دادگایەکی ئەمەریکا سزای 22 ساڵ زیندانی سەپاند بەسەر ڕێبەری پێشووی گروپێکی ڕاستڕەو لەسەر تێوەگلانی لە هێرشەکەی 6 ی مانگی یەکی ساڵی 2021 بۆ سەر کۆنگرێسی ئەمەریکا، ئەمەش درێژترین سزایە بسەپێنرێت بەسەر تۆمەتبارێک لەسەر ئاژاوەکانی ئەو ڕۆژە.
دادوەر تێمثی کێڵی ڕۆژی سێشەممە لە دادگای واشنتنی پایتەخت بڕیارەکەی لە دژی هنری تاریۆ دا بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ هێرشکردنە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس بە ئامانجی ڕێگریکردن لە پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 ، ئەمەش بە مەبەستی هێشتنەوەی دانۆڵد ترامپ لەسەر دەسەڵات.
هەفتەی ڕابردووش چوار لە یاریدەدەرانی هنری تاریۆ، لە نێوان 10 هەتا 18 ساڵ حوکمی زیندانی دران هەر لەسەر هەمان تاوان.
هەرچەندە هنری تاریۆ لە کاتی ڕوودانی هێرشەکە لەگەڵ هێرشبەرەکاندا نەبوو، بەڵام داواکارانی گشتی دەڵێن ئەو لە دەرەوەی واشنتنەوە نەخشەداڕێژەر و ڕێکخەری سەرەکی پیلانگێڕییەکە بووە و تەنانەت دوایی شانازیشی پێکردووە و لە نامەیەکیدا بۆ کۆمەڵێک لە ڕێبەرانی گروپەکەی نووسیویەتی "بە هەڵەدا نەچن ... خۆمان ئەو کارەمان کردووە."
بۆیە داواکارانی گشتی لە وەزارەتی داد داوایان کرد هنری تاریۆ کە بە ئینریکی تاریۆش ناودێردەکرێت، 33 ساڵ زیندای بکرێت.
بەڵام هنری تاریۆ لە کاتی دادگاییکردنی داوای لێبوردنی کرد لە کەسوکارەکەی و یاسادانەران و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش.
دادوەر تێمثی کێڵی بەر لەوەی بڕیارەکەی بدات، وتی ئەوەی لە 6 ی مانگی یەکی 2021 ڕوویدا، زۆر مەترسیداربوو و جێی شەرمەزاری بوو، وە تاریۆ ڕۆڵێکی سەرەکی لە پیلانگێڕییەکەدا هەبوو.
دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، ئەویش کاتی خۆی سەرکۆنەی هێرشی سەر کۆنگرێسی کرد و داوای لە هەموو لایەک کرد ئارامی ڕابگرن.