وەزارەتی تەندروستی عێراق بۆ VOA: ناسینەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوەکان ئاسان نییە و کەمتەرخەم نەبووین لە گێڕانەوەیان

لەلایەن: دیار جەمال

بەهۆی هێشتنەوەی ڕوفاتی 171 ئەنفالکراو بۆ ماوەی زیاتر لە 4 ساڵ لە بەغدا، پەرلەماندارێکی کورد سکاڵای یاسایی لەسەر وەزارەتی تەندروستی عێراق و پزیشکی دادی عێراق تۆمارکردووە. وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراقیش لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕەتی دەکاتەوە کە ئەوان کەمتەرخەم بووبن لە پرۆسەکە.

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ئەمە پرۆسەیەکی ئاسان نییە و پێویستی بە کاتە، چونکە کەیسەکە زۆر هەستیارە."

سەیف بەدر وتی کە وەزارەتی تەندروستی عێراق لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەو بارەیەوە ڕاگەیەنراوی دەبێت بۆ ئەوەی تیشک بخاتە سەر گرفتەکان.

هەروەها سەبارەت بە هەبوونی کەمتەرخەمی لە لایەن پەیمانگای پزیشکی دادی بەغدا بۆ ئەنجامدانی پشکنینی DNA بۆ ناسینەوەی ڕوفاتەکان دەڵێت، "ئەوە هیچ ڕاست نیە چونکە پزیشکی داد کاری خۆیەتی و ڕاسپێردراوە ئەو کارە ئەنجامبدات."

ئەو 171 ڕوفاتە لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا لە پارێزگای سەماوە لە ساڵی 2019 دەرهێنران و لەوکاتەوە ڕووفاتەکان لە پزیشکی دادی بەغدا دانراون. بە هۆی ئەوەی تائێستا پشکنینی DNA یان بۆ نەکراوە، ئێستا پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی تری کورد لە باشوری عێراق ڕاوەستاوە.

دانا ئەمین، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکومەتی هەرێم، پێشتر لە ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەنجامنەدانی پشکنین بۆ ناسینەوەی ڕوفاتەکان "کێشەی درووستکردووە...چونکە گەرمیان و چەمچەماڵیش خۆیان بە خاوەنی ڕوفاتەکان دەزانن."

کاروان یاروەیس، ئەندامێکی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیمانگای پزیشکی داد و وەزارەتی تەندروستی عێراق بە کەمتەرخەمی لە پرۆسەکەدا تۆمەتبار دەکات.

کاروان یاروەیس بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەهۆی جێبەجێنەکردنی مادەی ( 6) لە بڕگەی ( 5) ی یاسای ژمارە 13 ی ساڵی 2015ی پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی عێراق، تایبەت بە ئەنجامنەدانی پکشنینی دی ئێن ئەی بۆ ڕوفاتی ئەنفالکراوانی گەرمیان، کە ماوەی چوار ساڵە لە پزشکی دادی عێراقە، سکاڵای یاسایمان لەسەر وەزارەتی تەندروستی عێراق و پزیشکی داد تۆمارکرد."

وتیشی، "لەیاساکەدا زۆر بەڕوونی باس دەکا، هەڵدانەوەی گۆڕەکان و هێنانەوەی تەرمەکان بۆ پەیمانگای پزیشکی دادوەری بەغدا، پێویستە پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ بکرێت و ناسنامەکانیان بناسرێتەوە و بەرارود بکرێت لەگەڵ نمونەی وەرگیرا و لە دی ئێن ئەی کەسوکارەکانیان. دوای دڵنیابوون هەتا تێچووی هێنانەوەی و مەراسیمەکەی خستووەتە ئەستۆی حکومەت. بەڵام وا چوار ساڵە ئەم ڕووفاتانە کە 171 ڕووفاتە لە پزیشکی دادوەریە لە بەغدا و هەرجار و بەبیانوویەک نەتوانراوە پشکینیان بۆ بکرێت."

نوێنەرێکی "تاقانەکانی ئەنفالکراوەکانی گەرمیان" باس لەوە دەکات کە هەڵدانەوەی گۆڕەکان "بە شێوەیەکی نازانستی" و هێشتنەوەی ڕوفاتەکان بۆ ئەم ماوە درێژە دڵی ئەوانی زۆر ئازارداوە.

بەختیار مەحمود کە دایک و باوک و دوو برای ئەنفالکراون بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەموو ئەو ڕووفاتانەی کە گەڕێنراونەتەوە بۆ کوردستان پکشنینی دی ئێن ئەیان بۆ نەکراوە، بۆیە تائێستا کەس گۆڕی خۆی ناناسیتەوە. تەنانەت گۆڕی وا هەڵدراوەتەوە ناسنامەی تێدا بووە، ئامادە نەبوونە پکشنین بۆ ئەو گۆڕانەش بکەن و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی ئەو گۆڕانە نێژراون."

بەختیار مەحمود وتیشی، "ئەگەر بچیتە نوگرەسەلمان کەللـە سەرەکان بەدەرەوەن. بچێتە ئەوێ ئەوکات ئەزانیت کە ڕێز لە مرۆڤ نەگیراوە."

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بە عس لە ساڵی 2003، تا ئێستا چەند گۆڕێکی بە کۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و بە گوێرەی ئەو ئامارەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە تا ئێستا 1669 ڕووفاتی ناو ئەو گۆڕانە هێنراونەتەوە بۆ ناوچەکانی کەلار، بارزان و چەمچەماڵ و دواتر بەخاک سپێردراون.

حاکم عادل مەلا ساڵح، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم، بەدەنگی ئەمریکایی، ڕاگەیاند،" ئەوەی ئەرکی وەزارەت بووە، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، وەکو لایەنێکی پەیوەندیدار و پەیوەست بەم بابەتە، کردوویەتی. هەر لەسەرەتاوە تیمان لەوەزارەت چووەتە ناوچەی تەل شەیخیە و ئامادەی هەڵدانەوەی گۆڕەکان بووە. هەموو ئامادەکاریەک کراوە، چاوەڕوانی ئەوەین پکشنیەکان بکرێت و بگەڕێنرینەوە."

وتەبێژەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکومەتی هەرێم ئەوەشی وت، "بودجەمان بۆ تەرخانکردووە و گۆڕەکان ئامادەن لە چەمچەماڵ تا لەمەراسیمێکی شایستە بگەڕێنرێنەوە و ئەوەی ئەرکی وەزارەت بێت کردوومانە."

مانگی ڕابردوو لەسەر ئەم بابەتە بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان لە سەر مەزاری ئەنفالکراوەکان لە گوندی دێبنەی گەرمیان گردبوونەوە و داوای هێنانەوەی ڕوفاتەکانیان کرد.

بە بڕوای کاروان یاروەیس لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هێنانەوەی ڕوفاتەکان جگە لەوەی بۆ ڕێزگرتن لە کەسوکاریان گرنگە، لە هەمان کاتدا بۆ بە بەڵگەکردنی تاوانەکان دژ بە کورد پێویستە.

کاروان یاروەیس وتی، "یەکەم، کەسوکاریان ناناسنەوە و مافی خۆیانە بیانناسنەوە کە ناسنامەیان هەبێت. دووەم، لە ڕووی سیاسیەوە دووسبەی وەفدی بیانی کەدێتە سنورەکەمان دەبێت ناو و ناسنامە و تەمەن لەسەر گۆڕەکان هەبێت. کە وەفدەکان هاتن و ئەمانەیان بینی بۆ کورد گرنگە کە چیان بەسەردا هاتوو. گەر ئەم قۆناغە تێپەڕێت ئەوە هەر گۆڕێکی بەکۆمەڵ هەڵبدرێتەوە بەبێ پکشنین دەگەڕێنرێتەوە."

بەختیار مەحمود، نوێنەری کەسوکاری ئەنفالکراوەکانی گەرمیان دەڵێت لە هەفتەی ڕابردوودا ئەوان سەردانی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک کۆماریان کردووە. بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانیان تا ئێستا ڕوون نییە چارەنوسی ڕوفاتەکان دەگاتە کوێ.

ئەو نوێنەرە وتیشی، "پارێزگاری سەماوە بە ئێمەی کەسوکاری ئەنفالکراوانی وت، 'گەر حکومەتی عێراق و هەرێم بودجە تەرخانبکات، ئەوە چاوساغیتان دەکەین کە دەیان گۆڕی شاراوە هەیە، تا لەهەڵبدرێنەوە.'"

بەگوێرەی ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق، سالار مەحمود، نزیکەی 270 گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوەکان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق هەن و بەشێکیان جێگەکانیان دەستنیشانکراوە. بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە بۆ هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دیار جەمال