گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ستیفان دوجاریک ڕۆژی دووشەممە بەیاننامەیەکی لەسەر هێرشە خۆکوژییەکەی ئانکەرە و هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق بڵاو کردەوە.
دوجاریک ڕایگەیاند " سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی هێرشە خۆکوژییەکەی ئانکەرە دەکات."
بەڵام دەشڵێت "ڕاپۆرتی هێرشه ئاسمانییەکانی تورکیاشمان له باکووری عێراق بینیوە کە پەکەکەی کردووەتە ئامانج، کە بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ئانکەرەی گرتووەتە ئەستۆ."
دەشڵێت " سکرتێری گشتی داواکاری خۆی بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دووپاتدەکاتەوە دووربکەونەوە لە مەترسییەکانی پەرەسەندنی ناوکۆکییەکان، بەپێی پرنسیپەکانی سەروەری و یەکپارچەیی خاک."
دوجاریک دەشڵێت ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان " دووپاتی کردەوە کە نیگەرانییە ئاسایشییەکان تەنها لە ڕێگەی گفتوگۆی بنیاتنەرەوە دەتوانرێت چارەسەر بکرێن، بەپێی بنەماکانی پەیوەندییە باشەکانی دراوسێیەتی و بەرژەوەندییە ئاسایشییە هاوبەشەکان."
ڕۆژی دووشەممە تورکیا ڕایگەیاند هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئامانجەکانی پەکەکە لە ناو خاکی عێراق و چەندین گومانلێکراوی لە ئەستەنبوڵ دەستبەسەرکردووە، ئەمەش چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی پەکەکە بەرپرسیارێتی هێرشە خۆکوژییەکەی بەردەم بارەگای وەزارەتی ناوخۆی تورکیای لە ئەنکەرە ڕاگەیاند.