زیاتر لە 120 کەس لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی ناو هۆڵی شایی حەمدانییەی موسڵ گیانیان لەدەستداوە

ژمارەی قوربانییانی ئەو ئاگرکەوتنەوەیەی شەوی سێشەممە لە هۆڵی شایی شارۆچکەی حەمدانییەی پارێزگای موسڵ کەوتەوە ڕوو لە زیادبوونە. هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کاربەدەستان دەڵێن زیاتر لە 120 گیانیان لەدەستداوە و 250 کەسی دیکە برینداربوون.

نەجم ئەلجبوری، پارێزگاری موسڵ لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئەلجەزیرەی عەرەبی، وتی بەپێی ئەو زانیارییانەی بەو گەیشتوون لە نێوان 800 هەتا 1000 کەس لە هۆڵەکەدا بوون کاتێک ئاگرەکە کەوتووەتەوە بەهۆی یاری ئاگرین یان مۆمی سەر کێکەکان.

محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیری عێراق، فەرمانی کردووە ماوەی 3 ڕۆژ ماتەمەنی گشتی لە سەرانسەری عێراق ڕابگەیەندرێت و داوای لە وەزارەتەکان و پارێزگاکان و دامودەزگاکانی دەوڵەت کرد بە پەلە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر لە پاش ئەم ڕووداوەی لە یەکێک لە هۆڵەکانی شایی شارۆچکەی حەمدانییە ڕووی دا.

مانگی سووری عێراقی کە بەشداری لە هەوڵەکانی فریاکەوتن دەکات، ڕایگەیاند زیاتر لە 450 گیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون.

کەسوکاری ژمارەیەک لە قوربانییەکان لە لێدوانەکانیان بۆ کەناڵە ناوخۆییەکان باسیان لەوە دەکرد کە چەندین خێزان دەناسن تەواوی ئەندامەکانیان لە ڕووداوەکە لەدەستداوە. بەشێکی زۆری قوربانییەکان کەوتوونەتە ژێر پێوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی هۆڵی شایی حەمدانییەی موسڵ

دەڵێن هۆکاری سەرەکی تەشەنەکردنی ئاگرەکە بە خێرایی ئەوە بووە ئەو ماددەیەی بنمیچی هۆڵەکەی پێداپۆشرابوو گڕیگرتووە و بەربووەتەوە. هۆڵەکە بە شێوەیەک وێرانبووە وەک ئەوەی بۆمبی تیایدا تەقیبێتەوە.

جەنەڕاڵ سەعەد مەعەن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە تویتەرەکەیەوە پشتڕاستی کردەوە بنمیچی هۆڵەکە بە پلێتی ئەلوکۆبۆند دروستکراوە کە زوو ئاگردەگرێت.

بەهۆی زۆری ژمارەی بریندارەکان، لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت لە بەغداشەوە تیمی پزیشکی ڕەوانەکراون بۆ بەهاناچوونی بریندارەکان.