بانگەوازی 6 حزبی سیاسی کوردستانی ئێران بۆ مانگرتنی گشتی لە ساڵیادی ناڕەزایەتییەکانی ژینا

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران، حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، بە دەرکردنی بانگەوازێک، داوایان لە خەڵکی کوردستان و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی لە هەموو شارەکانی کوردستان کردووە کە 16ی مانگی نۆ دەست بە مانگرتنی گشتی بدەن.

لە بانگەوازەکەدا لایەنەکان، لەوانە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەسەر ئەو ڕۆژە، واتە 16ی مانگ ڕێککەوتوون وەک ڕۆژی مانگرتنی گشتی لە سەرتاسەری کوردستان و داوایان لە خەڵک و هەموو چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە سەربەخۆکان کردووە بۆ بەشداری و چالاکی لە ساڵڕۆژی ژینادا.

لە بانگەوازە هاوبەشەکەی ئەو حزبانەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە "لە یەک ساڵی ڕابردوودا بزووتنەوەی ئازادیخوازی خەڵکی ئێران بە گشتی و بە تایبەتی خەڵکی کوردستان لە دژی دەسەڵاتداری ئێران قۆناغێکی نوێ و جەماوەریی بەخۆیەوە بینیوە و هەنگاوی یەکلاکەرەوی ناوە و هەر بۆیە جێگای خۆیەتی لە ڕێگەی بەشداری چالاکانە لە ساڵیادی شۆڕشی ژینا، ڕێز لە یادی شەهیدانی ئەو شۆڕشە بگرین و یادی قوربانیان و زیندانیانی سیاسی بکەینەوە."

هەروەها لە بانگەوازەکەدا کە دەگوترێت دوای چەندین کۆبوونەوە و ڕاوێژکردنی سیاسی حزبەکان پێکەوە بڵاو کراوەتەوە، لایەنە کوردییەکانی دژ بە ڕژێمی ئێران. ئاماژەیان بە ڕۆڵی ژنان کردووە و ڕایانگەیاندووە "ڕۆڵی جێی سەرنجی ژنان لە پێشکەوتنی ئەم شۆڕشەدا، کۆمەڵگەی ئێمەی بەرەو پێش بردووە و ئاسۆی سەرکەوتنی گەشاوەتر کردووە."

لە ڕۆژانی سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوو کە لە کاردانەوە بە گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی سەریان هەڵدا، حزبە کوردییەکان لە چەندین بانگەوازدا پاڵپشتی خۆیان بۆ خەڵکی شارەکانی کوردستان ڕاگەیاند و داوایان لە خەڵک کرد لە ڕێگەی مانگرتنەوە ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی ببنەوە و داواکارییەکەشیان لە لایەن خەڵکەوە پێشوازییەکی گەورەی لێکرا.

سوپای پاسدارانی ئێران لە کاردانەوە بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و مانگرتنی گشتی شارەکانی کوردستان لەسەر داوای حزبەکان، چەندین جار هێرشی کردە سەر بارەگا و بنکەی حزبەکان لە هەرێمی کوردستان و چەند کەسیکیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدا.

شایەنی باسە کە بانگەوازی حزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ مانگرتنی گشتی لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق ڕاگەیاندووه بۆ چەک کردن و گواستنەوەی کەمپەکانی ئەو حزبانە لە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاندووە 19ی مانگی نۆ وەک دوا وادەی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە دیاری کراوە.