بارودۆخی ئۆجەلان چۆنە، بۆچی هیچ هەواڵێکی نییە؟

عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ماوەی دوو ساڵە چاوی بە بنەماڵەکەی نەکەوتووە و چوار ساڵیشە پارێزەرەکانی نەیانبینیوە.

ڕەزان سارجا، پارێزەری ئۆجەلان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، پێویستە دەوڵەت بەپێی یاسا مامەڵە بکات، بەڵام ئەم یاسایە بۆ ئۆجەلان جێبەجێ ناکرێت.

"دوورگەی ئیمرالی شوێنێکی تایبەتە، لە هەموو دەرگایەک دابڕاوە. ئێمە ناتوانین بەخۆمان بچین، بەڵام هەم ئێمە و هەم خێزانەکەی داوای ئەوەی دەکەین چاومان پێی بکەوێت، بەڵام هیچ وەڵامێک نادرێتەوە. ئەوان دەرفەتمان پێنادەن لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆببینەوە. پێویستە حکومەت یاسا بپارێزێت و داواکارییەکانمان جێبەجێ بکات بۆ بینی، بەڵام، ئەوان ئەوە ناکەن، مافە یاساییەکان نادەن بە بەڕێز ئۆجەلان. هەرگیز نازانین لە ئیمرالی چی ڕوودەدات."

ئۆزنور بارتن ئەندامی پەرلەمانی پارتی چەپی سەوزی جولەمێرگ داوای پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ دۆخی ئۆجەلان کردووە.

ئۆزنور لە داواکارییەکەدا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ئۆجەلان دوایین جار لە 7ی حەوتی 2019 لەگەڵ پارێزەرەکانی دیدارێکی هەبووە و دواجاریش لە 25ی سێی 2021 لەگەڵ مەهمەت ئۆجەلانی برایدا قسەی کردووە.

مافناسان دەڵێن لەم دۆخەی ئێستادا مافی مرۆڤی ئۆجەلان پێشێل دەکرێت. جەنگیز چیچەک، ئەندامی پەرلەمانی پارتی چەپی سەوز لە ئەستەنبوڵ کە خۆی یەکێک بووەلە بەرگریکارانی ئۆجەلان ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بەپێی یاسای تورکیا مەحاڵە هیچ سزادراوێک یان دەستگیرکراوێک مافەکانی لێ زەوت بکرێت.

دەشڵێت "دەتوانێ دیداری بەردەوام لەگەڵ سێ کەس و خێزانەکەی و پارێزەرەکانیدا هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا مافی پەیوەندیکردن و وەرگرتنی زانیاری هەیە. بەڵام ئەمڕۆ دەبینین بەڕێز ئۆجەلان بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت مافەکانی بەکاربهێنێت."

ئۆجەلان لە 15ی شوباتی 1999ەوە لە دوورگەی ئیمرالی لە دەریای مەڕمەڕە زیندانی کراوە.

ئۆجەلان، دوای زیندانیکردنی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، چەندین بیرۆکە و پڕۆژەی لەگەڵ ڕای گشتیدا هاوبەش کرد.

چیچەک ئاماژە بەوە دەکات کە ئۆجەلان کاراکتەرێکی سەرەکییە لە چارەسەرکردنی کێشەی کورددا.

"بەڕێز ئۆجەلان لە ئیرادەی گەلی کورددا پێگەیەکی تایبەتی هەیە. بەهایەکی ناوازەیە لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باقی جیهاندا. هەروەها کارێکتەرێکی سەرەکییە لە چارەسەرکردنی کێشەی کورددا. لە دوورگەی ئیمرالییەوە هەوڵێکی زۆری داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد. دەوڵەت بەم بەربەستە هەم دەیەوێت ئۆجەلان لە بیری گەلی کورد بباتەوە و لە ڕووی چارەسەرکردنی کێشەی کوریشەوە هیچ هەنگاوێک نەنێت."

پارێزەرانی ئۆجەلان و بەشێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوایان لە وەزارەتی دادی تورکیا کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئۆجەلان کۆببنەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.

پارێزەر سارجا لەسەر ڕەتکردنەوەی داواکانیان دەڵێت لە دوورگەی ئیمرالی ئیدارەیەکی بێ کۆنترۆڵ هەیە.

"نزیکەی ٢ ساڵ و نیوە نەمانتوانیوە هیچ زانیارییەک لەسەر بەڕێز ئۆجەلانەوە ببیستین. هەموو هەفتەیەک وەک پارێزەر داواکاری پێشکەش دەکەین، خێزان داواکاری پێشکەش دەکەن، بەڵام هیچ وەڵامێک نادرێتەوە. جاران داواکاریمان پێشکەش دەکرد بۆ وەزارەت، وەڵامیان دەداینەوە، بەڵام ئێستا هیچ وەڵامێکمان دەست ناکەوێت. دەتوانم بڵێم لە دوورگەی ئیمرالی ئیدارەیەکی بێکۆنتڕۆڵ هەیە و کردەوەیەکی تایبەت و شەخسی هەیە، یاسا پێشێل دەکرێت و مافی مرۆڤی بەڕێز ئۆجەلان پێشێل دەکرێت."

ئۆجەلان 4 ی مانگی چواری ساڵی 1949 لە گوندی ئۆمەریان سەر بە شارۆچکەی خێلفەتی سەر بە شاری ڕوحا لەدایک بووە. لە ئامادەیی پیشەیی تاپۆ و تۆماری زەوی ئانادۆڵ لە ئەنقەرە خوێندوویەتی و لە نێوان ساڵانی 1970 بۆ 1979 وەک کارمەند لە تاپۆی ئامەد کاری کردووە. ئۆجەلان لە ساڵی 1971 چووەتە بەشی یاسا لە زانکۆی ئەستەنبوڵ، لە هەمان ساڵدا چووەتە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئەنقەرە .

ئۆجەلان لە 27ی یازدەی ساڵی1978 لەگەڵ هاوڕێکانی لە شارۆچکەی لیجەی ئامەد پێکەوە پەکەکە (پارتی کرێکارانی کوردستان)یان دامەزراند و ئەو بوو بە سەرۆکی پەکەکە.

بەر لە کودەتا سەربازییەکەی 12ی ئەیلولی تورکیا ئۆجەلان لە بە کۆبانێدا تێپەڕی نێو سوریا بوو و پەکەکە لە 15 ی هەشتی 1984 دەستی بە خەباتی چەکداری کرد.

ئۆجەلان تا ساڵی 1998 لە سوریا مایەوە و پاشان بەهۆی هەڕەشەکانی تورکیا، سوریای بەجێهشت چووە ئەوروپا دواتر چوو بۆ ڕووسیا و دواجاریش لە کینیا دەستگیر کرا لە ڕۆژانی 14-15ی مانگی دووی 1999 ڕادەستی تورکیا کرایەوە. لەو کاتەوە دوورگەی ئیمرالی زیندانی کراوە.

تورکیا عەبدوڵا ئۆجەلانی وەکو ڕێبەری گروپێکی تیرۆرستی پێناسەدەکات و هەر بەو تۆمەتەش سزای داوە و پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆستی دەزانێت.