بەرزی ڕێژەی حاڵەتەکانی خنکان لە ڕووبار و دەریاچەکانی هەرێمی کوردستان

هەرچەندە هەرێمی کوردستان لەسەر دەریا و ئۆقیانوس نییە، بەڵام زوو زوو هەواڵی مەرگی کەسێک دەبیستین کە لە ئەنجامی خنکان لە کاتی مەلەکردندا گیانی لەدەستداوە.

لە ژمارەیەکی زۆری وڵاتان بە گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێن توانیویانە هەتا ئاستێکی باش قوربانییانی ئاکامی خنکان لە ناو ئاودا کەمبکەنەوە، ئەویش لە ڕێگەی دەستنیشانکردنی شوێنی تایبەت بۆ مەلەکردن و دانانی کەسانی مەلەوانی شارەزا لەو شوێنانە کە بە پاسەوانانی ژیان Lifeguard ناودێریان دەکەن.

دوو پاسەوانی ژیان لە کەنار ئاوێکی شاری نیویۆرک لە ئامادەباشیدان

ئەم پاسەوانانە ڕاهێنانی تایبەتیان پێدەکرێت و فێردەکرێن کە چۆن کەسێک لە خنکان ڕزگاربکەن و فریاکەوتنی سەرەتایی بۆ بکەن و تەنانەت فێریشدەکرێن چۆن هەوڵبدەن دڵێکی وەستاو بخنەوە جوڵە. ئەم کەسانە بە جلی مەلە و ئامێری پێویست لە قەراغ ئاوی ئەو شوێنانە بڵاودەکرێنەوە کە خەڵکی بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لێی کۆدەبنەوە.

پرسیار دەکەین:

بۆچی لە هەرێمی کودستان پاسەوانی لەو جۆرە لە نزیک ئەو شوێنانە دانانرێن کە خەڵکی مەلەی تێدا دەکەن؟

بۆچی لایەنە پەیوەندیدارەکان شوێنی تایبەت بۆ مەلەکردن لە ڕووبار و دەریاچەکان دەستنیشان ناکەن؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژی دەنگی ئەمەریکا، تاووتوێی ئەم بابەتە کرا بە میوانداری:
سیروان سەرحەد خەلیفە، قایمقامی شارۆچکەی دووکان.
عەقید فیراس یاسین، ئەفسەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئاکرێ.

سیروان سەرحەد خەلیفە:
"یەکێک لە هۆکارەکانی خنکان پابەند نەبوونە بە ڕێنماییەکانی ئێمە، وە هۆکارێکی تر زۆربەی ئەو حاڵەتانەی کە ڕوویانداوە خەڵکانی باشور و ناوەڕاستی عێراقن و شارەزای ناوچەکان نین ، دەچنە شوێنێک مەلە دەکەن ، هەتا هەندێک لەوانە تووشی جەڵتەی دڵ دەبن بە جەڵتە دەمرن پێش ئەوەی بخنکێن، ئێمە تیمێکی غەواسی شارەزامان هەیە کە ماوەی ساڵێک لە لایەن کونسڵخانەی فەرەنساوە کەمپی ڕاهێنانیان بۆ کرایەوە ئێستا زۆر شارەزان جگە لەوەی ڕێنماییمان هەیە بۆ گەشتیاران."

عەقید فیراس یاسین:
"هاووڵاتی هەیە چوار منداڵی خۆی دەباتە سەر ڕووبار بۆ ئەوەی مەلە بکات یان ئۆتۆمبێلی خۆی دەباتە ناو زێ و ڕووبارەکان بۆ ئەوەی بیشوات و منداڵ دەبات و دەکەونە ئاوەکەوە. ئەمساڵ لە سنووری ئاکرێ 9 کەس خنکاون کە 2 کەسییان عەرەب بوون."

"لێرەدا داوا دەکەم کە پۆلیسی ڕووبار دابمەزرێت بۆ ئەوەی نەک تەنها ڕۆژانی هەینی و شەممە بەڵکو ڕۆژەکانی تریش لە نزیک سەرچاوە ئاوییەکانەوە بن تا چاودێری گەشتیاران بکەن و پێشگری بکەن لە خنکان."

لای خۆشیەوە قایمقامی دووکان وتی:
"من هاوڕام لەگەڵ قسەکانی عەقید فیراس کە چۆن پۆلیسی نەوت و گاز و دارستان هەیە، ئاوەهاش پۆلیسی ڕووبارەکان هەبن ، لێرەوە داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەکەین کە بەشێکی تایبەت بکەنەوە و پۆلیسی ڕووبار یان دەریاچە دابین بکەن بۆمان ، هەروەها پێویستمان بە بەلەمی نوێ هەیە، وە هەروەها ماتۆڕی جێسکی تایبەت بە غەواسمان پێویستە تا لە زووترین کاتدا بگەنە سەر ڕووداوەکان و گیانی ئەو کەسانە ڕزگار بکەن کە دەکەونە ناو ئاوەکان، چونکە جگە لەو ئامارانەی باسمکرد ڕووداوەکان ، بە دەیان کەسیش لەلایەن تیمی غەواس و گەنجانی خۆبەخش لە ناوچانە ڕزگار دەکرێن، ڕاستە ئێمە تیمی بەرگری شارستانیمان هەیە بەڵام ئەمە تەنها پەیوەست نییە بە مەلەوانی، بەڵکو ئەگەر ڕووداوی ئاگر کەوتنەوە یان ڕووداوی تر ڕووبدات دەێت بچن بۆ ئەوانەش، بۆیە لێرەوە جارێکی تر داوا لە وەزیری ناوخۆ دەکەم کە هۆبەیەکی تایبەت بە پۆلیسی ڕووبار یان دەریاچە بکەنەوە تا هەم سامانی ماسی و هەم گیانی گەشتیاران بپارێزن، ئەم تیمەی ئێمە (پۆلیسی ڕووبار) پێویستی بە بودجەی تایبەت و دامەزراندن نییە چونکە هێزی ناوخۆمان زۆرە ماشەڵا وڵاتێکی پێ بەڕێوەدەچێت، هەر پۆلیسی نەوت و گاز و دارستان و ئەوانی تریش سەر بە وەزارەتی ناوخۆن ، خودی وەزارەتی ناوخۆ دەتوانێت داوا بەشێک لە هێزەکانی ناوخۆ بکات بۆ دابینکردنی چەند تیمێک، وە من پێم وانییە چەندە دۆخیش خراپ بێت حکومەت نەتوانێت چەند بەلەم و کەلوپەلێکی کەم دابین بکات، بۆیە کردنەوەی هۆبەی پۆلیسی دەریاچە هیچی وای تێناچێت هەر تەنها بڕیارێکی جەنابی وەزیری دەوێت."

تەواوی بەرنامەکە لەم فایلە دەنگییەی خوارەوەیە:

Your browser doesn’t support HTML5

بەرزی ڕێژەی حاڵەتەکانی خنکان لە ڕووبار و دەریاچەکانی هەرێمی کوردستان