دادگای فیدراڵی عێراق لە 24 ی مانگی نۆ بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای هەموارکراوی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، کە یەکێک لە بڕگەکانی تایبەت بوو بە درێژکردنەوەی کاری ئەنجومەنەکان. بەم بڕیارە ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی پەرلەمانی هەرێم هەڵوەشایەوە و وەک دەوترێت دەسەڵاتی چاودێریکردن لە هەرێم نەما.
دەپرسین کاریگەرییەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەسەر هەرێم چی دەبن؟
پاش هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجومەنانە، حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکان کێ چاودێر دەبێت بەسەریانەوە؟
ئایا دۆخەکە گونجاوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ، کاریگەرییەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم تاوتوێ کرا بە میوانداری بەڕێزان:
دکتۆر عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر.
بەرزان شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
فەهیم عەبدوڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک.
دکتۆر سەعید کاکەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی کۆمسیارانی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
Your browser doesn’t support HTML5
دکتۆر عەلی ڕەشید:
"ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵکو دادگای فیدراڵی بڕیاری بە نادەستوری بوونی هەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانی دا کە پەرلەمانی هەرێم هەمواری کرد، بەپێی بڕیارەکەی دادگا یاساکە پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسییە ئەمەش واتای پێچەوانەی دەستورە، کەواتە ئەنجومەنەکان دەکەونە بۆشایی یاساییەوە، بۆیە ئەگەر ئێستا بوترێت ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵوەشاونەتەوە ئەوا نادروستە، بەڵکو لە بۆشایی یاسایداین، ئەنجومەنەکان ماوین، هەر وەک ئەوەی لە ساڵی 2018 هەتا ساڵی 2019 بەهۆی کۆتایی هاتنی ماوەی ئەنجومەنەکان کەوتینە بۆشایی یاسایی، بەڵام دواتر پەرلەمان یاساکەی هەموار کرد.
"ئێستا ئێمە ناتوانین کۆببینەوە و چاودێری بکەین، چونکە کەوتوینەتە بۆشایی یاسایی، بۆیە ئێستا چاوەڕێیی ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕێزین ڕێنماییمان بۆ دەربکات."
"چاوەڕێی لائیحەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵین، دواتر بەپێی یاسا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مافی دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەیە، بە دیاریکردنی ئەو ڕۆژە دەبێتە کۆتایی کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بەڵام بەپێی ڕێنمایی دەستبکەینەوە کار، تەنها بە خستنەگەڕی یاساکە کە ئەویش لە پەرلەمانی هەرێم دەکرێت، تەنانەت ئێستا وەک ئیلتیزاماتێکی ئیداری دەچینە ئەنجومەن تەنها بۆ کاروباری ئیداری نەک کۆبوونەوە و چاودێری."
"ئێستا چەندین پۆست بە وەکالەت هەن لە پارێزگای هەولێر کە دەبوو لە ئەنجومەنی پارێزگا ئەو پۆستانە دابنرێن، بەداخەوە ئێستا دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ناتوانین. پانزە لیژنەی ناو ئەنجومەنمان هەبوو کە بەدواداچونیان بۆ کاروباری هاوڵاتیان دەکرد و چاودێرییان دەکرد، بەداخەوە ئەوەش ناتوانین بکەین، لە بۆشاییەکی گەورەی چاودێریداین."
"ئەوەی دەمەوێت بیڵێم، ئەوەیە کە ئێمە با هەڵبژاردن یان لەکاتی خۆیدا دوای چوار ساڵەکە بڵێین، یان بە یاسا بیکەینە شەش ساڵ جارێک یان هەشت ساڵ، ناکرێت هەموو هەڵبژاردنێک دوابخەین، بەڵام کاتی هەمواری ئەم یاسایە نوێنەرانی نەوەی نوێ ئەو کات لە پەرلەمان بوون ئەو کات ئەگەر دەنگیشییان پێنەداوە دەکرا دەنگ هێڵبڕن و لەو کاتەدا سکاڵا تۆمار بکەن نەک دوای چوار ساڵ ئێستا پێیان وایە بەو کارانە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدەن، بۆیە ئەمە بڕیارە بە تەواوی سیاسییە و بەرگی دەستوری بەبەردا کراوە."
"ئەم بڕیارە نەدەسکەوتە نە شکست، بەڵام گرنگە بۆ ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتییان کە ڕۆژانە چەندین هاووڵاتی دێن بۆ کێشەی بۆ نمونە موەلیدە یان شەقام یان هەر خزمەتگوزارییەک ڕوو لە ئەنجومەن دەکەن."
"ئێمە وەک سەرۆکی سێ ئەنجومەنەکە بە تیلفۆن قسەمان لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کرد هەتا لەو ڕێگایەوە داواکاری ئێمە بگەیەنێت بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە بەپێی یاسا دەسەڵاتی دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەیە، هەتا ئەگەر بکرێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاڕێزگاکان لەگەڵ پەرلەمانی هەرێم لە ڕۆژی 25ی مانگی دووی ساڵی 2024 ئەنجام بدرێت، ئەمەش زۆر گونجاوە چونکە پێویست بە دوو جار بانگەشە ناکات وە هاووڵاتی یەکجار دوو دەنگ بدات بە پەرلەمان و بە ئەنجومەنی پارێزگاکان."
بەرزان شێخ محەمەد:
"زیاندمەندی یەکەم لەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی هاووڵاتیانن، چونکە ئەنجومەنی پارێزگاکان شوێنی خزمەتگوزارییە نەک دیاریکردنی سیستمی سیاسی، ڕۆژانە گرفتی هاووڵاتیانی گوندەکان و شارەکانمان چارەسەر دەکرد لە ڕێگای پەیوەندیکردن بە مدیر ناحیە و پارێزگا و شارەوانی و هەر لایەک، بەداخەوە ئەو برادەرانەی سکاڵاکەیان تۆمار کردووە خۆی لە سلێمانیە و پڕۆژەی چاڤیلاندی هەیە، لە 2014 ئەنجومەنی پارێزگا لیژنەی ناردە سەر پڕۆژەکانی لەسەر زیادەڕەوی و نایاسایی، ئێمە خۆ دەسەڵاتمان نەبوو جگە لە خزمەتکردنی خەڵک بەداخەوە ئەو برادەرانە ئەم بابەتەیان وەک بابەتێکی (پۆپۆلیست) کردە بانگەشەی سیاسی خۆیان، خۆ هەر هاووڵاتی هەرێمی کوردستانە ئەو پشکەکانی خواردوون، وە پڕۆژەیەکی بەبەلاش وەرگرتووە سەرەڕای ئەوەش هاتووە زیادەڕەوی کردووە بێ لە سەد مەترییەکە بیست هەزار مەتریشی زیادەڕەوی تێداکردووە، ئاخر ئیتر یاسا بەمە سەروەر و جێ بەجێدەکرێت؟!"
"من پێم خۆشە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەگەڵ پەرلەمان ئەنجام بدرێت، من پێمخۆشبوو ٢٠١٨ بکرێت ، با بکرێتە نەریت کە هەڵبژاردن ئیتر لەکاتی خۆیدا بکرێت، ئێستاش باشترە لەگەڵ پەرلەمانی هەرێم بکرێت و دۆخەکەش لەبارە زۆر لەبارە ئەگەر بیانەوّت هەڵبژاردن بکرێت دەبێتە یەک خەرجیش لەسەر حکومەت
فەهیم عەبدوڵا:
"ئەم بڕیارە زیاتر خەڵک لێی زیانمەندبوون، چونکە ڕۆژانە بۆ کاروبار و کێشەکان خەڵک دەهاتنە بەردەم دەرگای هەر سێ ئەنجومەنەکە ئێمە لە ڕێگای خۆمانەوە کێشەکانمان دەگەیاندن بە لایەنی پەیوەندیدار و چارسەر دەبوون، بەڵام ئێستا بە سیفەتی ئەنجومەنی پارێزگا ناتوانین هیچ کارێک ئەنجام بدەین بۆ خەڵک و کێشەیان چارەسەر بکەین، مەگەر تەنها بە پەیوەندی کەسی و ناسیاوی کە نۆ ساڵە لەو پۆستەداین، دوای ئەوە گوندە دوورە دەستەکانیش زیانمەندبوون کە پێویستییان بە ڕێگا و خزمەتگوزاری بوو ئێمە لای خۆمانەوە بەلایەنی پەیوەندیدارمان دەوت ئەوەش ناتوانین بکەین."
"ئێستا لە مەیدانە دەسەڵاتی چاودەریکردن بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە نەماوە، ئەوە پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران، مەگەر دەسەڵاتی چوارەم یان داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکی ئەویش ئەوەی هەتا چەند دەتوانن بەو ئەرکە هەڵبستن."
"وشەیەکی حەق هەیە کە دەبێت بڵێین(کلمە الحق یراد الباطل) هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمان لایەنێکی ئیجابیشی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت ئیتر ئێمە وەک هەرێمی کوردستان پابەندی کاتی هەڵبژاردن بین و لەکاتی خۆیدا بەپێی یاسا کە دیاریکراوە هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدەین، بۆیە مادام لە یاسا لامانداوە دەبێت ئەو لایەنە ئیجابیە ببینین، بەداخەوە بووەتە عورف کە هەر چوار خولەکەی پەرلەمان و دوو خولی ئەنجومەنی پارێزگاکان درێژکراونەتەوە، ئەوە هەر باسی سەندیکا و کۆمەڵەکان ناکەم کە هی وەهایان هەیە بیست ساڵە یەک هەڵبژاردنی نەکردووە."
"هەرچەندە ئەوە کاری کۆمسیۆنە کە دەتوانن ئەو دوو هەڵبژاردنە(پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان) بەیەکەوە بکەن، بەڵام ئەگەر پێکەوە بکرێن ئەوە کارێکی ئێجگار ئێجگار گەورە و باشە."
د.سەعید کاکەیی:
ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی تەواو دەستورییە، چونکە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا دژی بنەماکانی دیموکراسییە، لانی کەم ئەم ئەنجومەنە دەبوو لەکاتی خۆیدا لەدوای تەواوبوونی چوار ساڵەکە خۆی خۆی هەڵبوەشاندایەوە، بەڵام بەداخەوە چونکە لەژێر هەژمونی حزبیدان نەیانتوانی ئەم کارە بکەن، لە ٥٠%ی خەتاکە دەکەوێتە سەر ئەنجومەنەکە، چونکە کاتێک بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی کارییان دا دەبوو خۆیان خۆیان هەڵبوەشاندایەوە، ئەگەر وایان بکردایە ئەوکات ڕێز و شکۆیان لای هاوڵاتییان زیاتر دەبوو هاوڵاتییان بەچاوێکی ترەوە سەیری دەکردن، هاوڵاتیش دەبوو بهاتایە سەرشەقام ئەوەیان قبوڵ نەکردایە و پێشێلی یاسا بکرێت ماوەی ئەو ئەنجەمەنانە درێژ بکرێنەوە.
ئەوەی ئێستا شەرعیەتی چاودێریکردنی هەبێت بەسەر ئەم دەسەڵاتە کاربەڕێکەرەی کە هەیە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقن، ئەوە بڕیاری ئیشی ئەوانە، ئەی ئەو موچە قەبانە بۆچی وەردەگرن لە ئێستادا کاری پەرلەمانتانی عێراقە چاودێری دەسەڵاتە کاربەڕێکەرەکانی هەرێم بکەن.
من لە خۆشەویستی بەو سێ سەرۆک ئەنجومەنی پارێزگایە دەڵێم، داواکەیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەگەڵ هی پەرلەمان داواکەیان نایاساییە، چونکە ئەو ئەنجومەنە کۆتایی بەکارەکەیان هاتووە، من زانیاریم هەیە هەمان لایەنی سکاڵاکار دەیانەوێت لە دادگا سکاڵا لەسەر ئەو سێ سەرۆک ئەنجومەنە تۆمار بکەن لەسەر ئەو داوایە بە(انتحال الشخصیە- واتە کەسێک نیت و پلەیەکت نیە بەڵام کارێک دەکەیت، واتە ئێستا ئەوان ئەندام و سەرۆک ئەنجومەنی پارێزگا نەماون ناتوانن بەو سیفەتە هیچ داوایەک بکەن، ئێستا باشترین چارەسەر ئەوەیە کە ئەو ئەنجومەنانە خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چارەی یاسایی بۆ خۆیان بدۆزنەوە تا پەلکێشی دادگا نەکرێن و سزای جەزائی نەدرێن، چونکە هەمان ئەو لایەنەی ئەو بارودۆخە یاساییەی بەسەردا فەرز کردن ئێستا بەنیازن ئەوەتان لەگەڵ بکەن( بەنیازی سکاڵا تۆمار کردنن لەسەرییان و پەلکێشی دادگاتان بکەن)، ئاگاداربن!