ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند، لەکاتێکدا تەقاندنەوەو سوتاندنی خانووی کوردەکانی قەزای داقوق و خورماتووی بەبەڵگە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 خستووەتەڕوو، کەچی دادگای کەرکوک بە 6 مانگ زیندانیکردن سزایداوە.
محەمەد عوسمان ناسراو بە حەمە سور دووشیوانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە ڕۆژانی دوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، هێزەکانی حەشدی شەعبی 25 خانوویان لە قەزای داقوق تەقاندەوەو لە قەزای خورماتووش گەڕەکە کوردییەکانیان سوتاند. منیش لە ڕاگەیاندنەکانەوە داوام لە سەرۆک وەزیران کرد ئەم غەدرە قەبوڵ نەکات، کەچی ئەوکات سکاڵام لەسەر تۆمارکرا."
محەمەد عوسمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە پێی مادەی (226) لە یاسای سزادانی عێراقی و لەسەر سکاڵای ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران و دەستەی حەشدی شەعبی سزادراوە.
محەمەد عوسمان، دەڵێت، "حەشدی شەعبی ئەوکات سکاڵای لەسەر تۆمارکردم، گوایە ناوم زڕاندوون و هەواڵی ناڕاستم بڵاوکردووەتەوە. منیش چوومە دادگاو بەڵگەکانم خستەڕوو، کەچی سەرباری هەبوونی بەڵگەی تەواو، دادگا 6 مانگ حوکمیداوم بە ( ايقاف تنفيذ) ، واتە گەر تا سێ ساڵ بچووکترین هەڵە بکەم، زیندانی دەکرێم."
لە ڕۆژانی دوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کاتێک هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی، کەرکوک و قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینیان کۆنترۆڵکرد، ئەوکات محەمەد عوسمان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقبوو، هێزەکانی حەشدی شەعبی بە سوتاندن و تەقاندنەوەی خانووی کوردەکان تۆمەتبارکرد و داوای دەستوەردانی لەسەرۆک وەزیرانی عێراق کرد.
هەرچەندە سکاڵاکە لەلایەن حەشدی شەعبی و ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە لە ساڵی 2017 تۆمارکراوە و دادگای کەرکوک ماوەیەک لەمەوبەر بڕیاری سزدانی ئەو بەرپرسەی یەکێتیداوە، بەڵام تازە کۆپی بڕیارەکە دەست میدیاکان کەوتووە.
محەمەد عوسمان، بڕیارەکەی دادگای کەرکوک بە "نادادپەروەری و نا لۆژیکی" وەسفدەکات، دەڵێت،"خۆ فریشتە لە ئاسمانەوە نەهاتە خوارەوەو خانووی کوردەکان وێران بکات، حەشدی شەعبی ئەو هەموو خانووەی سوتاند و تەقاندەوەو بە دیکۆمێنت خستمە بەردەم دادگا، کەچی خۆم سزادراوم."
ئەو وتیشی،"حەشدی شەعبی سکاڵای تۆمار کردووە، دەکرا دادگا بڕیاری وا دەرنەکات، خەلەل لە دادگایە، دادگایەکی بێ لایەنی دادپەروەر نییە."
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە دادگای کەرکوک و چەند بەرپرسێکی حەشدی شەعبیشەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکان دروست نەبوون.
سزادانی محەمەد عوسمان لەکاتێکدایە کە ناوبراو ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە. لەبارەی هەڵوێستی حزبەکەی، محەمەد عوسمان دەڵێت،"سەرەتا دۆسیەکەیان بەهەند وەرنەگرت، بەڵام دواتر هەندێک هەوڵیانداو وتیان، ناکرێت وا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت."
Your browser doesn’t support HTML5