لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای زەوی و ژینگەیی، سەوزایی بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی پاراستنی ژینگە وپاکی هەوا دادەنرێت، بەڵام ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت هێشتا وەک پێویست و بە ستانداری جیهانی ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستاندا نییە، تەنانەت هەندێک جار بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر یا وەک دەڵێن پرۆژەکانەوە ڕووبەری فراوان لە سەوزایی لەناو دەچن.
دەپرسین چۆن دەکرێت هەرێمی کوردستان سەوز بکرێت؟
تا چەند بوونی پۆلیسی دارستان و پێشمەرگەی دارستان یارمەتیدەر بوون لە پاراستنی سەوزایی؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم بابەتە کرا.
میوانەکان:
1- عەقید ئازاد ساڵح، بەرپرسی هۆشیاری ژینگەیی لە پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە.
2- عە بدولڕەزاق خەیلانی، وتەبێژی دەستەی ژینگە.
3- کامەوان حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری پێشووی باخەچەکان لە شارەوانی سلێمانی.
4- ڕائد فوئاد ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگە.
تەواوی بەرنامەکە لەم فایلە دەنگییەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5
عەقید ئازاد ساڵح:
" ئەو ئاگرانەی لە سەوزایی و شاخ و دارستانەکان دەکەوێتەوە لە 90%ی هۆکاری هاووڵاتیانن کە پاشماوەی ئاگر جێدەهێڵن، یان غاز دەتەقێت یا هەر هۆکارێکی تر کە دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە."
"داوا دەکەین هەرچی زووە دادوەری ژینگەیی لە دادگاکان دابنێن، چونکە زۆربەی کێشەکانی ئێمە چارەسەر دەکات."
"هەندێکجار بەهۆی شەڕ و بۆردومانەکانەوە ئاگری فراوان دەکەونەوە، جگە لەوەی ئێمە ناتوانین هەندێک کات بگەینە ئەو شوێنانە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بەهۆی دووری یان نەبوونی پێداویستی یان بوونی شەڕ لەو ناوچانە، هیوادارین چارەسەرێک بدۆزرێتەوە چونکە بە ڕاستی زیانی زۆری لە ژینگە داوە."
"هیوادارین حکومەت زیاتر هاوکاریمان بکات چونکە ئیمکانیاتی ئێمە زۆر کەمە، بە تایبنەت دابینکردنی کۆڵە پشت بۆ ئەندامانی ئێمە بۆ ئەوەی بگەنە ئاگرەکان و کۆنترۆڵی بکەن، هیوادارم خەڵک و سۆشیاڵ میدیاش هاوکارمان بن لە پاراستنی ژینگە."
عەبدولڕەزاق خەیلانی:
"ئێمە هەر پڕۆژەیەک لە دەستەی وەبەرهێنان و تەنانەت وەزارەتی کشتوکاڵ یان هەر لایەنێک بۆمان بێت بۆ مۆڵەتی ژینگەیی لەسەری فەرز دەکەین بۆ پێدانی مۆڵەتی ژینگەیی دەبێت لە 25% ی سەوزایی بێت، بەڵام هەندێک پڕۆژە بەبێ مۆڵەتی ئێمە کراوە و پڕۆژەکەی تەواوکردووە، ئێستاش هاتووەتەوە لای ئێمە بۆ مۆڵەتی ژینگەیی بەڵام هیچ ڕووبەرێکی نەماوە بۆ سەوزایی، بۆیە ئێمە پڕۆژەیەکمان داهێناوە لەبری سەوزایی دەبێت ئەو پڕۆژەیە بۆ ئەوەی مۆڵەتی دەستەی ژینگە بەدەست بهێنێت بچێت لە شوێنێکی تر باخچەیەک، پارکێک، یان هەر شوێنێک دەبێت 25% لەوێ سەوز بکات. ناچار دەکرێت پارکێک باخچەیەک دروست بکات بەو ڕێژەیەی لێی داوا دەکرێت."
"ئێمە لە هەردوو ساڵی 2015 و 2021 بە نووسراو داوامان لە ئەنجومەنی دادوەری کردووە نەک هەر دادوەری ژینگەیی بەڵکو دادگای ژینگەیی دابمەزرێنرێت لانی کەم ئەگەر نەشکرا لە ناو دادگاکان دادوەری ژینگەیی هەبێت ، ئێمە هەموو کات جەختمان کردووەتەوە لە داهاتوش دووبارە ئەو داواکارییە داوا دەکەینەوە لە ئەنجومەنی دادوەری."
ڕائید فوئاد ئەحمەد:
"هیچ شارێکی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ڕووبەری سەوزاییەوە بەپێی ستانداردی جیهانی نییە، جگە لە شاری دهۆک کە ڕێژەکەی 25.8%، بەڵام لە شارەکانی دیکە بەم شێوەیەیە، لە سلێمانی 10.7% و هەولێر 10.10%ی و هەڵەبجە 9.6%."
"ئێمە کێشەمان لەگەڵ خەڵکی ئاسایی نییە لەبڕینی دارەکان، بەداخەوە کێشەمان لەگەڵ بازرگانەکانە، ئێمە هەموو کات داوامانکردووە کە دادوەرێکی تایبەتی ژینگەی لە دادگاکان هەبێت، بۆ نمونە لە کەیسی دەستگیرکردنی ئەو بازرگانانەی دار دەبڕنەوە کاتێک دەستگیر دەکرێن یان بە ماددەیەکی یاسایی مەدەنی حوکمێکی سووک دەدرێن، یاخود لەلایەن پارێزەرەکانیانەوە تانە لە سزاکانیان دەدرێت، بەڵام ئەگەر دادوەری ژینگە لە دادگاکان هەێت هەموو بڕگە و ماددەیەکی یاسای دەستەی ژینگە و پاراستنی دارستانی لەبەر دەێت و بەو یاسایانە حوکمێکی شایستەیان دەدات ئەو کات ڕێگر دەبێت لە زیادبوونی بازرگانی داربڕین."
کامەران حەمەساڵح عەبدوڵا:
"1100 سنەوبەر کە تەمەنیان لە 50 ساڵ زیاتربوو سووتان، بەداخەوە لە ناو سلێمانی لە ساڵانی 2020 هەتا 2022 نزیکەی 1400 درەخت لە ناو سلێمانی وشک بوون بەهۆی نەبوونی بودجە بۆ ئاودانی ئەو درەختانە، خۆی دەبێت ساڵانە لە 1 ی مانگی شەشەوە بودجە بۆ ئەو تەنکەرانە دابینبکرێت، بەڵام ساڵی 2020 بەهۆی کۆرۆناوە لە کۆتاییەکانی مانگی حەوت بودجەی پەسەندکرا، ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵیش بە هەمان شێوە لە مانگی حەوت بودجە دابینکراوە، ئەمەش زیانی زۆری لە سەوزایی و درەختەکان داوە بەهۆی نەبوونی ئاوەوە وشک بوون."