ئەمەریکا سزا بەسەر دوو کەس و پێنج کۆمپانیا دەسەپێنێت بە تۆمەتی دابینکردنی پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سوپای پاسداران

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دوو کەس و پێنج کۆمپانیا لە ئیمارات، تورکیا، هۆنگ کۆنگ و ئێران بەهۆی یارمەتیدانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە کڕینی پارچە هەستیارەکانی پێویست بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سزا دەدات.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێک کە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە 27ی مانگی نۆ بڵاویکردوەتەوە، کۆمپانیاکانی "پیشگام ئەلکترۆنیک سۆفە" و کۆمپانیای "هایمارک"ی هۆنگ کۆنگ دوو لەو کۆمیانیانەن کە لەگەڵ بەرێوبەرەکانیان لە پێوەند بە بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانەوە سزا دراون.

هەروەها دوو کۆمپانیا لە تورکیا و کۆمپانیایەک کە بنکەکەی لە دوبەیە، رووبەڕووی ئەو سزا نوێیانەی ئەمەریکا بوونەتەوە.

ڕاگەیەندراوەکەی خەزێنەی ئەمەریکا سەرەڕای ئەوەی تاران بە ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا تۆمەتبار دەکات، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو دوو کەس و پێنج کۆمپانیایەی سزای خستوەتە سەریان، تۆڕێکن کە ئاسانکاریان لە دابینکردن و ناردنی پارچەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئێران کردووە.

برایەن نێڵسن، یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ تیرۆر و هەواڵگری دارایی ڕایگەیاندووە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دروستکراوەکانی ئێران ئامرازێکی سەرەکین بۆ ڕووسیا لە هێرشەکانی بۆ سەر هاووڵاتیانی ئۆکرانیا و ژێرخانە گرینگەکانی ئەو وڵاتە.

نێڵسن گوتیشی ئەمەریکا هاوشانی هاوپەیمان و هاوبەشەکانی بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە دەستیان هەیە لە دابەشکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە ڕووسیا یان دابینکردنی بۆ هێزە بە وەکالەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەمەریکا لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا، بەریتانیا، کەنەدا و چەند وڵاتێکی دیکە تا ئێستا چەندین پاکێجی سزایان بەسەر ئێراندا بە هۆی ناردنی فڕۆکەی بێفرۆکەوانەوە بۆ ڕووسیا، سەپاندووە.

دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە 400 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە جۆری "شاهید"یان خستوەتە خوارەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران لە زۆر حاڵەتدا ژێرخانی مەدەنی و ناوچە نیشتەجێبووەکانی ئۆکرانیایان کردۆتە ئامانج.

جێی ئاماژەیە کە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیا لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا سەبارەت بە پێکهاتە تەکنۆلۆژییە پێشکەوتووەکانی ئەوروپا لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دروستکراوەکانی ئێران و ڕووسیا، بڵاویکردوەتەوە کە دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا بەڵگەنامەیەکی نهێنییان بۆ هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیان ناردووە و دەڵێن ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژانەی ئێران کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ڕووسیا بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا بەکارهێنراون، پڕ بوون لە پارچەی دروستکراوی ئەوروپایی و لەسەر بنەمای ئەمەش، کیێڤ داوای ناردنی مووشەکی دوور مەودای کردووە بۆ هێرشکردنە سەر شوێنەکانی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ڕووسیا، ئێران و سوریا.

لە بەڵگەنامە 47 لاپەڕەییەکەی حکومەتی ئۆکرانیا کە لە مانگی هەشتدا بۆ زلهێزە رۆژئاواییەکانی ناردووە، بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 600 هێرش بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا لە ڕێگای ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەوە کە تەکنەلۆژیای ڕۆژئاوایان تێدایە، ئەنجامدراوە.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە 26ی مانگی نۆ، بەڕیوبەرایەتی جۆو بایدن سزای خستەسەر حەوت کەس و چوار قەوارە لە ئێران، ڕووسیا، چین و تورکیا لە پێوەند بە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانەوە.

کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن پێشبینی دەکرێت سزای زیاتر بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا بسەپێندرێت.