ڕاپۆرتێکی نوێ تیشک دەخاتە سەر تاوانەکانی حکومەتی ئێران لە جوانڕۆ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابروودا

لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ڕابردووی ئێران، کورد و بەلوچەکانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی سەرکوتکردنێکی قورسی هێزە ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوونەوە. یەکێک لەو شارە کوردنشینانەی کە توندوتیژییەکی زۆر تێیدا ڕوویدا، شاری جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان بوو.

لە ئێستادا ڕێکخراوی کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران و تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بە هاوبەشی راپۆرتێکیان لەسەر ڕووداوەکانی جوانڕۆ بڵاو کردووەتەوە و دەڵێن زانیاری سەرەکی و گرنگیان لەو بارەوە بەدەستهێناوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەم دوو ڕێکخراوەیە کە ڕۆژی سێشەممە، 5ی مانگی نۆ بڵاوکراوەتەوە، هێزە ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نێوان 8ی مانگی هەشت تا31ی مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوو بە ئەنقەست و لە رێگەی چەکی سەربازییەوە، خۆپیشاندەرانیان لە شاری جوانڕۆ کردوەتە ئامانج کە لە ئەنجامدا هەشت هاووڵاتی، لەوانە منداڵێک کوژراون.

عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان کە بەشداری لە ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکەدا کردووە، لە بارەی چۆنییەتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکەوە بە دەنگی ئەمەریکا گوت "لە ڕاپۆرتەکەدا جگە لە پێداچوونەوە بە سەدان وێنە و ڤیدیۆی ڕووداوەکان، لەگەڵ 38 شایەتحاڵ و ئەندامانی بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە جوانڕۆ کوژراون یان بریندار و دەستبەسەرکراون چاوپێکەوتنیان کردووە."

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "لە میانەی ئەو سەرکوتکردنانەدا، لانیکەم 80 کەس بە منداڵیشەوە بە قورسی لەو شارە برینداربوون" و "لە زۆر حاڵەتدا، بریندارەکان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە لێیاندراوە" و جگە لەوەش هیزەکانی ئاسایش "کێشە و بەربەستی زۆریان لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بۆ بریندارەکان دروستکردووە".

بەڕێز حەسەنپوور لە قسەکانیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا گوتیشی "سەرکوتکردنی خوێناوی جوانڕۆ لە ڕوانگەی یاساییەوە نموونەیەکی ڕوونی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بووە."

بەپێی ئەو توێژینەوەیە، "89 کەس لەنێویاندا 26 منداڵ بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دەستبەسەر کراون" و "زۆرێکیان بە منداڵانیشەوە ئەشکەنجە دراون و لە هەندێک حاڵەتدا هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسییان لەسەر کراوە".

ئەم دوو ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە "کەس و کاری کوژراوەکان و بریندارەکان و دەستگیرکراوەکان لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشی ئێرانەوە فشاریان خراوەتە سەر کە بێدەنگ بن بەرامبەر بە بارودۆخی ئازیزانیان".

لە ڕاپۆرتەکەدا داوا لە لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ئێران کراوە کە "بە وردی لە ڕووداوەکانی جوانڕۆ بکۆڵنەوە" و داوا لە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و توێژەرانیش کراوە "هەموو هەوڵێک بدەن بۆ دەستخستن و کۆکردنەوەی بەڵگەنامە، تۆماری پزیشکی و قسەی شایەتحاڵەکان و بیانخەنە بەردەم لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان."

بانگهێشتکردنی باڵوێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرکۆنەکردنی "تاوانەکان لە جوانڕۆ" یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی ئەو دوو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤە لە "حکومەتەکانی جیهان" و هەروەها داوا لە ئەنجومەنە یاساییە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤە کراوە بۆ پشتیوانیکردنیان لە داخوازی دادگاییکردنی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی."