یۆنان لەگەڵ ئیسرائیل کار لەسەر تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد دەکات بۆ دەستنیشانکردنی ئاگری دارستانەکان

سەرۆک وەزیرانی یۆنان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، یۆنان لەگەڵ ئیسرائیل کاردەکات بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ زوو دەستنیشانکردنی ئاگرکەوتنەوە مەترسیدارەکان.

دوای وتووێژ لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی بنیامین ناتانیاهۆ و سەرۆک کۆماری قوبرس نیکۆس کریستۆدۆلیدس لە نیکۆسیای پایتەختی قوبرس، کیریاکۆس میتسۆتاکیس هەروەها گوتی، ئیسرائیل دەتوانێت پەیوەندی بە یەکێتی ئەوروپاوە بکات کاتێک باس لە دەستپێشخەرییەکانی پاراستنی مەدەنی دەکرێت بۆ باشتر هەماهەنگیکردن لە هەوڵەکانی ئاگرکوژێنەوەدا.

ئیسرائیل و قوبرس لەنێو ئەو وڵاتانەن کە فڕۆکە و تیمی ئاگرکوژێنەوەیان ڕەوانە کردووە بۆ یارمەتیدانی یۆنان لە بەرەنگاربوونەوەی ئاگرکەوتنەوەی کێوییەکان کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ناوچەیەکی بەرفراوانی لە دارستانەکان سووتاندووە.

میتسۆتاکیس گوتی یۆنان دەتوانێت بیسەلمێنیت کە تەکنەلۆژیای AI ی ئیسرائیل هاوکارە لە دۆزینەوەی پێشوەختەی ئاگرکەوتنەوەی کێوییەکاندا.

میتسۆتاکیس ئاماژەی بەوەشکرد ئێمە لە ئێستاوە لەگەڵ ئیسرائیل گفتوگۆ دەکەین سەبارەت بە چارەسەرەی بنەمادار لە ڕێگەی AI کە توانای دەستنیشانکردنی پێشوەختەی ئاکرکەوتنەوەکانمان بۆ دابین دەکات.

ئەو سێ سەرکردەیە ڕایانگەیاند، لێکۆڵینەوەیان کردووە لەسەر چۆنیەتی دۆزینەوەکانی ئەم دواییەی گازی سروشتی لە ئاوەکانی ئیسرائیل و قوبرس لە دەریای ناوەڕاست. ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارەکان لەسەر چۆنیەتی هەناردەکردنی گازی سروشتی لە ئیسرائیل و قوبرس بۆ بازاڕەکانی دەرەوە، پێویستە لە ماوەی سێ بۆ شەش مانگی داهاتوودا بدرێت.

ئیسرائیل و قوبرس بیر لە پلانی بۆرییەک دەکەنەوە کە گازی سروشتی دەریایی لە هەردوو وڵاتەوە بگوازێتەوە بۆ وڵاتی دوورگەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لەوێ شل دەکرێتەوە و لە ڕێگەی کەشتییەوە هەناردە دەکرێت.

کریستۆدۆلیدس وتی: ئێمە لەسەر ئەوە کۆک بووین کە گازی سروشتی و وزە نوێبووەکان پایەی سەرەکی هاوکارین لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتە جیۆپۆلیتیکییەکانی ئەم دواییە و نائاسایشی وزە، بەتایبەتی لە ئەوروپا، کە پێویستی بە هەمەچەشنکردنی وزە و زیادکردنی پەیوەندییەکان هەیە.

پڕۆژەیەکی دیکە کە سێ سەرکردەکە ئارەزووی زۆریان بۆ دەربڕی، کێبڵی کارەبای ژێر دەریا بوو کە 2000 کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە و تۆڕەکانی کارەبای ئیسرائیل و قوبرس و یۆنان بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

ناتانیاهۆ گوتی: ئەمە شتێکە کە ئێمە بەوپەڕی تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەکەین و باسمان لە میکانیزمی چۆنیەتی هەنگاونان بۆ بەرەوپیش بردنی ئەم کارە کرد.

پرسی وزە لە ساڵی 2016ەوە بۆ قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکانیان بووەتە جێی سەرنجی زنجیرە کۆبوونەوەی بەردەوامی نێوان هەر سێ سەرکردەکە، کە بە وتەی میتسۆتاکیس گوزارشت لە گرنگی ئەوان دەکات لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و ئاستەکانی دیکە.