باوکی ژینا ئەمینی بۆ VOA:  بە مەبەستی ڕێزگرتن لە گیانی ژینای ستەملێکراو ڕێوڕەسمێک بۆ ساڵانەکەی ئەنجام دەدەین

ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی لە نەورۆزی 2023 لەسەر گۆڕی ژینا

باوکی ژینا (مەهسا) ئەمینی، کە مەرگی ژینای کچی لە دەستبەسەری پۆلیسدا بوو بەهۆی خۆپیشاندان لە سەرتاسەری ئێران و جیهان، دەڵێت پلان بۆ یادکردنەوەی ساڵیادی کۆچی دوایی کچەکەی لە ئارادایە.

ئەمجەد ئەمینی لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند "بۆ ڕێزگرتن لە ناو و یادی ژینا شەهید و ستەملێکراو و بێتاوان بۆ ئاسودەیی ڕۆحی پاکی و دڵنەوایی بنەماڵەکە و کەسوکار و هەموو خۆشەویستانی، بڕیارماندا ڕێوڕەسمی ساڵانەی ئەنجام بدەین. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەکە ناتوانین بە فەرمی خەڵک بانگهێشتی مەڕاسیمەکە بکەین یان بە خەڵک بڵێین بەشداری مەراسیمەکە مەکەن."

بەڕێز ئەمینی گوتیشی "ئێستا هەمووان دەزانن کە ژینا تەنها کچی بنەماڵەی ئەمینی نییە و کچی هەموو وڵاتەکەیە و هەموو هەوادارانی ژینا وەک بنەماڵەکەی وان. بۆیە گەل هەر بڕیارێک بدات، ئێمە گوێڕایەڵی ئەوانین."

ژینا ئەمینی کچە کوردێکی تەمەن 22 ساڵانی خەڵکی شاری سەقز، لە مانگی 9 ی ساڵی ڕابردوو لە تاران لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ دەستگیرکرا، کاتێک لە دەستبەسەری پۆلیسدا بوو لە 16 ی مانگی 9 ی 2022 گیانی لەدەستدا. مەرگی ژینا بوو بە هۆی خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە سەرانسەری ئێران کە پاشان بە شۆڕشی ژینا ناودێرکرا.

لە وڵاتانی سەرانسەری جیهانیشدا لە ناویاندا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش چەندین خۆپیشاندان و چالاکی سازکرا بۆ پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندەرانی ناو ئێران.

ئەمجەد ئەمینی لەسەر دۆسێی لێکۆڵینەوەکان لە مەرگی ژینای کچی گوتی "تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ڕوون و قەناعەتپێکراومان دەست نەکەوتووە. ئەوان هەمان شتی پێشوومان پێدەڵێن، کە نە ئێمە بڕوای پێدەکەین و نە خەڵکیش. سەرەڕای ئەمەش هێشتا لە ڕێگەی پارێزەرە بەڕێزەکانەوە بەدواداچوون بۆ دۆسێکە دەکەین و هیوادارین ڕاستی بابەتەکە و مافەکانمان بەدەستبهێنین. بەڵام بەداخەوە هیچ ئەنجامێکمان بەدەست نەهێناوە و وەڵاممان نەدراوەتەوە."

پۆلیسی ئێران ڕایگەیاندووە، ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەریدا توشی جەڵدەی دڵ بووە، بەڵام بنەماڵەکەی بڕوایان بەوە نییە. دەسەڵاتدارانی ئێران داواکەی بنەماڵەکەیان ڕەتکردەوە کە لیژنەیەکی پزیشکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە مەرگی کچەکەیان پێکبهێنرێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا بۆ کەسوکاری ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا کوژراون و برینداربوون، ڕایگەیاند "هیچ پەیامێکمان نییە جگە لە دەربڕینی ڕێز و پەرۆشی خۆمان نەبێت. سوپاسگوزاریشین بۆ پشتیوانیی ئەو بنەماڵە خەمبار و زەحمەتکێشە بەڕێزانە."

گوتیشی " لە دڵەوە نیگەرانین لەوەی هۆکاربووین بۆ ئەو ئازار و نەهامەتیانەی بەسەریاندا هاتووە، هەست بە شەرمەزاری دەکەین کە نەمانتوانیوە بەهۆی بارودۆخەکەوە لە نزیکەوە هاوسۆزی خۆمان بۆ هەموان دەرببڕین یان هاوکاری و پشتیوانی پێشکەش بکەین."

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، هێزە ئاسایشییەکانی ئێران لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکاندا نزیکەی 600 کەسیان کوشتووە، لەنێویاندا ژن و منداڵ، چەند هەزار کەسی دیکەش برینداربوون و زیاتر لە 20 هەزار هاووڵاتیی ئێرانی لە دوای ئەو ڕووداوە دەستگیرکران.

ئێران خۆپیشاندانەکانی کە تیایدا دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەگوترایەوە، بە دەستوەردانی دەرەکی وئاژاوەگێڕی ناودێر کرد.

لە مانگی هەشتدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئێرانی تۆمەتبار کرد بە پەرەپێدانی هەڵمەتی هەراسانکردن و تۆقاندن دژی خێزانی ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوودا کوژراون. گروپەکە ڕایگەیاندووە، دۆسیەی 37 خێزانی قوربانییان لە 10 پارێزگای سەرانسەری وڵاتەکەدا بە بەڵگە کردووە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا مافە مرۆڤییەکانیان پێشێلکراوە.