بۆچی بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان وەک پێویست نییە؟

هەرچەندە هەرێمی کوردستان خاکێکی بەرینی گونجاوی هەیە بۆ کشتوکاڵ، بەڵام هێشتا وەک پێویست بۆ ئەم مەبەستە سوودی لێوەرنەگیراوە هەتا هەر هیچ نەبێت دانیشتووانەکەی ناچار نەبن دانەوێڵە و سەوزە و میوەی وڵاتانی دیکە بکڕن.

وەک باس دەکرێت یەکێک لە هۆکارەکانی هاوردەکردنی بەروبوومی وڵاتانی دراوسێ ئەوەیە هەرزانترە یان باشترە بەراورد بە بەرهەمە خۆماڵییەکان، ئەمەش کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، لەوانە لە زۆر کێڵگەی کشتوکاڵی هەرێم بە شێوەی زانستی کار ناکرێت هەتا بە کەمترین تێچوون بەروبوومێکی باشتر بەدەستبهێنرێت.


دەپرسین:
بۆچی وەک پێویست بە شێوەیەکی زانستی کار لەکەرتی کشتوکاڵ نەکراوە؟

بۆچی سەدان کەسی شارەزا و ئەکادیمی و پرۆفیسۆر لە بواری کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام نەتوانراوە سوود لە تواناکانی زۆربەیان وەربگیرێت؟

بۆچی جوتیارانی خاوەن ئەزموون و سەرکەوتوو کە کاری سەرسوڕهێنەر دەکەن، لەوانە ئازاد هەڵەبجەیی، هەتا ئێستا لە زانکۆیەکی هەرێمی کوردستان بڕوانامەیەکی دکتۆرای فەخری پێشکەش نەکراوە؟

لە گفتوگۆی ڕۆژی دەنگی ئەمەریکا تاووتوێی گرفتەکانی بەردەم پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:

1- هیوا عەلی، وتەبێژ و بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان.

2- دکتۆر ڕەفائيل شەليمون توما، پرۆفیسۆر لە بواری چاندنی ڕووەک لە بەشی چاندن- لە کۆلێژی زانستی- ئەندازیاری چاندن لە زانکۆی دهۆک.

3- پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر فەوزي شوانی، سەرۆکی بەشی بایۆتەکنۆلۆژی و زانستی بەروبوومی کێڵگەیی پسپۆر لە ئامێرە کشتوکاڵییەکان.

هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لەبەرنامەکەدا وتی: کێشەی کەرتی کشتوکاڵ لە ڕابردوو ئەوە بووە کە ئەم وەزارەتە لە کابینەکانی ڕابردوو دراوە بە لایەنی لاواز، بەڵام لەم کابینەیەدا سەرەڕای قەیرانی ئابوری کاری باش کراوە، لە ڕووی بەرهەمهێنان و بایەخدان بەکەرتی کشتوکاڵ لە ئاستی گۆشتی مریشک و پارچەکانی گۆشتی مریشک خۆ بژێویمان تێپەڕانددووە ئێستا بیر لە دۆزینەوەی بازاڕ دەکەینەوە.

لای خۆشیەوە د. فەوزی شوانی سەرۆکی بەشی بایۆتەکنۆلۆژی و زانستی بەروبوومی کێڵگەیی پسپۆر لە ئامێرە کشتوکاڵیەکان، لە زانکۆی سلێمانی لە دوای 2003وە ئەو پێشکەوتنانەی لە بوارە جیاوازەکان، بە تایبەت کەرتی کشتوکاڵ هەبوو زیاتربوو لە ئێستا، دۆخی کەرتی کشتوکاڵ لە 2003 هەتا 2015 باشتر بوو بەراورد بە ئێستا، ئەو کات چەندین خول دەکرانەوە، هەماهەنگی باش بوو هەبوو لە نێوان ئێمە وەک زانکۆکان وە وەزارەتی کشتوکاڵ ، بەڵام ئێستا زۆر کزبووە و یان سست بووە، ئەوەی کە پێویستە دەبێت حکومەتی هەرێم زیاتر بایەخ بەکەرتی کشتوکاڵ بدات، ئەوەی گرنگە حکومەتی هەرێم لە ماوەی ڕابردوو زۆر بایەخی دا بە کەرتی کشتوکاڵ، سەرکەوتنی ئەم کەرتە گەرەنتی سەرکەوتن و سەربەخۆیی و سەرکەوتنی کەرتەکانی تریش دەکات.

"ئەوەی کە ئێمە زیاتر بەدەستیەوە دەناڵێنین، مەسەلەی ڕۆتینە، جاری وا هەیە ئێمە بەشی هەفتەیەک عەلەفمان هەیە بۆ ئاژەڵەکان، کاتێک نووسراو دەکەین بۆ دابینکردنی عەلەف لەبەر ڕۆتینات و خاوی لەکاتێکدا ئەلیکترۆنیشە سیستمەکە تا دەڕوات بۆ وەزارەت و دێتەوە و بڕیاری دابینکردنی عەلەف دەدرێت سێ هەتا چوار مانگی پێدەچێت ئەمە لەکاتێکدا بەپەلە داوامان کردووە و وتومانە بەشی هەفتەیەک عەلەفمان هەیە، بەو هۆیەوە چەندین ئاژەڵ لە برسادا مردار بوونەتەوە یان دەبێت بەپەلە بیانفرۆشن."

لای خۆشیەوە دکتۆر ڕەفائيل شەليمون توما، پڕۆفیسۆر لە بواری چاندنی ڕووەکی بەشی چاندن- لە کۆلێژی زانستی-ئەندازیاری چاندن لە زانکۆی دهۆک، جەختی لەسەر قسەکانی د. فەوزی شوانی کردەوە و ڕایگەیاند: هەروەک د. فەوزی شوانی وتی، دۆخی کشتوکاڵ لە ساڵانی ڕابردوو باشتر بوو بەراورد بە ئێستا، بەڵام ئومێد هەیە بەرەو باشتر بچێت بە هەموومان دەستبخەینە سەر برینەکان و چارەسەرییان بکەین.

هەر لە بەرنامەکەدا هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم وتی: هەر لەم کابینەیەدا توانراوە 31 گرێبەست بکرێت بۆ کڕینی ئامێرە کشتوکاڵییەکان، نامەوێت باسی دەستکەوتەکانی ئەم وەزارەتە لەم کابینەیە زیاتر بکەم، بەڵام هێشتا لە تموحی ئێمەدا نییە.

بەڵام د. فەوزی شوانی وتی: من لە خەمخۆری کاک هیوا و وەزارەتی کشتوکاڵ تێدەگەم، بەڵام جەخت لەو قسەیە دەکەمەوە کە هەماهەنگی و پەیوەندی وەزارەت بە کەسانی ئەکادیمی کەمترە وەک لە ساڵانی 2003 هەتا 2015 ، هەر بۆ نمونە کاک هیوا وتی، ئەو ژمارە زۆرە گرێبەستە کراوە بۆ کڕینی ئامێرە کشتوکاڵییەکان، بەڵام نامەوێت وەسفی خۆم بکەم کەسێکی وەک من کە تەنها پسپۆڕم لە کوردستان لە ئامێرە کشتوکاڵییەکان بە پلەی دکتۆرا (ئوستاز مساعد) کەس پەیوەندی بە من نەکردووە وەک تاکە پسپۆڕ لە کڕینی ئەو ئامێرانە بە ڕاستی ئەمە کەموکوڕی و نەبوونی پەیوەندییە لە نێوان ئێمە وەک کەسانی ئەکادیمی و وەزارەتی کشتوکاڵ، خۆ کەسانی تر هەیە، بەڵام پلە زانستییەکەی وەک هی من نییە، خۆ ئەگەر وەزارەت بڵێ خەڵکمان هەیە ئەوا من باسی ئەوانە ناکەم کە کاتی خۆی خۆم وانەم پێ وتون، من باسی پلەی زانستی و ئەکادیمی دەکەم کە کەس ئەو پلە زانستیەی منی نییە.

لای خۆیەوە وتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ بەڵێنی دا، کە بانگهێشتی( د. فەوزی شوانی) بکەن بۆ وەزارەت و بۆ لای وەزیری کشتوکاڵ بۆ پێشکەشکردنی پێشنیار و ڕێنماییەکانی وەک کەسێکی ئەکادیمی بە خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی دەکەین لە وەزارەت ئێمە ئەگەر بمانناسیایە پێشتر لە لیژنەی سەرەکی داماندەنا، ئێستاش وەک مامۆستای خۆمان بانگهێشتت دەکەین تەشریف بهێنێ بۆ وەزارەت بۆ پێشکەشکردنی سەرنج و پێشنیارەکانی بۆ بەرەو پێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ تەنانەت خودی جەنابی وەزیر و ئەنجومەنی وەزارەتیش سوود لە پێشنیارەکانی وەردەگرین وەک مامۆستایەکی پسپۆڕ و ئەکادیمی.
تەواوی بەرنامەکە لەم فایلە دەنگییەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

بۆچی بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان وەک پێویست نییە؟