دەستکەوتەکانی ناڕەزایەتییەکانی ژینا

سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەکان و هەڵسوکەوتی نادروستی هەندێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێرانن بەرامبەر بە "شۆڕشی ژینا"، وایکرد ناڕەزایەتییەکان تاکو ئێستا نەبن بە مایەی وەرچارخانێکی مێژووی لە ئێراندا،ئەمەش بە وتەی زۆرێک لە شرۆڤەکارانی بارودۆخی ئێران، بەڵام لە لایەکی دیکەوە زۆر کەس پێیان وایە ناڕەزایەتییەکان هەتا ئێستاش دەستکەوتی بەسوود و گرنگیان هێناوەتە ئاراوە بۆ خەڵکی ئێران. لەم نووسینەدا چاوێک دەخشێنین بەو دەستکەوتانەی دوای ناڕەزایەتییەکانی ژینا لە ئێران هاتوونەتە ئاراوە.

پرسی حیجابی زۆرەملێ

یەکێک لە دەستکەوتەکانی ناڕەزایەتییەکانی ژینا، دەرخستنی مافە ڕەواکانی ژنانی ئێران بووە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تا ڕادەیەک پاشەکشە پێکردنی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە لە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ و پۆلیسی ئاکاری ئەو وڵاتە لە نێو شەقامەکاندا. بۆ نموونە ئەگەر پێشتر حیجابی نەشیاو و نەگونجاوی ژنان، کێشەی بەرپرسانی ئیران بوو، لەئیستادا کێشەکەیان لە حیجابی نەشیاو بووە بە لابردنی تەواوەتی حیجابی زۆرەملێ و و زۆرکەسیش ئەمە بە دەستکەوتێک بۆ ژنانی ئێرانی ناو دەبەن، هەرچەندە بەرپرسانی ئێران لە ئێستادا بەدوای ڕێگا و ڕێوشوێنی دیکەدان بۆ سنووردارکردنی ژنان.

ئەسرین ئەسکەندەری، توێژەری فەلسەفە و چالاکوانێکی بواری فیکری و فەرهەنگی کەمایەتییەکان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە پرسی حیجابی زۆرەملێ دوای ناڕەزایەتییەکانی ژینا دەڵێت ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە بۆ حکومەت دەرکەوتووە چیدیکە ناتوانێت لە ڕێگای سەرکوتکردنی توندوتیژانەوە بەرنگاری ئازایەتی گەنجان و ژنانی ئێران ببێتەوە.

ئەسرین ئەسکەندەری

دەشڵێت "ئەگەر پاشەکشەیەک لە شێوەی سەرکوتکردنەکانی بەپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە ژنان هاتبێتە ئاراوە، هۆکارەکەی دەگەێتەوە بۆ چالاکی و ئازایەتی و ئامادەبوونی ژنان لە نێو شەقامەکاندا."

یەکدەنگبوون و ڕێکخستنی ژنان

جیا لە ڕۆڵی کۆمەڵگەی نەریتی ئێران و بەرپرسانی ئایینی و پارێزکاری ئەو وڵاتە لە سنوردارکردنی ژنان و دواخستنیان لە دەستبەرکردنی مافەکانیان، زۆر کەس پێیان وایە هۆکاری دیکەی سەرەکی بۆ ئەو دواکەوتنە، نەبوونی یەکگرتوویی نێوان گروپەکانی ژنان و نەبوونی ڕێکخراو و ڕێکخستن بووە بۆ داواکارییەکانیان، بەڵام لەدوای ناڕەزایەتییەکانی ژینا تا ئاستێکی زۆر یەک دەنگی و یەکگرتووەیەک لە نێوان هەموو ژنانی ئێراندا هاتوەتە ئاراوە.

ئەوین موستەفازادە، چالاکوانی مافەکانی ژنان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت پێشتر ژنانی ناوەند پێیان وابوو دەنگی ڕاستەقینەی هەموو ژنانی ئێرانن و لەگەڵ ژنانی نەتەوەکانی دیکە زۆر هاودەنگ نەدەبوون و دانیان بە زۆرتربوون و جیاوازییەکانی جۆرەی چەوساندنەوەی ژنانی پەراوێز نەدەنا.

ئەوین موستەفازادە

دەشڵێت "دوای شۆڕشی ژینا، ژنانی ناوەند و شارە گەورەکان درکیان بە پێویستی هاودەنگی لەگەڵ ژنانی نەتەوەکانی دیکە کرد و ئەمەش لە ئیستادا بووەتە هۆی هاودەنگییەکی بەهێز لەنێو هەموو ژنانی ئێراندا."

ناڕەزایەتییەکانی ژینا و گۆڕینی داب ونەریتەکانی کۆمەڵگە

دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان، ئازادییە تاکەکەسییەکان و مافەکانی مرۆڤ لە ئێران تەنها بە گۆڕینی سیستەمی سیاسی و هەموارکردنەوەی یاسا و ریساکان بەدی نایەت، بەڵکوو گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە پێویستی بە گۆڕینی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی خەڵکیش هەیە.

لای زۆر کەس ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران، جیا لە دیوە سیاسییەکانی، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیش بووە کە بەرنگاری نۆرم و بەها پیاوسالارییە ڕەگداکوتاوەکانی کۆمەڵگەی ئێرانیش بووەتەوە و توانیویەتی هۆشیاری لەمەڕ پێویستیی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی جێندەری زۆرتر بکات و زۆرێک لە خەڵکی ئێران هان بدات بۆ بەشداریکردنیان لە داواکاری بۆ مافەکانی ژنان و مافە سەرەتاییەکانی دیکەی ژیان.


ئەسرین ئەسکەندەری دەڵێت "شۆڕشی ژینا، شەڕی بەهاکانە و دروشمی "ژن،ژیان،ئازادی" نەوەک تەنها لە ئێران، بەڵکو لە وڵاتانی دراوسێی ئێرانیشدا کاریگەری هەبووە و داوای ئاڵۆگۆڕی بنەڕەتی بەهاکان دەکات، ئەو بەهانەی کە لە ڕێگای ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانەوە چەسپاون."

دەشڵێت "شۆڕشی ژینا وایکرد هەندێ تابۆ لە کۆمەڵگە نەریتیەکاندا بشکێت و تا ڕادەیەک وەک ئەمرێکی واقیع سەیر بکرێن، وەک پرسی هاوڕەگەزخوازان کە دەنگیان لەم شۆڕەشەدا بەرز کرایەوە و ئەمەش ئەگەر شۆڕشی کۆمەڵایەتی و بەهاکان نەبێت، دەتوانێت چ بێت؟!."

کولتوری دروستبوونی ئەنجومەن و کۆمیتەکانی ڕێکخستن و مانگرتنی گشتی

یەکێک لە تایبەتمەندی بزووتنەوە جەماوەریەکان ئەوەیە کە لە گەرمەی خەباتدا، هەموو جۆرە گرووپ و کۆمیتەیەکی رێکخستن دروست دەکات و هەزاران تۆڕی سیاسی ئۆرگانیک و خۆڕسک تێیاندا سەرهەڵدەدات. زۆرێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرهەڵدانی ئەنجومەن و کۆمیتە و ناوەندەکانی ڕێکخستن بە هۆی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی حکومەتەوە بواری سەرهەڵدانیان نەبووە، بەڵام سروشتی درێژخایەنی ناڕەزایەتییەکانی ژینا بوو بە هۆی سەرهەڵدانی تۆڕە جوراوجۆرە سیاسی و مەدەنییەکان و زۆرێ لە کردارە سیاسییەکان کە تا پێش ناڕەزایەتییەکانی ژینا بۆ زۆرینەی خەڵکی ئێران نامۆ بوون، دوای ناڕەزایەتییەکان بوون بە جێگای تێگەیشتن، وەک بیرۆکەی "مانگرتنی گشتی" کە تا ڕادەیەکی زۆر تەنها لە شارەکانی کوردستان باو بوو، لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ژینا بوو بە کردەوەیەکی گشتگیر لە نێو هەموو خەڵکی ئێراندا.

عەدنان حەسەنپوور، نووسەر و ڕۆژنامەوان لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە سەرهەڵدانی ئەو چەشنە ئەزموونانە دەڵێت "بێگومان ئەم سەرهەڵدانە و شۆڕشی ژینا کۆمەڵێک ئەزموون و تاقیکردنەوەی تازەی پێشکەش بە خەڵکی ئێران کردووە کە بە گشتی دەتوانن ئاڕاستەیەکی پۆزەتیڤ وەربگرن و ببنە هەوێنی وەرچەرخانێکی کاریگەر لە ڕەوتی سیاسەت و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا."

عەدنان حەسەنپوور

ئەو دەشڵێت "وازهێنان لە کولتووری سیاسی سواوی ئێرانی مەرجی یەکەمە بۆ ئەوەی ئەزموونەکان ببنە کردەی بەردەوام و ئامانجدار و خودی ئەمەش وابەستەی پیاچوونەوەیەکی هەمەلایەنەیە بە مێژووی سیاسەت لە ئێران و قبووڵکردنی خاکەسارانەی هەموو ستەمکارییە مێژوویی و درێژخایەنەکان، ئەو ستەمکاری و قەیرانانەی وایان کردووە ئێران بەردەوام لە ناو بازنەی شکستدا بخولێتەوە."

سەرهەڵدانی هاوپشتی نێودەوڵەتی

شروڤەکاران و دژبەرانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێن دەیان ساڵ کارکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بەهێزکردنی هەستی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی شیعە تەوەر و دستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ وایکردبوو کە خەڵکی ئێران لە خەڵکی وڵاتەکانی دیکە لە ناوچەکەدا داببڕین، بەڵام دوای ناڕەزایەتییەکانی ژینا و دروستبوونی گوتارێکی هاوبەش لە نێوان هەموو ژنانی ناوچەکە، شەپۆلی هاوپشتی و هاوسۆزی خەڵک لە ئەفغانستانەوە بگرە تا دەگاتە لوبنان، تونس، تورکیا و سوریا سەریان هەڵدا و هاوسۆزی و پاڵپشتی خۆیان بۆ خەڵکی ئێران بە گشتی و بە تایبەت بۆ ژنان دەربڕی.


عەدنان حەسەنپووردەڵێت "کێشەی نێوان شوناسە جیاوازەکانی ناوچەکە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، بەڵام کێشەکان بەهاتنی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاستێکی قووڵتر و ڕەهەندێکی ئایینی جیدیتریشی وەرگرت. لە لایەکی ترەوە لە ساتەوەختی دروستبوونی حکومەتی مۆدێرنەوە لە ئێراندا هەوڵی گەڕانەوە بۆ جۆرێک لە مێژووگەرایی ساختەی ئێرانی دراوە تاکوو وا نیشان بدرێت کە ئێران (فارس) ئاخێزگەی ژیار و هونەر و کولتووری جیهان بووە، ئەمەش لە خۆیدا ببووە هۆی پەرچەکردار لە لایەن نەتەوەکانی وڵاتانی دیکەوە. بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو چەشنێک لە سیاسەتی پشتبەستوو بە شوناسی ئێرانی-فارسی باڵی بەسەر کۆی فەزای سیاسی ئێراندا گرتبوو و زۆر ئاساییە کە سیاسەت-شوناس بەرهەمهێنەرەوەی «ئەویدی»یەک بێت کە هەست دەکا دەبێ بە هەموو هێزیەوە ئەو ئاڕاستە و بەرە شوناسخوازە شکست پێ بهێنێت یان لانیکەم وەک دۆست لێی نەروانێت."

بەڕیز حەسەنپوور لە درێژەی ئەو باسەدا دەڵێت "لە ئیستادا بۆ یەکەم جار لە ئێران گوتارێک سەری هەڵداوە کە سیاسەت-شوناسی تێپەڕاندووە و هەوڵی داوە لەسەر بنەمای کۆمەڵە بەهایەکی جیهانگیر خۆی ڕێک بخات، کە ئەوەش هەمان گوتاری ژن، ژیان، ئازادییە و بێگومان چ لە ئاستی ناوچەکە و چ لە ئاستی جیهانیشدا خەڵکانێکی زیاتر دەتوانن پێوەندییەک لە نێوان خۆیان و ئەم گوتارەدا ببیننەوە و بەو پێیەش پاڵپشتی لێ بکەن."

عەدنان حەسەنپوور دەشڵێت "کاتێک ژن دەبێتە تەوەری گوتارێک، بەو واتایەیە کە «ستەم» لە واتا گشتییەکەیدا بە ئامانج کراوە و بەم شێوەیەش گوتارێکی ڕادیکاڵ ئیمکانی ڕاکێشانی خەڵکێکی زیاتری دەبێت."