بە پێی ڕاپرسییەکان پشتیوانییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا لە کەمبوونەوەدایە

بەپێی ڕاپرسییەکی نوێی ئاژانسی ڕۆیتەرز/ئیپسۆس، پشتیوانییە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا لە کەمبوونەوەدایە، ئەمەش هۆشدارییەکە بۆ کیێڤ، کە تا ئەندازەیەکی زۆر پشت بە چەکی ئەمەریکا دەبەستێت لە دژی هێرشەکانی ڕووسیا.

ڕاپرسیەکە دەڵێت تەنیا لەسەدا 41ی بەشداربووان هاوڕان لەگەڵ ئەو لێدوانەی کە واشنتن دەڵێت "پێویستە چەک بۆ ئۆکرانیا دابین بکرێت" لە کاتێکدا 35%ی بەشداربووان هاوڕا نین و ئەوانی دیکەش دڵنیا نین.

پشتگیرییەکانی ئەمەریکا لە مانگی پێنجەوە کەمیان کردووە، لە کاتێکدا ڕاپرسییەکەی ئاژانسی ڕۆیتەرز/ئیپسۆس دەریخستووە کە لەسەدا 46ی ئەمەریکیایەکان پشتگیری لە ناردنی ئەو چەکانە دەکەن، لەکاتێکدا لەسەدا 29یان دژی بوون و ئەوانی دیکەش دڵنیا نەبوون.

ئەم ڕاپرسییە لە کاتێکدایە کە سەرکردەکانی کۆنگرێس مشتومڕ لەسەر داوای جۆو بایدن دەکەن بۆ دابینکردنی 24 ملیار دۆلار هاوکاری زیادە بۆ ئۆکرانیا، کە نزیکەی 17 ملیار دۆلار هاوکاری بەرگرییە.

واشنتن بە بڕی 44 ملیار دۆلار دەیان تانک و هەزاران موشەک و ملیۆنان گولە تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا دابینکردووە کە بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەکاریهێناوە لە دوای هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتەکە، هێزەکانی ئۆکرانیا لە هێرشی بەرپەرچدانەوەدا زنجیرەیەک گوند و شوێنیان کۆنترۆڵکردووەتەوە، بەڵام بەهۆی کێڵگە بەرفراوانەکانی بە مین چینراون و خەندەقەکانی ڕووسیا، ئاستەنگ و کۆسپی زۆریان بۆ دروست بووە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز