حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو توندوتیژییانە دەکات کە بەرامبەر خۆپیشاندەران لە شاری کەرکوک کران و بوونە هۆی گیان لەدەستدانی 4 کەس و برینداربوونی 15 کەسی دیکە.
ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەکەیاندا تاووتوێی ڕووداوەکانی کەرکوک و کێشەی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی عێراق لەسەر بودجە و شایستە داراییەکان.
ئۆفیسی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیران لە سەرەتای بەیاننامەکە باس لە ڕووداوەکانی کەرکوک دەکات و دەڵێت"ئەنجومەنی وەزیران بە توندی سەرکۆنەی ئەو توندوتیژیەی کرد کە بەرامبەر هاووڵاتییانی سیڤلی کەرکووک کرا کە بە شێوەیەکی زۆر ئاشتییانە خۆپێشاندانیان کرد وناڕەزاییان بەرامبەر ئەو ستەمەی لە هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک دەکرێت نیشاندا، بەڵام بەداخەوە بە تەقەکردن و خوێنڕشتن وەڵامیان درایەوە."
پاشان ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات " ئەوانەی چەکیان بەکارهێناوە بۆ ڕووبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران و بوونە هۆی شەهیدکردنی هاووڵاتییانی سیڤیل لە کەرکووک، پێویستە بە زووترین کات ڕێکاریی یاسایی وقەزاییان لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر و بدرێن بە دادگا تا بە سزای خۆیان بگەن."
لە بارەی گرفتی بودجە و شایستە داراییەکان لەگەڵ بەغدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرد "چاوخشاندنەوەی پێویست و دادپەروەرانە بە بڕیارەکەیدا بکاتەوە و شایستە داراییەکانی هەرێم بەو ژمارانەی لە خشتەکانی بودجە هاتوون بۆ هەرێم خەرج بکات، بە تایبەتیش تەرخانکراوەکانی مووچە کە مانگانە 906 ملیار دینارە تا هەرێمی کوردستانیش بتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات،هاوشانی مووچەخۆرانی سەرتاسەری عیراق کە مانگانە بە بێ دواکەوتن بۆیان خەرج دەکرێت ، بۆیە پێویستە بە هەمان پێوەر ، تەرخانکراوەکانی مووچەی هەرێم لە ناو بودجەی عێراق وەک خۆی خەرج بکرێت و بەشێوەیەکی جیاواز و نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم نەکرێت بەڵکو بە پێی دەستوور و چوارچێوەی بنەمای یەکسانی لەبەرامبەر جێبەجێکردنی یاساکان ڕەفتاری لەگەڵ بکرێت."
دواتر ئەنجومەنی وەزیران داوای لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کرد یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن "لە داکۆکیکردن لە ماف و دەسەڵات و شایستە دەستووریەکانی هەرێم." پێشنیاری کرد کۆبوونەوەیەکی فراوانی بۆ هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم ئەنجام بدرێت بە مەبەستی خستنە ڕووی ڕاستییەکان.
داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان بکات بۆ "بەدەستهێنانی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی بە پێی دەستوور و ڕێککەوتنەکان و ڕێگە نەدەن چیتر مافەکانی خەڵکی کوردستان بە ناڕەوا پێشێل بکرێن."
سەرچاوە / ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان