بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕۆژی شەممە نرخی سووتەمەنی بە ڕێژەی جیاواز بەرزکردەوە.

بەپێی ئەو نرخە نوێیانەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەوت و سووتەمەنی بڵاوکراونەتەوە، هەر لیترێک بەنزین بۆ وێستگە پیشەسازییەکان، ئۆتۆمبێل و بارهەڵگری تایبەت، نەخۆشخانە و دامەزراوە ئەهلیەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکە، بە 525 لیرە بۆ 2050 لیرە دەفرۆشرێت، هەروەها لە بازاڕدا بە 4100 لیرە دەفرۆشرێت.

جگە لەوەش سووتەمەنی بۆ کورە و کشتوکاڵ و مۆلیدەی غاز (Ambër) و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی گشتی و سووتەمەنی گەرمکەرەوە بۆ خێزانەکان، وەک پێشوو ماوەتەوە و نرخەکان بەرز نەبووەتەوە.

نرخی نوێی سووتەمەنی لەلایەن چالاکوانان و خەڵکی ناوچەکە ڕەخنەی لێگیرا.

ڕۆژنامەوان عەبدولحەلیم سلێمان ڕایگەیاند، بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی کاریگەری لەسەر نرخی سەرجەم کەلوپەلەکان دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵک لە ئێستاوە لە ژێر بارگرانی هەڵاوساندایە و بەهای لیرە بەرامبەر بە دۆلار دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، هەندێک جار هاووڵاتیان سووتەمەنی بۆ بواری کشتوکاڵی لە بازاڕی ڕەش بە ناچاری بە نرخێکی گرانتر دەکڕن".

لای خۆیەوە ئابووریناس چەلەنگ ئۆمەر پێی وایە بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی بۆ هاوسەنگی دارایی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر پێویستە.

ئۆمەر دەڵێت لە 80%ی داهاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە نەوتەوەیە و 40%ی خەرجی گشتی بۆ پاڵپشتیکردنی نرخی نان و سوتەمەنی دەڕوات.

ئۆمەر ئاماژە بەوەش دەکات: "ئەمساڵ نیو ملیار دۆلار بۆ کڕینی گەنم خەرج کرا، بۆیە ناچار بوو نرخی سووتەمەنی لەگەڵ دابەزینی بەهای لیرەدا گۆڕانکاری بەسەردا بکرێت، بۆ ئەوەی ئیدارەکە بتوانێت ئەو کورتهێنانە لە بودجەی گشتیدا هاوسەنگ بکات و بەردەوام بێت لە کارەکانی".

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە مانگی ڕابردوودا مووچەی سەرجەم ئەندامان و فەرمانبەرانی بە ڕێژەی 100% بەرزکردەوە، کەمترین مووچەش یەک ملیۆن و 40 هەزار لیرەی سوری بووە و بەرزترین مووچەش 8 ملیۆن و 222 هەزار لیرە بووە.

بەپێی ڕاپۆرتە نافەرمییەکان، بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر ڕۆژانە نزیکەی 100 هەزار بەرمیلە، توانای بەرهەمهێنانی دەگاتە 350 هەزار بەرمیل، بەڵام پێویستی بە پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا هەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئەم ئاستە بەرهەمهێنانە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی نەورۆز ڕەشۆ/ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی