ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە، 21ی مانگی نۆ، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە کە حکومەتی ئیسرائیل لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە، خەریکە پێداچوونەوە دەکات بەسەر ئەگەری بەدەستهێنانی بەرنامەی ئەتۆمی لە لایەن سعودیەوە.
ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە بەرپرسانی ئیسرائیل بە بێدەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کاردەکەن بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی پیتاندنی یۆرانیۆم بە بەرێوەبەرایەتی ئەمەریکا لەسەر خاکی سعودیە.
ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ ئاماژەی بەوەشکردووە بنیامین نەتانیاهو فەرمانی بە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ئیسرائیل کردووە وەک بەشێک لە پێشکەوتنی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان هەردوو وڵات، پێداچوونەوە بەسەر لایەنەکانی بەرنامەی ئەتۆمی ئاشتیانەی سعودیە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل بکەن.
محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فاکس نیوزی ئەمەریکا کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاو کرایەوە، سەبارەت بە نزیکبوونەوەیان لە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل قسەی کرد و هەروەها هۆشداری دا لەوەی کە ئەگەر ئێران ببێتە خاون چەکی ناوکی، ئەوا سعودیەش ئەو مافەی دەبێت کە ببێتە خاون چەکی لەو جۆرە.
شازادەی جێنشینی سعودیە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە قۆناغی دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان گوتی "ئێمە ڕۆژ بە ڕۆژ لەو ڕێککەوتنە نزیکتر دەبینەوە."
محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کە پۆستی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەش لە دەستیدایە، بە دەسەڵاتی یەکەم و سەرەکی حوکمڕانی ئەو وڵاتە ناودێر دەکرێت.
لەم چەند ساڵەی دواییدا چەند وڵاتێکی عەرەبی بە نێوەندگیری ئەمەریکا ڕێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و لە ئێستاشدا و لە درێژەی ئەو هەوڵانەدا، ئەمەریکا داوا دەکات ئەو ڕێککەوتنە بۆ دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوان سعودیە و ئیسرائیل کە دوو هاوپەیمانی سەرەکی وڵاتەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، ئەنجام بدرێت.
شایەنی باسە ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ دوو هەفتە لەمەوبەریش بە پشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکایی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردبووە کە چوارچێوەیەکی گشتی لە ڕێککەوتنی نێوان عەرەبستانی سعودیە و ئیسرائیل لەسەر هەندێک بنەما دەستەبەر بووە، لەوانەش پێدانی ئیمتیازات بە فەڵەستینییەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە.
محەممەد بن سەلمان لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ فاکس نیوز گوتی ڕێککەوتنەکە ئەگەر دەستبەر بێت، گەورەترین ڕێککەوتنی مێژوویی لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ساردە و گوتیشی دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەستە بە پرسی فەڵەستینەوە.
گوتیشی "ئەگەر پێشکەوتن لەسەر ڕێککەوتنێک بەدەستبهێنین کە داواکارییەکانی فەڵەستینییەکان دەستەبەر بکات و ناوچەکە ئارام بکاتەوە، لەگەڵ هەر کەسێک لە حکومەتی ئیسرایلدا بێت، کاردەکەین."
شازادەی جێنشینی سعودیە لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا بە ڕوونی ڕایگەیاند ئەگەری هەیە وڵاتەکەی بییەوێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت و ئەوەشی وەک وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەگەری بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ناوبرد.
محەممەد بن سەلمان جەختی لەوە کردەوە کە "ئەگەر ئێران چەکی ناوکی بەدەستبهێنێت، ئەوا دەبێت ئێمەش ئەو جۆرە چەکانە بەدەستبهێنین."
پێشتریش دەسەڵاتدارانی سعودیە هۆشدارییان دابوو کە ئەگەر ئێران چەکی ناوکی دەست بکەوێت، هەموو هاوکێشەکان تێکدەچن و وڵاتانی عەرەبی کەنداو ناچار دەبن بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی خۆیان هەنگاو بگرنەبەر.
سەرۆکی ئەمەریکا چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕێگە نادات ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت و ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ڕەتدەکەنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆتا کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی گەشتەکەی بۆ نیویۆرک بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان سعودیە و ئیسرائیل گوتی "ئەو رێککەوتنە خەنجەر لێدانە لە پشتەوە لە گەلی فەڵەستین و بەرخۆدانیان."
ئیبراهیم ڕەئیسی ئاماژەی بەوەشکرد و گوتی "وڵاتانی ناوچەکە لە هیچ بارودۆخێکدا ئامادە نین بەوە ڕازی بن کە وڵاتانی ئیسلامی دەستبەرداری بنەمای پیرۆزی سەروەری گەلی فەڵەستین بەسەر خاکەکەیدا بێت، چونکە ڕزگارکردنی قودس کرۆکی بیروباوەڕی هەموو موسڵمانانە."