وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو دەگاتە کیێڤ

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە سەردانێکی ڕانەگەیەندراوی بۆ کیێڤ ئەنجامدا و لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆکرانیا باسی لە دۆخی هێرشی بەرپەرچدانەوەی سوپای ئۆکرانیا و هەروەها هەوڵەکانی بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوە کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بلینکن لەگەڵ سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆک وەزیران دێنیس شمیهال و دیمیترۆ کولبا، وەزیری دەرەوە کۆدەبێتەوە.

هەروەها پێشبینی دەکرا بلینکن زیاتر لە یەک ملیار دۆلار لە بودجەی نوێی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا ڕابگەیەنێت.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە پشتیوانی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەوەی سوپای ئۆکرانیا بۆ ئەم قۆناغەی شەڕی دژی لەشکرکێشییەکانی ڕووسیا پێویستی پێیەتی دابین بکرێت.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد لەکاتێکدا ئەمەریکا دیدگای تایبەتی خۆی هەیە بۆ شەڕەکە، بەڵام گرنگە "هەڵسەنگاندنێکی ڕاستەقینە لە خودی ئۆکراینییەکانەوە" وەربگیرێت.

ئەو بەرپرسە هەروەها جەختی لە گرنگی ڕاوێژکردن لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆکرانیا پێش کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم مانگەدا کردووەتەوە.

گوتیشی "ئۆکرانییەکان ئەرکێکی گرنگیان لە نیویۆرک هەیە بۆ ئەوەی بۆ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانیان لە سەرانسەری جیهان ڕوون بکەنەوە کە چی ڕوودەدات و بەردەوام پێویستییان بە پشتیوانی هەیە. وە گرنگە بۆ ئێمە بەردەوام بین لە سەرکردایەتیکردنی ئەم هەوڵە جیهانییە بۆ پشتگیریکردنیان”.

هەر لە میانی سەردانەکەیدا بلینکن بەشداری لە مەراسیمی دانانی تاجە گوڵینە کرد لە گۆڕستانی بێرکۆتسکی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی ئەو سەربازانەی لە پێناو بەرگریکردن لە وڵات گیانی خۆیان بەختکردووە.

بلینکن لە ڕێگای بەرەو کیێڤ، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی دانیمارک مێت فرێدریکسن کۆبووەوە بۆ گفتوگۆکردن و باس لە شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا کرا. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بلینکن سوپاسی دانیمارکی کردووە بۆ بڕیارەکەی سەبارەت بە ناردنی فڕۆکەی ئێف 16 بۆ ئۆکرانیا و هەوڵەکانی بۆ ڕاهێنانی فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکان.

هێرشەکانی ڕووسیا

کاربەدەستانی ئۆکرانیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند، هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا بۆ سەر ناوچەی ئۆدێسا، بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی کەسێک.

ئۆلێه کیپەر، پارێزگاری ناوچەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام ڕایگەیاند، هێرشەکەی ڕووسیا ماوەی سێ کاتژمێری خایاندووە و زیانی بە ژێرخانی کشتوکاڵی بەندەری ئیزماعیلی ڕووباری دانوب گەیاندووە.

هەروەها ڕووسیا سەرلەبەیانی هەمان ڕۆژ هێرشێکی مووشەکی ئاڕاستەی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیای کرد.

سێرهی پۆپکۆ، سەرۆکی ئیدارەی سەربازی شارەکە ڕایگەیاند، بەرگرییە ئاسمانییەکان هەموو مووشەکەکانیان خستۆتە خوارەوە و هیچ زیانێک ڕانەگەیەنراوە.

سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند هەر حەوت مووشەکی کروز و مووشەکێکی بالیستیک کە ڕووسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بەکاری هێنابوو خستووەتە خوارەوە، هاوکات لە کۆی 25 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسی 15 فڕۆکەی خستووەتە خوارەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند کە بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی درەنگانی ڕۆژی سێشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانییان بەسەر ناوچەی برایانسک کە هاوسنوورە لەگەڵ ئۆکرانیا خستووەتە خوارەوە. پارێزگاری ناوچەکە لە برایانسک ڕایگەیاند، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.