بۆ زۆر نەخۆش چارەسەری ئازار و نەخۆشییەکەی چەندە گرنگە، هێندەش پاراستنی تایبەتمەندی و بە نهێنی هێشتنەوەی نەخۆشییەکەی بەلاوە گرنگە، بۆیە ئەمە وەکو مافێکی سەرەکی نەخۆش لێیدەڕواندرێت و دەبێت ڕێزی لێبگیرێت.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە هەتا ئێستاش لە هەرێمی کوردستان دەبیسترێت ئەو حاڵەتانە ڕوودەدەن کە پزیشک لە ناو نەخۆشخانە و کلینیکەکان چەند نەخۆشێک بەیەکەوە دەبینن و نەخۆشەکان ناچار دەکرێن لە بەردەم یەکتر باس لە گرفتە تەندروستییەکانیان بکەن.
سەرەڕای ئەوە، پزیشک هەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش وەک نمونە ئاماژە بە نەخۆشێک یان چەند نەخۆشێک دەکات کە نیشانە و هێماکانی ئاسانن بۆ ناسینەوەی نەخۆشەکە.
دەپرسین ئایە لە کوردستان چۆن ماف و تایبەتمەندی نەخۆش پارێزراوە و کێ دەیپارێزێت؟
ئایە سەندیکای پزیشکان هیچ ڕێکارێکیان هەیە بۆ ڕێگریکردن لە ئاشکراکردنی تایبەتمەندییەکانی نەخۆش؟
ئایە لە کۆلێژی پزیشکی، فێرخوازان وانەی پاراستنی تایبەتمەندی نەخۆشیان پێدەوترێتەوە هاوشێوەی دەستنیشانکردنی نەخۆشیییەکان و چارەسەرکردنیان؟
چی بکرێت بۆ ئەوەی ماف و نهێنی و تایبەتەمەندییەکانی نەخۆش بپارێزرێن؟
ئەمە تەوەری بەرنامەی بابەتی ڕۆژە و لەگەڵ ئەم بەڕێزانە تاووتوێ کرا:
1- دکتۆر عیماد شێروانی، جێگری سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکان.
2- دکتۆر خاڵس قادر، ڕاوێژکاری تەندروستی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
3- دکتۆر سەعید توتمەیی، پزیشکی پسپۆڕی ددان و مامۆستای کۆلێژی پزیشکی زانکۆی هەولێر.
Your browser doesn’t support HTML5
د. عیماد شێروانی:
"بە تەواوی پارێزگاری لە مافی نەخۆش دەکەین، بە هیچ جۆرێک بەرگری لە پزیشک ناکەین کە دوو نەخۆش یان چەند نەخۆشێک پێکەوە دەکاتە ژوورەوە، ئەوە نهێنی نەخۆشە و ئێمە نەخۆش بە کەسوکاری خۆمان دەزانین، لە سەندیکای پزیشکان لقی هەولێر ماددەیەکی یاسایی هەیە کە چەندین جار پزیشکانمان لێ ئاگادارکردووەتەوە و تەنانەت پزیشکمان سزا داوە کە پێمان وتون تکایە بەڕێچکەی کۆن مەڕۆن و زیاتر لە نەخۆشێک مەکەنە ژووەرەوە، هەر لە ئەمڕۆ کە من قسەی تێدا دەکەم کەیسێکمان وەرگرت کە کەسێک هاتبوو سکاڵای لە پزیشکێک کردبوو ڕایگەیاند، کە نهێنی نەخۆشییەکەی لەلایەن پزیشکەکەیەوە نەپارێزراوە."
"ڕاستە ئێمە سزای توندی پزیشکمان نەداوە، بەڵام هەندێک جار سزای سێ ڕۆژ داخستنی نۆرینگەی پزیشکەکەمان داوە، من لێرەوە داوا لە هاووڵاتییان دەکەم هەر کەس نهێنی نەخۆشییەکەی نەپارێزراوە یان لەکاتی پشکنیندا کەسێکی تر کە پزیشک نەبووە لە ژورەوە بووە و پزیشکەکە پشکنینی بۆ کردووە ئەوا با بێتە سەندیکای پزیشکان سکاڵا تۆمار بکات ئێمە سکاڵاکەی وەردەگرین و پارێزگاری لە مافەکانی دەکەین."
"ئەگەر هەر نەخۆشێک سەروو هەژدە ساڵ بوو تەنها مافی خۆیەتی نهێنی نەخۆشییەکەی بزانێت ئەگەر کەسوکاریشی بێت بەبێ ڕەزامەندی نەخۆشەکە مافی پزیشکەکە نییە بە کەسوکاری بڵێت، پزیشک دروستکراوە بۆ پاراستنی گیان و مافی مرۆڤ، مافی نەخۆش لە سەروو مافی پزیشکە."
د. خالس قادر:
"وروژاندنی ئەم بابەتە کارێکی گرنگە، چونکە ئێمە یاسایەکمان هەیە لە کوردستان هی ساڵی 2020 کە یاسای ژمارە 4 ی پاراستنی مافی نەخۆشە، هیوادارم ئەم بەرنامەیەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ببێتە دەسپێک بۆ ناساندنی مافی نەخۆش بە خەڵک، وە ئیتر ئەمە دەبێتە بەرپرسیارێتی یاسایی بۆ پزیشکان و کارمەندانی پزیشکی نەک تەنها بەرپرسیارێتی پیشەیی."
"لە دوو حاڵەتدا دەکرێت نهێنی و زانیاری نەخۆش ئاشکرا بکرێت، لە حاڵەتێک کە دادگا داوا بکات، لە حاڵەتێکی تریش کە نەخۆشیەکە مەترسی بێت لەسەر تەندروستی گشتی."
"جگە لەوەی لە هەژدە ساڵ کەمتر یان حاڵەتێکی تایبەت نەبێت، نەخۆش مافی خۆیەتی کێ هەڵدەبژێرێت لەگەڵی بێت یان پزیشک نەخۆشییەکەی بێ ڕەزامەندی ئەو بە هیچ کەسی تر نەڵێت ئەگەرچی کەسی نزیکی نەخۆشەکەش بێت، یان ئەوەی چەند نەخۆشێک بە یەکەوە دەکرێنە ژوور، چ لەکەرتی تایبەت، چ لە کەرتی گشتی، بەپێی ئەو یاسا نوێیە ڕێگە پێدراو نییە و نەخۆش مافی خۆیەتی سکاڵا تۆمار بکات و سکاڵاکەی بگەیەنێتە شوێنی خۆی کە وەزارەتی تەندروستیییە، وەزارەت لیژنە پێکدەهێنێت بۆ ئەو سکاڵایە یان لیژنەی لاوەکیش دەتوانرێت لە پارێزگاکان پێکبهێنرێت."
"پێویستە ڕاگەیاندنەکان و وەزارەتی تەندروستیش هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە و ناساندنی ئەم یاسایە(یاسای پاراستنی مافی نەخۆش) دەستپێبکەن، هەتا خەڵک بە گشتی ئاگادار بێت لە مافەکانی نەخۆش، وە پزیشکان و کارمەندانیش ئاگاداربن لەو بەرپرسیارێتییە یاساییەی بەپێی ئەم یاسایە کەوتووەتە ئەستۆیان بۆ پاراستنی نهێنی و مافی نەخۆش."
د. سەعید توتمەیی:
"پاراسستنی نهێنی نەخۆش بنەمایەکی ئاکاری کاری پزیشکییە، بۆیە پێویستە لەسەر پزیشکان نهێنی نەخۆشەکانیان بپارێزن، ئێمە لە زانکۆکان بۆ ماوەی ساڵێک وانەیەکمان هەیە سەبارەت بە ئاکاری کاری پزیشکی کە باس لە پاراستنی مافی نەخۆش و نهێنی نەخۆش دەکات، بۆ هەموو کەسێک لەمەدا دوو خاڵ ڕۆڵ دەبینێت، یەکەم، ویژدانی پزیشک، دووەم یاسا کە چاودێر بێت بەسەر پزیشکانەوە بۆ پاراستنی ماف و نهێنی نەخۆش، دەبێت پزیشک بە قسەی نەخۆشەکە بکات نەک بە قسەی کەسوکاری نەخۆش."
"لە پزیشکیدا دەستەواژەیەکمان هەیە دەڵێت (نەخۆش پادشایە)، واتە چ لە کەرتی تایبەت چ کەرتی گشتی دەبێت مافی نەخۆش بپارێزرێت، نەک پزیشک لە کلینکەکەی مافی نەخۆش بپارێزێت و ڕووخۆش بێت لەگەڵیدا، بەڵام لە نەخۆشخانە جیاواز بێت لەگەڵی."
"من وەک پزیشکی ددان نەخۆش هاتووە بۆ لام تاقمی ددانی هەبووە وتویەتی دکتۆر دەبێت هەتا ئێوارە بۆم تەواو بکەیت و چارەسەری بکەیت، چونکە خێزانم نەیزانیووە تاقمم هەیە، ئەمە مافی خۆی بووە، بۆیە ئێمە چوین تکامان لە تاقیگە کردووە کە هەرچۆنێک بێت کارەکەی هەتا شەو بۆ تەواو بکات و ئێمەش بۆی چارەسەر بکەین."
"ڕاستە سوێندی پزیشکی پاراستنی نهێنی و مافی نەخۆشی تێدایە، باشترە پزیشک خۆی بخاتە شوێنی نەخۆشەکە حەز بکات چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ئاوەها مامەڵە لەگەڵ نەخۆشەکە بکات، یان وەک کەسی پلە یەکی خۆی (دایک، باوک، خوشک و برا و مناڵ) سەیری نەخۆشەکە بکات لە کاتی چارەسەر."
"نەخۆش هەبووە وتویەتی بە هیچ جۆرێک ڕازی نیم بۆ توێژینەوەش بێت وێنەم بگیرێت، ئێمە ڕێزمان لەو نەخۆشە گرتووە و بەدڵنیایی وێنەیمان نەگرتووە."
"دەرچوونی یاسای مافی نەخۆش یاسایەکی گرنگە بۆ ئێستا، دەمەوێت ئاماژە بە قسەی فەیلەسوفێک بکەم کە دەڵێت: ئەگەر دکتۆریت خۆت نیت، ئەگەر خۆتیت دکتۆر نیت، واتە دکتۆر نابێت خۆ ویست بێت، بەڵکو دەبێت خەڵک ویست بێت."