گەڕێکی تری ململانێی بەهێز لە نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر یاسای نەوت و غاز دەستپێدەکات

سێ سەرکردەی باڵای عێراق، هەرێمی کوردستانییان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی تا ئەوکاتەی یاسای نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تێدەپەڕێنرێت و پەسەند دەکرێت، دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان سەقامگیر نابێت.

سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"نوری مالکی، هادی عامری و عەمار حەکیم، بە وەفدی حکومەتی هەرێمییان وتووە، کێشە داراییەکانی هەرێم چارەسەر دەبێت گەر یاسای نەوت و غاز دەربچێنرێت."

ڕۆژی 14/9، وەفدی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بۆ گفتووگۆکردن لە سەر دۆخی دارایی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد، لەگەڵ بەشێکی زۆر لە سەرکردەی لایەنە عێراقییەکان کۆبوونەوە.

سەرچاوەکەی حکومەت، دەڵێت،"لایەنە عێراقییەکان دەیانەوێت یاسای نەوت و غاز بەجۆرێک پەسەند بکرێت، دەسەڵاتە نەوتییەکانی هەرێم لاواز و هی عێراق بەهێز بکەن."

وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، دوو پرۆژە یاسای نەوت و غازیان ئامادەکردووە، پرۆژە یاساکەی وەزارەتی نەوتی عێراق گوزارشت لە تێڕوانینی عێراق بۆ ئایندەی نەوت و غاز و ئەوەی هەرێمیش گوزارشت لە تێڕوانینی هەرێم دەکات.

بڕیارە وەزارەتی نەوتی عێراق و هەرێم، گفتووگۆ لەسەر پرۆژە یاساکانیان بکەن، تا بگەنە ڕێککەوتن لەسەر پرۆژە یاسایەک کە ڕای هەردوولایانی لەسەر بێت، بۆیە چەند کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئامادەبوونی پارێزگاری ئەو پارێزگایانەی دەوڵەمەندن بە سامانی سروشتی ئەنجامدراوە.

قوڵبوونەوەی قەیرانی دارایی هەرێم و سەردانی وەفدی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا، گفتووگۆی نێوان وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی لەسەر پرۆژە یاسای نەوت و غاز بەشێوەی کاتی ڕاگرتووە، بەڵام بڕیارە گفتووگۆکان دەست پێبکرێنەوە.

دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پرۆژە یاسای نەوت و غاز، یەکێک دەبێت لەو پرۆژانەی مشتومڕی زۆر لەسەر دەبێت لە نێو پەرلەمانی عێراق، بەتایبەت بڕیاربوو پرۆژەکە لە خولەکانی پێشوو تێپەڕێنرایە،بەڵام ئێستا شیاع سودانی کار لەسەر دەرچوواندنی دەکات."

هەروەها وتیشی،"یاسای نەوت و غاز، دەبێت ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکانی لەسەر بێت، چونکە هەریەکەو سەرنجی خۆی هەیە."

لە مانگی 3 ی ئەمساڵەوە و بەهۆی بردنەوەی عێراق لە تورکیا لەو سکاڵا یاساییەی لەدادگای ناوبژیوانی پاریس تۆماریکردبوو، ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە. هەرێم دەیەوێت لە ڕێگەی یاسای نەوت و غازەوە، بەشێک لەو دەسەڵاتانە بەدەست بهێنێتەوە، کە بەهۆی بڕیارەکەی ژووری پاریسی دادگای ناوبژیوانییەوە لەدەستیداون.

محەمەد حسێن، توێژەر لە بواری نەوت و وزە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەرێم دەیەوێت یاسای نەوت و غاز بە جۆرێک دەربچێنرێت، بڕێکی زۆر لەو دەسەڵاتانەی هەیەتی لەبواری وزە بیهێڵێتەوە. بەتایبەت دەسەڵاتی گرێبەست کردن لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و دەسەڵاتی ئیدارەدانی کێڵگە نەوتییەکان، واتە هەرێم جۆرێک لە شەراکەتی دەوێت لە فرۆشتنی نەوتدا."

ئەو وتیشی،"لایەنی عێراقیش دەیەوێت یاسای نەوت و غاز بە ڕۆحیەتی ناوەندگەرێتی توندەوە تێپەڕێنرێت، بەشی زۆری دەسەڵاتەکانی نەوت بەیاسا لەهەرێم وەربگرێتەوە."

جیاواز لە ململانێی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر مەسەلەی پرۆژە یاسای نەوت و غاز، ئەو پارێزگایانەی عێراقیش کە خاوەنی نەوت و سامانی سروشتین، دەیانەوێت یاسای نەوت و غاز بەجۆرێک تێپەڕێنرێ، زۆرترین دەستکەوت بۆ پارێزگاکانیان دەستەبەربکەن، بۆیە چاوەڕوانی مشتومڕی توند لەسەر پرۆژە یاساکە دەکرێت.

Your browser doesn’t support HTML5

nawt.mp3