لە ئەنجامی ڕووداوەکەی حەمدانییە حکومەت چەند بڕیارێک دەردەکات

لە عێراق چەند بڕیارێک ڕاگەیەندرا لەسەر ڕووداوەکەی نێو ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە حەمدانییە کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی 120 کەس و برینداربوونی زیاترلە 150 کەس.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕادەگەیەنێت سەرۆک وەزیران محمەد شیاع سودانی "سەرجەم وەزارەت و قایمقامیەتەکان و دامودەزگاکانی دەوڵەت ڕادەسپێریت کۆمەڵێک ڕێکاری بەپەلە بگرنەبەر."

بڕیارەکان بریتین لە ڕاسپاردنی وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەندروستی بۆ گەیاندنی فریاگوزاری خێرا، چارەسەرکردنی بریندارەکان بە پێی پێویستی حاڵەتەکان لە ناوخۆ ودەرەوەی عێڕاق، پێکهێنانی لیژنیەک بۆ لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر هۆکاری ڕووداوەکە، ئامادەکردنی لیستی تەواوی نێوی قوربانییەکان بۆ مسۆگەرکردنی مافە یاساییەکانیان، ڕاسپاردنی سەرجەم وەزارەت و پارێزگاکان و دامودەزگاکانی دەوڵەت بۆ پشکنین بۆ باڵەخانەکان و پشتڕاستکردنەوەی ڕێکارەکانی سەلامەتی و دوو هێندکردنی هەوڵەکانی پشکنینی بەردەوام بۆ باڵەخانە گەورەکان، مۆڵ و چێشتخانە و هۆڵەکانی ئاهەگگێڕان و هۆتێلەکان.

کاربەدەستانی حکومەت و بەرپرسە سیاسییەکان لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پرسەو ماتەمینی خۆیان بەبۆنەی ئەم کارەساتەوە ڕاگەیاندووە.

سەرۆکی عێراق لەتیف رەشید دەڵێت "ڕووداوی دڵتەزێنی قوربانیانی ڕۆڵەکانمان لە ئاگرکەوتنەوەی شاری حەمدانیە،دڵی هەموومانی خەمبار کرد.پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی چڕبکرێت لە ڕووداوەکە بۆ گرتنەبەری هەمو رێکارەکانی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی.هاوخەمیمان بۆ خانەوادەی قوربانیان و هیوا زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاد "له‌م كاته‌ سه‌خت و به‌ ئازاره‌دا، بير و خه‌ياڵمان لاى ئه‌وانه‌ و ئاماده‌ى هه‌موو يارمه‌تيدان و هاوكارييه‌كين."

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش وێرای ڕاگەیاندنی پرسەو ماتەمینی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی ڕاسپارد بۆ هاوکاری کردنی قوربانیان.

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی دەڵێت "بە بیستنی هەواڵی ڕووداوی کارەساتباری ئاگرکەوتنەوە لە قەزای حەمدانیە زۆر خەمبار بووم، کە تێیدا سەدان هاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە و بریندار بوونە. سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان دەکەم و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارانی ئەو ڕووداوە خەمناکە دەخوازم."

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشمانی کوردستانیش بەیاننامەیکی هاوخەمی دەربڕینی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت " ‎رووداوە دڵتەزێنەكەی قەزای حەمدانییە لە دڵەوە نیگەرانیكردین، پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكار و بنەماڵەی قوربانییەكان دەكەم و لە خوای گەورە داواكارین ئارامی و سەبوورییان پێببەخشێت."

قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلی حەق، لە وتارەكەیدا ڕایگەیاند "سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی كەسوكاری قوربانیانی ڕووداوی ئاگركەوتنەوە لە قەزا حەمدانییە دەكەین."

هادی عامری، سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی بەدر وێڕای سەرەخۆشی کردنی لە کەسوکاری قوربانیان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " "ئێمە داوا لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی حكومەت نوێ دەكەینەوە بۆ ئەوەی بە دڵنیاییەوە پابەندبن لە جێبەجێكردن و پێداچوونەوە بە ڕێكارەكانی سەلامەتی گشتی، و ستاندارد و مەرجەكانی سەلامەتی بۆ بینا و دامەزراوە گشتیەكان".

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نووری مالیكی، لە ڕاگەیاندنێکیدا لە پێگەی ئێکس گوتی "لەبەرامبەر ئەم كارەساتە پڕ لە ئازارە، سەرەخۆشی و هاوسۆزی و خۆمان ئاراستەی كەسوكاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەکەین، هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین"

هەروەها ستایشی "هەوڵەكانی كارمەندانی بەرگری شارستانی" دەكات بۆ کارەکانیان.

شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە لە هۆڵی هەیسەم لە حەمدانییە کە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری تێدا بەڕێوە دەچوو و وەک دەزگاکانی هەواڵ ئاماژەی پێدەکەن نزیکی هەزار کەس لەو ئاهەنگە ئامادە بوون بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە، ئاگرێکی گەورە کەوتەوە بووە هۆی کوژران و بریندار بوونی بەسەدان کەس.