"وەکو ژن دەبێت ئازایەتییەکی زۆر لە ناختدا هەبێت بۆ ئەوەی بگەیتە ئەو ئاستەی کە پێتبڵێن بەڕەڵا،" ئەمە لێدوانی کچە کوردێکی هونەرمەندە بە ناوی ناز محەمەد کە هەفتەی ڕابردوو گۆرانی کچی بەڕەڵای لە هۆڵەندا بڵاوکرایەوە.
ناز محەمەد تێکستی گۆرانییەکەی بە زاراوەی کاکەیی نوسیوە و لە نمایشێکی هۆڵی شانۆی شاهانەی کارێی لە ئەمستەردام کارەکەی پێشکەشکرد.
لەو نمایشەی کە سەدان کەس ئامادەی بوون و لە یوتوب گۆرانییەکە بڵاوکراوەتەوە، ناز هاواردەکات دەڵێت، "من شاخێکم من شاخێکم، پێمبڵێ کچی بەڕەڵا."
هەروەها گۆرانییەکەی لە هەژماری تویتەری کە ئێستا بووە بە ئێکس، بڵاو کردووەتەوە.
لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە تێکستی گۆرانیەکەی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە پرسار لەسەر دەستەواژەی "کچی بەڕەڵا" دروستبکات کە بە گوتەی خۆی بۆ ئەو کچانە بەکاردەهێندرێت کە "ڕوحێکی سەربەخۆ و ئازادیان هەیە."
ناز محەمەد وتی، "گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە بەڕەڵا وشەیەکی خراپ نییە. ئەو ژنەی کە پێی دەگوترێت بەڕەڵا، لە ڕاستیدا کەسێکی خراپ نییە بەڵکو یاخییە."
دەشڵێت، "زۆر جار پێمگوتراوە بەڕەڵا لە بەر هیچ هۆکارێک نا جگە لە هەبوونم. کاتێک کە لە تەلەفزیۆن کچێک دەردەکەوێت کە کەمێک قۆڵ و شانی دیارە، خەڵک یەکسەر دەڵێن، 'ئەم کچە بەڕەڵایە، خۆی فرۆشتووە.' ئەم ڕەفتارەی کۆمەڵگا هەمیشە ئازاری دڵمی دەدا چونکە ئەوەی لەم جۆرە ژنانە دەمبینی تەنها ئەوە بوو بەدوای ئاواتەکانیان و گوزارشت لە ناسنامەیان دەگەڕان."
ناز محەمەد دایکی کاکەیی شاری بەغدایە و باوکی خەڵکی سلێمانییە. دایک و باوکی لە ساڵانی هەشتاکان کۆچیان کردووە بۆ ئەوروپا و دوای ئەوە ناز لە دایکبووە.
ناز دەڵێت سەرەتاکانی تەمەنی وەکو کچە کوردێک ئاسان نەبووە بەهۆی جیاوازی کلتوری خێزانەکەی لەگەڵ گەلی هۆڵەندا.
دەڵێت، "سەرەتا بۆ من قورس بوو مامەڵە لەگەڵ جیهانە ڕەش و سپیەی دایک و باوکم بکەم کە تێیدا لای ئەوان ئەوەی بەشێک بوو لە کلتوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باش بوو ئەوەشی کە پەیوەندی بە ڕۆژئاواوە هەبوو خراپ بوو. ئەوان بە ئەزمونێکی خراپی شەڕدا تێپەڕبوون. بەڵام ئەمە لە کۆتاییدا وایلێکردم ببمە کەسێکی زۆر ئەرێنی لە ژیاندا بۆ ئەوەی یارمەتی دایک و باوکم بدەم بزانن دەکرێت لە هەموو شتێکدا ئەزمونێکی باش دروستبکرێت."
ڕاشیگەیاند، "پێچەوانەی ڕابردوو، ئێستا دایک و باوکم زۆر کراوەن چونکە ژیانم دەبینن و دەزانن کەسایەتیم چۆنە. چونکە دەزانن کە پۆشینی تەنورە و جلێکی بێ قۆڵ و گۆرانی وتن خراپ نییە و خەڵک خۆشیان دەوێم. تاکە ڕێگا بۆ بەدیهێنانی ئەمە بریتییە لەوەی خەڵک ئەزموونی ئەمە بکات و خۆیان ئەنجامەکەی ببینن."
ناز محەمەد پێی وایە زۆربەی ئەو کوردانەی لە دەرەوەی کوردستان گەورەدەبن لە سەرەتادا توشی بەربەستی گەورەی کۆمەڵایەتی دەبن بەهۆی ئەوەی ناتوانن بە ئاسانی مامەڵە لەگەڵ بەریەککەوتنەکە بکەن کە لەنێوان کلتوری کورد و ئەوروپا دروستدەبێت.
بەڵام سەرەڕای ئەوە، ناز گەشبینە و پێی وایە ئەو کوردانەی ئەوروپا دەتوانن لە کۆتاییدا بەربەستەکان بکەن بە هەل بۆ گەشەپێدانی خۆیان و بۆ ئەوەی ببن بە بەشێک لە گەشەپێدانی گفتوگۆی کۆمەڵایەتی لە کوردستان.
ناز محەمەد وتی، "باوەڕم وایە لە قوڵایی کورددا باوەڕێکی بنەڕەتی هەیە بۆ بەهێزکردنی ژن ، وەکو نمونە دەستەواژەی 'ژن، ژیان، ئازادی' و هەروەها شەرڤانانی ژن...یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە کورد چەوساوەیە و باوەڕی بەهێزی بە ئازادی هەیە. جا ناکرێت تۆ شەڕ بۆ ئازادی بکەیت بەڵام خۆت کۆمەڵێک یان چینێک بچەوسێنیتەوە. لەبەر ئەوەشە من زۆر بە کوردایەتی خۆم شانازی دەکەم...پێموایە و هیوادارم کە کۆمەڵگەی کورد لە ئەوروپا بتوانێت گەشە بکات و بۆ ناو کوردستان گەشەکەی بگوازێتەوە.