کۆماری شاخاویی ناگۆرنۆ قەرەباغ هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕادەگەیەنێت

بەرپرسی حکوومەتی سەربەخۆی کۆماری قەرەباخ ڕۆژی پێنج شەممە،28ی مانگی نۆ فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم دامودەزگا حکومییەکانی ئەو هەرێمەی تا کۆتایی ئەمساڵی دەرکرد و ڕایگەیاند کە لە یەکی مانگی ساڵی 2024وە کۆماری قەرەباخ (کۆماری ئارتساخ)چیتر بوونی نامێنێت.

هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆمارە سەربەخو دی فاکتۆیە، کۆتایی بە سێ دەیە لە ئۆتۆنۆمی ناگۆرنۆ قەرەباخ دێنێت کە ئەرمەنستان پشتیوانی دەکرد.

ئەو کۆمارە کە لەدوای شەڕەکانی ساڵی 1994ی نێوان جودایخوازەکان و ئازەربایجانییەکان لە ناوچەکانی قەرەباخی ئازەربایجان کە زۆرینەیان ئەرمەنین، لەدایکبوو، تاکو ئێستا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانیپێدانەنراوە.

دوابەدوای هێرشە سەربازییەکەی دوو هەفتە لەمەوبەری ئازەربایجان کە بووە هۆی داماڵینی چەک لە هێزە جوداخوازەکانی ئەرمەنستان لە قەرەباخ، ئەرمەنییەکان لە ترسی توندوتیژی و دیارنەبوونی ژیان و داهاتوویان ماڵەکانیان لەو ناوچەیە بەجێدەهێڵن.

هاوکات باڵیۆزی ئازەربایجان لە بریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە 28ی مانگی نۆ ڕایگەیاند و گوتی باکۆ خوازیاری کۆچی بەکۆمەڵی ئەرمەنییەکان لە ناگۆرنۆ قەرەباخ نییە و هانی هیچ کەسێک نادات کە ئەو ناوچەیە بەجێبهێڵێت.

ئاژانسی هەواڵی ریای ڕووسی(RIA) بڵاویکردوەتەوە کە تا سەرەتای نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە زیاتر لە 70 هەزار کەس لە ناگۆرنۆ قەرەباخەوە بەرەو ئەرمینیا هەڵاتوون. پێشتر ژمارەی ئەو ئەرمەنیانەی لەو ناوچەیەدا دەژیان، بە نزیکەی 120 هەزار کەس مەزەندە دەکرا.

زۆرێک لەو کەسانەی کە ئەو ناوچەیە بەجێدەهێڵن، ڕایانگەیاندووە کە ترسیان لە پاکتاوی نەتەوەیی هەیە لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئازەربایجانەوە.

هەندێک لە ڕەخنەگران ڕایانگەیاندووە کە ئەو کۆچکردنە بەکۆمەڵە ئەوە نیشان دەدات کە زۆرێک لە ئەرمەنییەکانی ناگۆرنۆ-قەرەباخ چەندە بێمتمانەیان بە بەڵێنەکانی ئازەربایجان هەیە.

ڕەخنەگران دەڵێن کۆچکردنی بەکۆمەڵی ئەرمەنییەکان لە خاکی خۆیان، هەمان ئەو شتەیە کە باکۆ دەیەوێت، چونکە ئەوە وا دەکات باکۆ بە ئاسانی ناوچەکە بە خەڵکی ئازەربایجانی پڕ بکاتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئێلین سلێمانۆف، باڵیۆزی ئازەربایجان لە لەندەن ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی هێشتا دەرفەتی ئەوەی نەبووە کە پابەندبوونی ڕاستەقینەی خۆی بسەلمێنێت بۆ دابینکردنی بارودۆخی ژیانی سەلامەت و باشتر بۆ ئەرمەنییەکان.

ناوبراو بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، داوای لە ئەرمەنییەکان کرد لە قەرەباخ بمێننەوە و بەشێک بن لە کۆماری ئازەربایجانی فرە نەتەوەیی.

باکۆ دوای چەند مانگێک لە داخستنی ڕێگای قەرەباخ بۆ ئەرمینیا بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کۆنترۆڵی ئەو ناوچەیەی گرتە دەست. جوداخوازە ئەرمەنییەکانی ناوچەکە نزیکەی سێ دەیە بەرەنگاری ئەوە ببونەوە کە ناوچەکە بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئازەربایجانەوە.

بەکارهێنانی هێز لە لایەن ئازەربایجانەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەرەباخ نیگەرانی هەندێ کەسی لە ئەرمەنستان لێکەوتۆتەوە کە ڕەنگە ئەو وڵاتە هێز بەکاربهێنێت بۆ دروستکردنی ڕێڕەوێکی وشکانی لە ڕێگەی خاکی ئەرمەنستانەوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی خۆسەری نەخچیڤانەوە بکات و شەڕێکی دیکە دەستپێبکات.

یاسادانەرانی ئەمەریکا نیگەرانییەکی زۆریان لە کارەکانی کۆماری ئازەربایجان لە قەرەباخ دەربڕیوە و لە ئەوروپا و کەنەدا و ئەمەریکا داواکاری بۆ سزا خستنەسەر باکۆ هەیە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز