ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم: خاوەنی هۆڵی ئاهەنگەکەی حەمدانییە لە هەولێر دەستگیرکرا

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت خاوەنی ئەو هۆڵەیان دەستگیرکردووە کە لە قەزای حەمدانییە لە میانەی ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا ئاگرێکی لێکەوتەوەو بەهۆیەوە سەدان کەس کوژران و بریندار بوون.


ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەڵێت " دوابەدوای گەیشتنی فەرمانی دەستگیرکردن، ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئەیلوولی 2023 دامەزراوەکانمان لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر خاوەنی هۆڵەکەیان دەستگیر کرد و بە فەرمانی دادوەر ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق کرا."

ئەمەش لە کاتێکدایە پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە هەرێم ڕاگەیاند "وەک هاوخەمی و ڕێز لە ڕۆحی قوربانییانی ڕووداوەکەی حەمدانییە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانی کرد سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە هەرێمی کوردستان ڕابگەیێندرێت. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم ڕووداوەش، بەڕێزیان فەرمانی کردووە تیمەکانی تەندروستی و فریاگوزاری، بەدەم قوربانییانەوە بچن و دەرگای نەخۆشخانەکانی کوردستان بە ڕووی بریندارەکان بکرێتەوە بۆ چارەسەری پێویستییان."

پێشتریش حکومەتی ناوەندی عێراق سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی ڕاگەیاند و سەرۆک وەزیران محمەد شیاع سودانی سەرجەم وەزارەت و قایمقامیەتەکان و دامودەزگاکانی دەوڵەتی راسپارد کۆمەڵێک ڕێکاری بەپەلە بگرنەبەر.


بڕیارەکان بریتین لە ڕاسپاردنی وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەندروستی بۆ گەیاندنی فریاگوزاری خێرا، چارەسەرکردنی بریندارەکان بە پێی پێویستی حاڵەتەکان لە ناوخۆ ودەرەوەی عێڕاق، پێکهێنانی لیژنیەک بۆ لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر هۆکاری ڕووداوەکە، ئامادەکردنی لیستی تەواوی نێوی قوربانییەکان بۆ مسۆگەرکردنی مافە یاساییەکانیان، ڕاسپاردنی سەرجەم وەزارەت و پارێزگاکان و دامودەزگاکانی دەوڵەت بۆ پشکنین بۆ باڵەخانەکان و پشتڕاستکردنەوەی ڕێکارەکانی سەلامەتی و دوو هێندکردنی هەوڵەکانی پشکنینی بەردەوام بۆ باڵەخانە گەورەکان، مۆڵ و چێشتخانە و هۆڵەکانی ئاهەگگێڕان و هۆتێلەکان.

شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە لە هۆڵی هەیسەم لە حەمدانییە کە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری تێدا بەڕێوە دەچوو و وەک دەزگاکانی هەواڵ ئاماژەی پێدەکەن نزیکی هەزار کەس لەو ئاهەنگە ئامادە بوون بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە، ئاگرێکی گەورە کەوتەوە بووە هۆی کوژران و بریندار بوونی بەسەدان کەس.