گرفتی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان

ساڵانێکە بەشێک لەوانەی لە ناوەندەکانی خوێندن وانە دەڵێنەوە هێشتا دانەمەزراون و داوای یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی کارکردنیان دەکەن. ئەوان وەک وانەبێژ ناوییان دەبرێت وەک دەڵێن تەنانەت گرێبەستی کارکردنی بەردەوامیشیان نییە .

دەپرسین کەی چارەنووسی ئەو وانەبێژانە یەکلایی دەکرێنەوە؟
بۆچی تا ئێستا بەو شێوازە ماونەتەوە؟
ئایا پەروەردە پێویستی بەم وانەبێژانە نییە؟ یاخود دۆخی دارایی حکومەت بەو ڕادەیە سەختە کە حکومەت نەتوانێت گرێبەستی کار بۆ ئەم وانەبێژانە بکات؟

ئەمڕۆ تاوتوێی ئەم پرسە دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:

1- د. سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

2- مامۆستا لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر.

3- خاتوو هەلز ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

4- مامۆستا کارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ .

Your browser doesn’t support HTML5

گرفتی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان

د. سەیوان عەلی:

"کێشەی وانەبێژان هی ئەم کابینەیە نییە، بەڵکو کێشەیەکی کەڵەکەبووی کابینەکانی ترە، بەڵام ئێمە تا ڕادەیەک هەوڵمان داوە لەگەڵ جەنابی وەزیر و سەرۆک وەزیران کێشەی ئەم وانەبێژانە تا ڕادەیەک چارەسەر بکەین، لە ساڵی 2014وە تا ئێستا دامەزراندن نەبووە، بۆیە کێشەی زیادبونی وانەبێژان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە نەمنتوانیووە میلاک دابنێین، ئێمە سوپاسییان دەکەین بەشێکی سەرەکین لە پرۆسەی پەروەردە، لەم دوو ساڵەی ڕابردوو کۆبوونەوە نەبووە لە ئەنجومەنی وەزارەت قسە لەسەر گرفتی ئەم وانەبێژانە نەکەین، ئێمە ماوەی ڕابردوو لەگەڵ وەزیری دارایی کۆبووینەوە تا بزانین پرسی دامەزراندنی وانەبێژان تەحەمولی بودجە دەکات، من بڕوا ناکەم لەم قۆناغەدا ئەوە بکرێت چونکە ژمارەی وانەبێژان زۆر زۆرە کە دەگاتە 37 هەزار وانەبێژ."

"هەمیشە لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرین بۆ کێشەی وانەبێژان بەڵام ئەمە تەنها پەیوەندیدار نیە بە وەزارەتی پەروەردەوە بەڵکو پەیوەندیدارە بە وەزارەتی دارایی و کێشەی بودجە و قەیرانی داراییەوە."


مامۆستا لوقمان سەعید:

"بە پێی ئەو ڕێنماییانەی بۆ ئێمە هاتووە وەک بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر، خودی جەنابی وەزیر زۆر موهتمە بە کاروباری وانەبێژان، ئێمە هەردەم بە گرنگمان زانیون مامۆستایانی وانەبێژ هەروەک مامۆستایانی میلاک بۆ ئێمە جیاوازی نییە."

"ناکرێت وانەبێژان وەها بیر بکەنەوە بڵێن پلە دووین، نەخێر ئێمە مامۆستای پلە یەک و دوومان نییە، مانگانە هەوڵدراوە هاوشێوەی مامۆستایانی میلاک لەکاتی خۆیدا شایستەکانی خۆیان وەربگرن، وە مۆڵەتەکانیشییان بەپێی ڕێنماییەک ڕێکخراوە."

"هیچ دڵەڕاوکێییەک پێویست ناکات، بۆ بەشە وانەی وانەبێژان سەبارەت بە بەشی وانە بە تایبەت کە ڕۆژانی شەممە بۆتە پشوو، بەڵکو لیستێکی تایبەت بۆ ئەوانیش دادەنرێت لە هەر کات و شوێنێک پێویست بێت ئەولەویەت دەدرێتەوە بە دانانەوەی ئەوان.

هەلز ئەحمەد:

"د. سەیوان دەڵێت دامەزراندنی وانەبێژان گرێدراوی بودجەیە، هیچ بیانوویەک نەبوو کە لە 2018وە تا ئێستا حکومەت پڕۆژە یاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمان ، بەڵام نەینارد ئەگەر بیناردایە کێشەی وانەبێژان چارەسەر دەبوو، دوای ئەوە دەڵێن دامەزراندن نەبووە، نەخێر دامەزراندن هەیە، ساڵانە بە سەدان و هەزاران کەس لە سلکی سەربازی و ئەمنی دادەمەزرێنن و پلە بەرزکردنەوە بۆ ئەوان هەیە، ئەی بۆ بۆ وانەبێژان نییە؟! دەکرا بەشێک لەو وانەبێژانە لەبری مامۆستایانی کۆچکردوو یان ئەوانەی چونەتە دەرەوەی وڵات دابمەزرێنن."

بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستی من بۆ دامەزراندنی ئەو وانەبێژانە حکومەت پێویستی بە 4 ملیار و دوو سەد و پەنجا و پێنج ملیار دینارە ، ئەمەش بۆ حکومەتێک زۆر نییە، کە لە 25%ی وەزارەتی پەروەردە بریتییە لە وانەبێژان، ناکرێت حکومەت بڵێت من 300-400 هەزار دینار دەدەم بە وانەبێژان ئیتر ئەمە پاشەڕۆژمان بۆ دابین کردوون، باشە ئەگەر لە 25% ی مامۆستایان بایکۆتییان کرد پرۆسەی پەروردە دەتوانێت بەردەوام بێت؟!


"بەداخەوە ئێمە وەک خولی ڕابردوو بەهۆی ناڕازیبوونی بەشێک لە حزبەکانی دەسەڵات نەیانهێشت لە لیژنەی پەروەردە چارەسەر بۆ وانەبێژان بدۆزینەوە بۆ تەملیک کردنییان، بەداخەوە ئێمە وەک پەرلەمان سەرکەوتوو نەبوین لە چارەسەری کێشەی وانەبێژان."

مامۆستا کارۆخ عەبدوڵا:

وەکو هۆشدارییەک بۆ حکومەتی هەرێم ، ساڵی نوێی خوێندن ساڵێکی سەخت دەبێت بەهۆی بڕیاری بایکۆتەوە، چونکە زۆربەی گوندەکانی سەرسنوور تەنانەت بەڕێوەبەری قوتابخانەکان مامۆستایانی وانەبێژن، ئەوەی حکومەت دەڵێت بڕە پارەیەکی (مەقتوع)ی وەک 200-300 هەزارم بۆ وانەبێژان بڕیوەتەوە ئەمە بەس نییە قبوڵکردنی ئەو بڕە مەقتوعە بۆ ئەوەبووە دابمەزرێن، باشە بۆچی دامەزراندن بۆ سلکی سەربازی هەیە، بەڵام بۆ ئێمەی وانەبێژان نییە؟ مامۆستای وانەبێژان بۆ دەبێت باجی ئەو هەموو قەیرانانە بدات؟ لە کاتێکدا بە 4 ملیار دینار کێشەکەمان چارەسەر دەبێت، باسی وەرگرتنی شایستە دەکەن، بەڵام ئەمە شایستەی ناشایستەیە و جۆرێکە لە شەرمەزاری خۆزگە هەر خۆبەخش بوینایە، پارەی کرێی هەندێک مامۆستا ڕێک یەکسانە بەو بڕە پارەیەی وەری دەگرین، دوای ئەوە بە پلە دوو سەیرمان دەکەن."

چەندین مامۆستای وانەبێژ هەیە کە تووشی نەخۆشی دەرونی بوون، مامۆستا هەیە دوای 7-10 ساڵ بەشە وانەی پێنەدراوەتەوە بەهۆی ئەوەی ڕۆژانی شەممان کراوەتە پشوو، مامۆستای وانەبێژمان هەیە بۆتە شاگردی خوێندکارەکەی خۆی لە دەرەوە کە کاردەکات.

مامۆستایانی وانەبێژ کۆمەڵێک فشارییان لەسەرە لەوانە فۆڕمی یەکێتی مامۆستایان، ئێمە وەزیریشمان ئاگادارکردۆتەوە، زۆرێک لەو مامۆستا وانەبێژانە بە ڕادەیەک ناچار کراون کە ناسنامەی یەکێتی مامۆستایان و ڕێکخراوەکانی سەر بە حزبی دەسەڵات دەربهێنن، بەداخەوە لە خراپترین دۆخداین، وە ستەملێکراوترین چین، چینی وانەبێژانن."