بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند،"چالاکی دەزگای هەواڵگیری تورکیا (میت) لەناو شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لە زیادبووندایە، ئەمەش مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
ڕابیحە حەمەد، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە بەغدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تورکیا بەردەوام هەڕەشە لە هەرێم دەکات، فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکی بەسەر هەرێمدا دەسوڕێتەوەو مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان دروستکردووە، بەتایبەت هێرشی درۆنەکانی تورکیا ناوچە سنورییەکانی تێپەڕاندووەو و لەناو جەرگەی هەرێم خەڵک دەکاتە ئامانج."
ئەو وتیشی،"بوونی میتی تورکیا لە ناو شاروشارۆچکەکان لە زیادبووندایە، ئەمە تەنها مەترسی لەسەر سلێمانی دروست نەکردووە، بەڵکو بووەتە مەترسی بۆ سەر هەموو کوردستان و قەوارەکەش. مەرج نییە هاوکارانی تورکیا کەسی تورک بن، ئەوەتا وەزیری بەرگری تورکیا ناوی هێز و لایەنی سیاسی دەهێنێت."
لە ڕۆژی 18 ی ئەم مانگە، فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا، فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج، هێرشەکە بووە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک کارمەندی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی.
ڕابیحە حەمەد، دەڵێت،"زۆربەی لایەنە عێراقییەکان ئیدانەی هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی عەربەتیان کرد، بەڵام ئیدانەکردن سودی نییە، دەبێت ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەنگاوی کرداری بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بنێت."
سەرباری بەردەوامی هێرشی فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق جگە لە سەرکۆنەکردن و ئیدانە کردنی هێرشەکان، هیچ هەنگاوێکی کرداری بەرامبەر تورکیا نەگرتووەتەبەر.
بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتی، وتی،"حکومەتی عێراق بۆ هەنگاوی کرداری بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان نانێت، دەبێت خۆی وەڵام بداتەوە. ئایا ژێر بە ژێر دەستی لە هێرشەکاندا هەیە، یاخود هەڵوێستی بۆ وەرناگیرێت؟"
هەروەها وتیشی،"تورکیا گەمارۆی ئاوی خستووەتە سەر عێراق و خەریکە دیجلەو فورات وشک دەکات، خۆ عێراق قەرزاری تورکیا نییە تا هەنگاوی بەرامبەر نەگرێتە بەر. لە مەسەلەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیشدا لەگەڵ عێراق، تورکیا سودمەندی سەرەکییە، گەر عێراق دەرگای بازرگانی بەڕوودا دابخات، دەیان دەرگای تری هەیە بیکاتەوەو تورکیا گەورەترین زەرەر دەکات."
رابیحە حەمەد، جەختیکردەوە،"عێراق کارتی فشاری زۆرە و بەکاری ناهێنێت، ئایا بابەتی ژێر بە ژێر لە ئارادایە و نایەوێت هەڵوێست وەربگرێت، یان دەیەوێت هەرێم زیاتر لاواز ببێت."
ئەمڕۆ شەمە، یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا، ڕایگەیاند،"بەردەوام هۆشداری دەدەینە بافڵ تاڵەبانی لە زیادبوونی چالاکییە "تیرۆرستییەکان" لە سلێمانی، داوامانکردووە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ گروپە "تیرۆرستییەکان" بپچڕێنێت، گەر نا دۆخی داهاتوو لە بەرژەوەندی سلێمانی نابێت."
وەزیری بەرگری تورکیا، دەڵێت،"ئاگاداری هەموو شتێکین، لەگەڵ دۆستە عێراقییەکانمان بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان لە گفتووگۆداین لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام نامانەوێت هەنگاوی بنەڕەتی بنێین."
ڕابیحە حەمەد، لەبارەی هۆشدارییەکانی وەزیری بەرگری تورکیا بە سەرۆکی حزبەکەی، وتی،"یەکێتی پشت ئەستوورە بە جەماوەرەکەی و چۆک دانادات بۆ هێرش و فشارەکان، سەرۆک بافڵ لەوە گەورەترە تەسلیمی ئەمری واقیع بکرێت. گەر بیانەوێت بەداخستنی فرۆکەخانەو هێرش، یەکێتی ناچار بکەن، تا چییان بوێت بۆیان بکرێت، یەکێتی ئەمە ناکات."
بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتی، وتیشی،"یەکێتی لە چوارچێوەی دەستوری عێراق دا مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەو فشارەکان دەکات، کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد دەکات."