سەرۆکی پارلەمانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە, لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا ڕایگەیاند بە هەماهەنگی دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکە، پڕۆژە یاسای "عەفاف و حیجاب" لە پەرلەماندا پەسەند کراوە و دەسەڵاتی دادوەری ڕەزامەندی خۆی بە شێوەی نووسین بۆ پڕۆژە یاساکە راگەیاندووە.
پڕۆژە یاساکە به 152 دەنگی ئەرینی و 34 دەنگی نەرێنی و 7 دەنگی بێ لایەن پەسەند کراوە و بڕیارە بە شێوەی کاتی بۆ ماوەی 3 ساڵ بخڕیتە کارەوە.
بە پێی بڕیارنامەکانی "یاسای عەفاف و حیجاب" هەر کەسێک بە هەر شێوەیەک لە شوێنی گشتی یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکاندا، تەنانەت میدیای بیانیش، "پەرە بە ڕووتبوونەوە، لابردنی حیجاب یان حیجابی نەشیاو" بدات، رووبەڕووی سزای پێنج بۆ دە ساڵ زیندانیکردن و غەرامەکردنی تا یەک ملیار تمەن و قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی وڵات و قەدەغەکردنی کارکردن دەبێتەوە.
دامودەزگا و وەزارەتەکانی حکومەتی ئێران لە دامەزراندنی ئەو کەسانەی یاساکە پێشێل دەکەن قەدەغە کراون.
پڕۆژە یاساکە لە کاتێکدا پەسەند دەکرێت کە شارەزایانی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ جەخت لەوە دەکەنەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵ دەدات لە رێگای ئەو جۆرە پڕۆژە و پلانانەوە، هەڵاواردنێکی سیستماتیک دژ بە ژنان بە مەبەستی بێدەنگکردنیان جێبەجێ بکات.
دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ڕابردوو کە دوای گیانلەدەستدانی ژینا بە هۆی حیجابی زۆرەملێوە سەریان هەڵدا، حکومەت دەستی دایە کۆمەڵێک کار بۆ چەسپاندنی یاسای حیجابی زۆرەمڵی، بەڵام نەیتوانی سەرکەوتوو بێت و ژنان زیاتر لەجاران دژی یاساکە وەستانەوە و هەر بۆیە لە ئیستادا بەنیازە لە ڕێگای ئەم پڕۆژەیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرۆسەیەدا بکات.
پەسەندکردنی ئەم یاسایە بۆ سەپاندنی زۆرتری حیجابی زۆرەملێ لە ئێران لە کاتێکدایە کە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی وڵاتەکە لە دانیشتنێکدا لە 19ی ئەم مانگە لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوتی "دادپەروەری جێندەری و گرنگیدان بە مافەکانی ژنان لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەموو جیهاندا بێ وێنەیە."
هەروەها سەرۆک کۆماری ئێران18ی ئەم مانگە لە وتارێکی دیکەیدا کە بۆ کۆمەڵێک کەسی شارەزای سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشکەشی کرد، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دۆخی ژنان لە ئێران، ڕەتیکردەوە ژینا ئەمینی لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاکاردا لێدرابێت و بە هۆی لێدانی پۆلیسەوە گیانی لەدەستدابێت.
دەسەڵاتداران و میدیاکانی کۆماری ئیسلامی بەر لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پشکنەری پزیشکی، هەرچەشنە لێدانێکی ژینا ئەمینیان لە کاتی دەستبەسەربوونیدا ڕەتکردەوە و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی نەخۆشی پیشتری خۆی بووە، ئیدعایەک کە لەلایەن بنەماڵە و باوکی ژنیا ئەمینیەوە تاکو ئیستا ڕەتکراوەتەوە و بە دروستی نازانن.
پێشتر شارەزایان لە نەتەوە یەکگرتوەکان سەرەڕای دەڕبڕینی نیگەرانی خۆیان لە پەسەند کردنی پڕۆژە یاساکە، ڕایانگەیاندبوو کە پڕۆژەکە ئاپارتایدی جێندەریە.
ئەوان وێڕای ئاماژەدان بە سزا قورسەکان بۆ سەر ئەو ژن و کچانەی کە دژایەتی حیجابی زۆرەملێ دەکەن، هۆشدارییان دابوو کە ئەم پڕۆژە یاسایە مافە بنەڕەتییەکان لەوانە مافی بەشداریکردن لە ژیانی کۆمەڵایەتی، ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین، ئازادی دەربڕینی ناڕەزایەتی ئاشتیانە، مافی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و پەروەردە و تەندروستی و ئازادی هاتوچۆ بە تەواوی پێشیل دەکات.