سەرچاوەیەک بۆ VOA : لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەتدا 9 کەس کوژران

بە پێی سەرچاوەیەک بۆ دەنگی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پاش نیوەڕۆی دووشەممە بۆسەر فڕۆکەخانەی عەربەت 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسێکی تریش بریندار بوون.

سەرچاوەکە وتیشی 6 لە کوژراوەکان لە هێزەکانی ئاسایش بوون و 3 کەسەکەی دیکە ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە.

وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی سەلام عەبدولخالق بۆ دەنگی ئەمەریکای پشتڕاستکردەوە کوژراو و بریندار هەیە، بەڵام نەیگوت ژمارەکە چەندە و وتی " لە ئێستادا بەردەوامین لە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە."

فڕۆکەخانەی عەربەت لە کەنار شاری سلێمانییە و فڕۆکەخانەیەکی کشتوکاڵییە، بەڵام بەشێکی فڕۆکەخانەکە تایبەتە بە ڕاهێنانی هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی نیشتمای کوردستانەوە و بەپێ سەرچاوەکان ئەو بەشە کراوەتە ئامانج و زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن هێرشەکە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە ئەنجام دراوە.