سەرۆکی ئۆکرانیا: بەرگری ئاسمانی گرنگترین پرسە بۆ ئێمە

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی واشنتنی پایتەختی کرد و داوای پشتیوانی زیاتر بۆ وڵاتەکەی دەکات لە شەڕی دژ بە ڕووسیادا.

زێلێنسکی دوای ئەوەی هەوڵیدا پشتیوانی نێودەوڵەتی لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەدەستبهێنێت، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتە واشنتن.

سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەکرد، بەرگری ئاسمانی بۆ ئەوان گرنگترین پرسە، چونکە مۆسکۆ بە مووشەک دەیانکاتە ئامانج.

بڕیارە زێلێنسکی لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە، دواتر لەگەڵ سەرکردە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە پەنتاگۆن گفتوگۆ دەکات.

هەروەها سەرۆکی ئۆکرانیا لەگەڵ کۆمارییەکان و دیموکراتەکانی ئەنجومەنی سینات لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە بۆ وەرگرتنی پشتیوانییەکانیان و هاوکاری زیاتر بۆ وڵاتەکەی.

Your browser doesn’t support HTML5

زێلێنسکی لە واشنتنە تا داوای یارمەتی زیاتر بکات و دەڵێت بەرگری ئاسمانی گرنگترین پرسە بۆ ئەوان

دواتر زێلێنسکی لە دانیشتنێکی تایبەتدا وتارێک پێشکەش بە تەواوی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دەکات.

زێلێنسکی دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ئەوە دووهەم جارە سەردانی واشنتن دەکات.

زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە سەرەتای جەنگەوە پشتگیریان لە پەسەندکردنی چوار پاکێجی هاوکاری بۆ ئۆکرانیا کردووە کە کۆی گشتی 113 ملیار دۆلار بوو.

بەڵام بەم دواییانە بەشێک لە یاسادانەرانی کۆمارییەکان باس لەو ملیاران دۆلارە دەکەن کە واشنتن بۆ کیێڤی ناردووە و ناڕەزایی خۆیان لە ناردنی هاوکاری زیاتر دەردەبڕن.