەرمنەگرتوون و تەنانەت هەر دیاریش نەماون. چەندین جاری تریش خەڵاتم بۆ هاتووە کەچی دەیبەن و نایدەن بەمن! کەچی خۆیان(حکومەت) کەسێک خەڵات دەکات کە هەر هونەرمەند نییە."
"ئەوەتا یانزە ساڵە من خەریکی دوا بەشی گەردەلولم کەچی هەر ناهێڵن بیکەم، هەتا هەموومان یەکەبەیەکە دەمرین ، ئەوەتا چەند ئەکتەری گەردەلول مرد! چاوەڕێن ئێمەش نەمێنین دوایی دێن دەڵێن چی بکەین خۆیان مردن! من لەبەر ئەوەی لەگەردەلول باسی خاک و نیشتمان و پێشمەرگە و شۆڕش دەکەم هاوکاریم ناکەن بەرهەمی بهێنم، بەڵام ئەگەر باسی شتی خراپم بکردایە ئێستا دەمێک بوو بەرهەم هێنرابوو! نامەوێ لێرە لەوە زیاتر بڵێم، بەڵام ڕۆژێک دێت هەموو قسەکانم دەکەم."
دەرهێنەر ناسر حەسەن:
"خەڵکی وەها هەیە نیو چارەکی من کاری نەکردووە کەچی حکومەت ئەو بانگ دەکات و خەڵاتی دەکات، خانەنشین کرام کەس پێی نەوتم خوا حافیزت بێت، چەند ساڵە دەمەوێت "داستانی قەڵای دم دم" بکەمە دراما کەس هاوکاریم ناکات، وەزارەتی ڕۆشنبیری دەڵێت بودجە نیە، ئەی باشە بودجەتان بۆ فیلم و دراما نییە ئەی پارە لە سۆماڵ قەرز بکەین کاری پێبکەین؟!"
خەلیل عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان:
"لە پەرلەمانی کوردستان هیچ بودجەیەک نە بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری نە بۆ هیچ وەزارەتێکی دیکە پەسەند نەکراوە، واتە ئێمە هیچ بودجەیەکمان لەبەردەستدا نییە، دەبێت بۆ هەر کار و پرۆژەیەکی هونەری نووسراو بۆ وەزارەتی دارایی بکەین."
عەبدولغەفار عەبدوڵا، خاوەنی ناوەندی هونەری زەنێ :
"ئێستا لە میسر یاسایەک هەیە ئەویش دەبێت هەر کەناڵێک درامای دوبلاژ بڵاوبکاتەوە دەبێت درامایەکی ناوخۆش بڵاوبکاتەوە. بەداخەوە دەبوو وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان هاوشێوەی میسر ئەو بڕیارەی لە هەرێم دەربکردایە، هیچ نەبووایە لە پێناو پاراستنی هونەری ڕەسەنی کوردی بەو کەناڵانەی بووتایە تازە وەک ئەوەی ئەو هەموو دراما تورکی و هیندیەتان بڵاوکردەوە و کۆمەڵگاتان تێکدا دەبێت درامای کوردیش پەخش بکەن، دەبا وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەوەمان بۆ بکات."
"کۆمەڵگا چی لە چیرۆکێک بکات کە سەد ساڵ لەمەبور لە هندستان ڕوویداوە؟! یان لە کۆریا ڕوییداوە؟! یان لە تورکیا کابرا حەز لە خوشکی خێزانی دەکات ،کەچی لێرە لە کەناڵەکانەوە دراماکەی دەکڕن و وەریدەگێڕنە سەر زمانی کوردی و بڵاوی دەکەنەوە، ئاخر میللەت چی لەم چیرۆکانە بکات؟! ئەوەتا هونەرمەندی کورد وەک گەڵای دار هەڵدەوەرن بە تەنها لە ساڵی 2023 زیاتر لە 10 هونەرمەندی کورد کۆچی دواییان کردووە."
"حکومەت چاودێری بۆ هەموو شتێک داناوە، ئەوەتا کامێرای پۆینت تو پۆینتی داناوە، ئەی ناتوانێت چاودێری بۆ ئەو کەناڵانە دابنێت بڵێت کە درامای تورکی و هیندی پەخش دەکەن، درامایەکی کوردیش پەخش بکەن؟!"
"تەنانەت کەسی وەها هەیە بەڕێوەبەری چوار پێنج کەناڵە هەر خەڵکی ئەم کوردستانە نییە، نازانێت هونەرمەندی کوردی وەک (جەلیل زەنگەنە، مامۆستا ناسر حەسەن) کێن؟!"
"داوا لە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەکەم کە بڕیارێک بدات سەبارەت بە دراما و هونەری کوردی و ئەو کەناڵانەی درامای تورکی و هیندی و کۆری پەخش دەکەن، وەزارەتی ڕۆشنبیری بە بڕیار ئەو کەناڵانە ناچار بکات لە بەرامبەر هەر درامایەکی بیانی، درامایەکی کوردیش پەخش بکەن."
خەلیل عەبدوڵا لە بەرنامەکەدا بەڵێنی دا کە داواکارییەکەی خاوەنی ناوەندی هونەری زەنێ سەبارەت بە پەخشکردنی درامای کوردی لە بەرامبەر پەخشکردنی درامای بیانی لە کەناڵەکاندا بەرز بکاتەوە بۆ وەزیری ڕۆشنبیری و لەو بارەیەوە بڕیار و ڕێنمایی پێویست دەربکەن وەک وەزارەت.
تەواوی بەرنامەکە لەم فایلە دەنگییەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5