ناکۆکی نێوان خەنجەر و حەلبوسی، خەریکە چارەنوسی عەرەبی سوننەش بەدەردی کورد دەبات

وەکچۆن ناکۆکی نێوماڵی کوردی گرتەوەو پارتی و یەکێتی بەجیا چوونە هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، ناکۆکی نێو ماڵی عەرەبی سوننەشی تەنیووە، بەتایبەت بارگرژی نێوان خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبوسی، خەریکە ڕیزەکانی عەرەبی سوننە بەتەواوەتی پەرت دەکات.

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانێتی پێشکەوتن و خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانێتی عەزم، دوو سەرکردەی دیاری عەرەبی سوننەن و لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، پێکەوە هاوپەیمانێتی سەروەرییان پێکهێناو بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنیان کرد.

ناکۆکی نێوان حەلبوسی و خەنجەر گەیشتووەتە ئاستێک، پێشبینی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتییەکەیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە مانگی 12 ی ئەمساڵ دەکرێت.

مەحمود زەیدان، کەسایەتی سیاسی عەرەبی سوننەو ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هۆکاری کێشەی نێوان خەنجەر و حەلبوسی ڕوون نییە، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان، هەر لایەک بەدوای بەرژەوەندی و ئەنجامی باشەوەیە."

ناکۆکی نێو ماڵی عەرەبی سوننە گەیشتووەتە ئاستێک، پێشبینی دابڕانی یەکجاری خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبوسی و نزیکبوونەوەی لایەکییان لە نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا دەکرێت، هەرچەندە هێشتا ڕاگەیەنراوی فەرمییان لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

مەحمود زەیدان، دەڵێت،"سیاسەت هێڵی سوری تێدا نییە و هەموو ئەگەرێک چاوەڕوانکراوە، هاوپەیمانێتی نێوان پێکهاتەکانیش ئەستەم نییە."

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، قەیس خەز عەلی سەرۆکی عەسایبی ئەهلی حەق و هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح، هاوپەیمانێتییەکی نوێیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ڕاگەیاند، گروپەکانی حەشدی شەعبی بەشێکن لەم هاوپەیمانێتییە.

هاوپەیمانێتییەکەی خەز عەلی و هادی عامری و کۆکردنەوەی گروپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لەکاتێکدایە، دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی، یەکێکە لە لایەنە بەهێزەکانی شیعەو لە دەرەوەی هاوپەیمانێتییەکەیە، کە پێشتر پێکەوە ڕکابەرێتی ڕەوتی سەدریان دەکرد.

مانەوەی دەوڵەتی یاسا لە دەرەوەی هاوپەیمانێتی گروپەکانی حەشدی شەعبی وایکردووە، هەندێک لە چاودێران پێشبینی گەڕانی مالکی بەدوای هاوپەیمانی نوێدا بکەن، بە تایبەت هەوڵی سودوەرگرتن لە ناکۆکی نێو ماڵی سوننەو نزیکبوونەوە لە یەکێک لە بەرەکانی عەرەبی سوننە وەربگرێت.

سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانێتی نێوان مالکی و سەرکردەکانی سوننە بە تایبەت خەمیس خەنجەرو محەمەد حەلبوسی بەدوور دەزانێت.

سەعد مەتڵەبی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر ڕکابەری یەکترین لە نێو عەرەبی سوننەدا، ململانێیانە لەسەر سەرکردایەتیکردنی عەرەبی سوننە، ئەمەش حاڵەتێکی سروشتییە."

پێشتریش خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبوسی ناکۆک و ڕکابەری یەکتری بوون، بەڵام کاتێک بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2021 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاوپەیمانێتییان پێکهێنا، هۆکاری بۆ دەستوەردانی وڵاتانی عەرەبی و تورکیا بۆ یەکخستنیان گێڕدرایەوە.

مەتڵەبی وتیشی،"حەلبوسی و خەنجەر، پەیوەندی نێودەوڵەتییان هەیە، نزیکن لە وڵاتانی کەنداوەوەو پاڵپشتیش دەکرێن، بەڵام ئەوان ناکۆکن لەسەر ئەوەی کامیان سەرکردایەتی سوننە بکەن."

قوڵبوونەوەی درزی ناکۆکی نێوان خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبوسی لە کاتێکدایە، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی بەهۆکاری تێکچوونی یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان دادەنرێت، هەر ئەمەش بەهۆکارێکی لاوازبوونی پێگەی کورد لەبەغدا دادەنرێت.

ناکۆکی تەنها نێو ماڵی کورد و سوننەشی نەگرتووەتەوە، بەڵکو دوای ململانێییەکی بەهێزی نێوان ڕەوتی سەدر و لایەنە شیعەکان، کە دوورکەوتنەوەی سەدری لە گۆڕەپانەکە لێکەوتەوە، پێشبینی دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ململانێی بەهێز لە نێوان ئەو لایەنە شیعانەشدا ڕووبدات، کە پێشتر پێکەوە ڕکابەری ڕەوتی سەدریان دەکرد.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر