هەڵسەنگاندنێک بۆ مافی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان

کرێکاران لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان وەک چۆن کار و ئەرکیان لەسەر شانە، وەهاش کۆمەڵێک مافیان هەیە کە بریتین لە وەرگرتنی موچە و کرێی دادپەروەرانە، ساڵانە چەند هەفتەیەک وەرگرتنی مۆڵەت و پشوو لەگەڵ پێدانی موچە، پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی، موچەی خانەنشینی.

لە هەرێمی کوردستان چەند لەم مافانە بۆ کرێکار دەستەبەرکراون؟
ئایە سەلامەتی و تەندروستی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان وەک پێویست ڕەچاو دەکرێت؟
هەتا چ ئاستێک پرسی موچەی خانەنشینی بۆ کرێکاران مسۆگەر کراوە؟

ئەم بابەتە لە بەرنامەی ڕۆژدا تاووتوێ کرا بە میوانداری بەڕێزان:
1- هۆگر عەلی ڕەسوڵ، ڕاوێژکار لە دۆسێیەی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی.
2- هەنگاو عەبدوڵا خان، سەرۆکی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان.

Your browser doesn’t support HTML5

هەڵسەنگاندنێک بۆ مافی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان

هۆگر عەلی ڕەسوڵ:
"ئێمە ئێستا لە وەزارەت سەرقاڵی دەرکردنی ڕێنمایین بۆ دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتی پیشەیی و تەندروستی بۆ کرێکاران، ئێمە کاتێک لەم کابینەیە ئەم وەزارەتەمان وەرگرت وەک پێویست گرنگی بە سێکتەری کار نەدرابوو، پێشتر زیاتر گرنگی بە لایەنی چاودێری کۆمەڵایەتی دراوە، بەڵام ئێستا شەش قات و حەوت قات ئەو گرنگیدانە بە لایەنی چاودێری کرێکاران زیادیکردووە بە جۆرێک ئێستا 145 هەزار کرێکار دەسەبەری بۆ کراوە، بەڵام پێشتر ڕێژەکە زۆر زۆر کەمبوو، وە پارەی سندوقەکەش زیادیکردووە، سەرەڕای ئەوەی لەسەر بڕیاری جەنابی وەزیر 12 چاودێری کار (مفتش عمل) دامەزراوە ."

"خاوەن کار وا دەزانێت ئەو لە 5%ی دەسەبەری کۆمەڵایەتی دەدەن، وادەزانن وەک خاوەیەک دەیدەن بە حکومەت، بە پێچەوانەوە ئەوە دەستکاری ناکرێت و مافی کرێکارەکەیە تەنانەت لەکاتی قەیران و دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران و نەبوونی پارە، پارەی ئەم سندوقە دەستی لێنادرێت و مانگانە بێ دواکەوتن لە کاتی خۆیدا دەدرێت بە کرێکاری خانەنشین بوو، کرێکارانیش دەبێت نەکەونە ژێرباری داوای خاوەن کارەوە کاتێک کەمترین داهاتی دەڵێت، بە تایبەت لە ئاخیر ساڵیدا چونکە لە 80%ی کۆتا ساڵی کاری لە خانەنشینی وەردەگرێت."

"هۆکاری دووبارەبوونەوەی گیانلەدەستدان و ڕووداوەکان کە بەسەر کرێکارەکاندا دێت، پابەندنەبوونی خاوەن کارە بە یاسای کار و پاراستنی کرێکار، بەڵام ئێمە گرفتێکمان هەیە ئەویش کەمی لیژنەکانی وەزارەتی ئێمەیە بۆ چاودێری پرۆژە و شوێنی کار ، وەک ئاماژەم پێیکرد 12 (مفتیش عمل)مان هەیە واتە 12 لیژنە کە ئەمەش لەچاو پرۆژە و ئەو شوێنانەی کرێکار کاری تێدا دەکات زۆر کەمن ، بۆیە تموحی من ئەوەیە ژمارەی (مفتیش عمل) بگەیەنمە 100 کەس تا لە هەر شارێکی کوردستان 30 لیژنەی چاودێریمان هەبێت."

"ئێمە هێڵێکی گەرممان هەیە کە ژمارەکەی بریتیە لە (5500)، کرێکار دەتوانێت بە دڵنیاییەوە پەیوەندی بکات و سکاڵا تۆمار بکات بێ ئەوەی ناوی بهێنرێت، وە دەرگای وەزارەتیشمان کراوەیە، من بۆ خۆم چەندین کەیس هەبووە کە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پێییان وتوم و کارم لەسەر کردووە."

هەنگاو عەبدوڵا خان:
" ئێمە پابەندین بە یاسای کار کە لە ساڵی 1987 وە دەرچووە ، هەر وەزیری کار بە پێی ئەو یاسایە، ڕێنمایی پاراستنی پیشەیی کار دەردەکات، بەڵام ئێمە دامەزراوەییەکی چالاکمان نییە کە ئەو ڕێنماییانە بگەیەنێت بە کرێکاران، بۆیە ئەو ڕێنماییانەی کە هەن تەنها لەسەر کاغەز ماونەتەوە نەچونەتە بواری جێبەجێکردنەوە."

"ئەو چاودێرانەی(مفتیش) دانراون، هی کارن نەک بۆ چاودێری تەندروستی کە ئەمە بۆ ئێمە گرنگە هەبێت، بەداخەوە تا ئێستا (مفتیش)ی تەندروستیمان لە هەرێم نییە."

لە بەرامبەردا هۆگر عەلی وتی، "ئەو قسەیەی سەرۆکی سەندیکای کرێکاران دروستە، پێویستە ئێمە لیژنەی تایبەتمەندی تەندروستی پیشەیی هەبێت، بەڵام بەپێی یاسا وەزیر دەتوانێت ئەمە بکات، کە ئەمە لەمەودوا مۆڵەت نەدرێت ، جەنابی وەزیر منی تەخویلکردووە بۆ ئەم بەرنامانە دواتر(فیدباکی)دەدەمەوە، ئەویش یەکێکە لەو کەسانەی بە زووترین کات کار لەسەر هەر ڕاوێژێک دەکات کە خزمەت بە چینەکان بکات، من خۆم بەڵێنی ئەوە دەدەم لە بەرنامەکەوە ڕاوێژ بدەمە جەنابی وەزیر هەرچی زووە بۆ دەرکردنی ڕێنماییەکی تر بە بوونی چاودێری تەندروستی پیشەیی لە هەموو پرۆژە و شوێنەکانی کار لە پێناو پاراستنی کرێکاران."