هەنگاو: لەماوەی نۆ مانگدا، 902 کورد لە ئێران دەستبەسەرکراون

ب

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە تویتەری فەرمی خۆی ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی لە سەرەتای ساڵی 2023وە تاکو ئیستا لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، ڕادەگەیەنێت و دەڵیت ناسنامەی 1700 کەسیانی پشتڕاست کراوەتەوە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی هەنگاو، لەو ژمارەیەی دەستبەسەرکراون، 902 کەسیان کوردن و 302 کەسی دیکەشیان خەڵکی بەلووچن.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و چالاکوانانی بەلووچ دەڵێن هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینی لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بەرامبەر بە نەتەوەکانی ئێران و کەمایەتییە ئایینەکانی ئەو وڵاتە بە تەواوی پلان بۆ داڕێژراوە.

چالاکوانانی کورد دەڵێن کوشتنی خەڵکی سڤیل و کۆڵبەر، دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی چالاکوانانی کورد، پاکنەکردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکان لە کوردستان و چاندنی مینی نوێ، تەرخاننەکردنی پارەی پێویست بۆ شارە کوردنشینەکان، ڕێگریکردن لە خوێندن بە زمانی دایکی، وێرانکردن و تاڵانکردنی شوێنەوارە دێرینەکانی کورد، پەرەپێدانی ماددەی هۆشبەر لەلایەن کەسانی سەر بە سوپای پاسداران لە نێو گەنجانی کورد، سووتاندنی دارستانەکان و لەسێدارەدانی چالاکانی کورد تەنها بەشێکن لەو هەڵاواردنانەی ڕووبەڕووی کوردانی ئێران دەبێتەوە.

ئامارێکی دیاریکراو سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی چالاکی سیاسی و ئایینییەوە لە ئێران لە سێدارە دەدرێن، بەردەست نییە، بەڵام بە گوێرەی قسەی چاودێرانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ژمارەی لەسێدارەدراوانی زیندانیانی ئایینی و سیاسی لە بەلوچستان و کوردستان زۆر زیاترە لە چاو پارچەکانی دیکەی وڵاتی ئێران.

چەند مانگ پێش ئیستا نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئیڕان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پێشێلکارییە مرۆییەکانی ئێران دوای خۆپیشاندانەکانی ژینا بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە زیاتر لە نیوەی کۆی ژمارەی کوژراونی ناڕەزایەتییەکانی ژینا خەڵکی بەلووچ و کوردەکان بوون.


ڕاپۆرتەکە نووسیبووی سەرکوتکارییەکان و پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە شارەکانی کوردستانی ئێران بە تایبەتی ناوچەکانی باشووری پارێزگای ئازەربایجان غەربی، پارێزگای کوردستان و پارێزگای کرماشان زۆر تووندتر بووە و لانیکەم 125 خۆپیشاندەری کورد کە 13یان منداڵ و 8یان ژن بوون، بەدەستی هێزە ئەمنییەکان کۆژراون.