ئەمەریکا و ئێران دوای ئازادکردنی شەش ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی دەستگیرکراوان دەکەن

فڕۆکەیەکی قەتەری ڕۆژی دووشەممە لە ئێران چاوەڕێی گواستنەوەی پێنج دەستبەسەرکراوی ئەمەریکای بوو کە لەگەڵ پێنج ئێرانی دەستبەسەرکراو لە ئەمەریکا ئاڵوگۆڕیان پێکراوە، ئەمەش لە سایەی ڕێککەوتنێک بەنێوەندگیری دۆحە و هەروەها ئازادکردنی شەش ملیار دۆلار لە پارەی سڕکراوی ئێران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، ئێران و ئەمەریکا ئاگادارکراونەتەوە کە پارەکە بۆ هەژمارە بانکییەکانی قەتەر گواستراوەتەوە. ئەوەش بووە هۆی ڕێککەوتن لەسەر زنجیرەیەک ئاڵوگۆڕکردن دوای چەند مانگێک وتووێژی نێوان ڕکابەرە سەرەکییەکان کە لەسەر خواستە ئەتۆمیەکانی تاران و کۆمەڵێک پرسی دیکە ناکۆکن.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، "فڕۆکەیەکی قەتەری لە ئامادەباشیدایە لە ئێران چاوەڕێی گواستنەوەی پێنج هاووڵاتی ئەمەریکایی دەکات کە بەم نزیکانە ئازاد دەکرێن و سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە دەگوازرێنەوە بۆ دۆحە."

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەو پارانە کە لە کۆریای باشوور دوای توندکردنەوەی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران لە ساڵی 2018دا سڕکرابوون ڕۆژی دووشەممە دەخرێتە بەردەستی تاران. بەپێی ڕێککەوتنەکەی قەتەر پارەکە بۆ کەلوپەل و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان خەرج دەکرێت.

ئەمەریکا هیچ لێدوانێکی دەستبەجێی لەوبارەیەوە نەداوە.

بڕیارە ئەو پێنج ئەمەریکاییە دوو ڕەگەزنامەیە لە دۆحەوە بۆ ئەمەریکا گەشت بکەن. لە بەرامبەردا پێنج ئێرانی کە لە ئەمەریکا دەستبەسەرکراون ئازاد دەکرێن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: دوو ئێرانی دەگەڕێنەوە ئێران و دوو کەسیش لەسەر داوای ئەوان لە ئەمەریکا دەمێننەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان لە وڵاتی سێیەم بە خێزانەکەی شاد دەبێتەوە.

ئەم ڕێککەوتنە سەرچاوەیەکی گەورەی توڕەیی نێوان ئەمەریکا کە تاران وەک سپۆنسەرێک بۆ تیرۆر ناودەبات و ئێران کە واشنتن بە “شەیتانی گەورە” وەسف دەکات، لادەبات.

بەڵام تا ئێستاش دابەشبوونێکی قووڵ هەیە لە نێوانیان لەسەر پرسگەلێکی دیکە، هەر لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و کاریگەرییەکانی لە سەرانسەری ناوچەکەوە بگرە تا دەگاتە گەمارۆکانی ئەمەریکا و بوونی سەربازی ئەمەریکا لە کەنداو.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز