تەقینەوەیەکی خۆکوژی لەبەردەم وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دوو ئەفسەری پۆلیس بریندار دەکات

وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕوودانی هێرشێکی "تیرۆریستی" لە بەردەم باڵەخانەی وەزارەتەکان لە ئەنکەرە و لە نزیک پەرلەمانی وڵاتەکە ڕاگەیاند و دەڵێت یەکێک لە ئەنجامدەرانی تەقینەوەکە لە ڕووداوەکەدا کوژراوە و یەکێکی دیکەش بە دەستی ئەفسەرەکانی پۆلیس کوژراوە. هەروەها ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا دوو پۆلیسی ئاسایش بریندار بوون.

عەلی یەرلی کایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە، ڕۆژی یەکشەممە،1ی مانگی دە لە دەوروبەری کاتژمێر 9:30ی بەیانی بەکاتی ناوخۆی تورکیا "دوو تیرۆریست ئۆتۆمبێلێکی بازرگانی بچووکیان لەبەردەم بارەگای پۆلیسی ئەنکەرە تەقاندووەتەوە و یەکێکیان خۆی تەقاندووەتەوە و تیرۆریستەکەی دیکەش کوژراوە."

بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، تەقینەوەکە چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی خولی پاییزی پەرلەمان، لە کۆتایی پشووی هاوینەی سێ مانگە ڕوویداوە. بڕیار بوو پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە وتارەکەی ئەم خولەی پەرلەمان بکاتەوە.

شوێنی تەقینەوەکە دوور نییە لە دەرگای چوونە ژوورەوەی بینای وەزارەتی ناوخۆ.

دوو ئەندامی پۆلیس بریندار بوون و وەزیری ناوخۆش برینەکانیانی بە سووک وەسف کرد. هەردووکیان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی تەقینەوەکەوە دوو ئەفسەری پۆلیس بە سوکی برینداربوون.

دوابەدوای ئەو تەقینەوەیە، پۆلیسی ئەنکەرە بە دانانی ڕێوشوێنی ئەمنی بۆ چەند کاتژمێرێک ڕێگری لە هاتنی ئۆتۆمبێل بۆ ناوەندی شارەکە کرد و هێزە ئەمنییەکانیش لە دەوروبەری پەرلەمان و باڵەخانە حکومییەکانی دیکە جێگیرکران.

لە هەندێک وێنەدا کە لە تەلەفزیۆنی تورکیا پەخش کراوە، جگە لەو سەرباز و ئەمبولانس و ئاگرکوژێنەوانەی کە ڕۆیشتوونەتە شوێنەکەوە، موشەک هەڵگر و سەربازانی زرێپۆشیش بینراون.

تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە. داواکاری گشتی ئەنکەرە ڕۆژی یەکشەممە، 1ی مانگی دە دەستی بە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە کردوە. یڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاندوە کە لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە سەبارەت بە ڕووداوەکە بەردەوام دەبێت.